عبدالله په‌شێو1
پۆسته
شیعر بۆ من
عه‌شق و چاره‌نووسه ، نه‌ک پیشه .
میحرابه ، نه‌ک بازار .
نانبڕه ، نه‌ک نانده‌ر .
شیعر خاچێکی قورس بوو چاره‌نووس دای به
کۆڵی خۆم و ئه‌و که‌سانه‌شدا که لێمه‌وه نێزیکن .
تاکه خه‌ڵاتێک که له ئه‌نجامی نووسیندا ده‌ستم
که‌وتووه ، خۆشه‌ویستییه. تاکه ترسی عومریشم ، که
چرکه به چرکه‌و هه‌نگاو به هه‌نگاو له‌گه‌ڵمدایه ، له ده‌ستانی ئه‌و خه‌ڵاته‌یه.
زۆر جار که نامه‌ی ئازیزان ده‌خوێنمه‌وه ، یا کاتێ ،
له کۆڕێکی شیعر خوێندنه‌وه‌دا ، به زمانی ئاگرو گوڵ
له‌گه‌ڵ یه‌کتردا ده‌دوێین ، شه‌رم دامده‌گرێ و
ده‌شڵه‌ژێم . وا ده‌زانم ئه‌وه‌ی له‌وانی وه‌رده‌گرم زۆر
زێتره له‌وه‌ی پێیانی ده‌به‌خشم ، هه‌ر واشه !
بۆیێ له‌گه‌ڵ هه‌موو کوێره‌وه‌ری و
نه‌هامه‌تیه‌کانیشدا ، من به‌خته‌وه‌رم .
..............................
عه‌بدوڵڵا په‌شێو
هێلسنکی – 21/10/2005
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
1. دێوه‌ره و كه‌ر
دێوه‌ره‌یه‌ك به سواری كه‌ر،
ڕێیه‌كی دووری گرته به‌ر .
نه‌یهێڵا كه‌ر بدا بێنێ،
تا ڕێیان كه‌وته بژوێنێ.
كه‌ر كه بینیی وا له‌و ناوه
گیاوگۆڵ سه‌ری پێوه‌ناوه،
مێوانی گه‌وره‌ی سروشته،
نه خێو، نه باری له پشته!
به زه‌ڕه‌زه‌ڕ، به غاره‌غار،
دنیای هه‌موو كرده به‌هار.
له‌پڕ خاوه‌ن كه‌ری زۆرزان
هه‌ستی كرد وا له‌ودیو ته‌لان
هه‌را و هۆریا و ده‌نگه‌ده‌نگه،
ئیتر زانیی كاری له‌نگه!
گوتی: ((كه‌ره گیان، گوێ گره،
ئه‌و ده‌نگه ده‌نگی ڕێگره!
هه‌تا زووه با بارت كه‌م
له ڕێگران ڕزگارت كه‌م))
كه‌ر دایه قاقای پێكه‌نین...
گوتی: ((قوربان، هاوڕێی شیرین!
باره‌كه‌ی من له خۆت بار كه.
هه‌تا زووه خۆت ڕزگار كه.
كه من كه‌ر بم، باره‌به‌ر بم،
كورتان له پشت، هه‌شبه‌سه‌ر بم،
فه‌رقی چییه؟ ده‌رد هه‌ر ده‌رده،
كه‌ری تۆ بم، یا هی جه‌رده!))
1988 ته‌رابلس
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
2. مردن
ئه‌وه‌ی دنیا جێدێڵێ،
سواره و ئه‌سپ تاو ده‌دا،
زینه جێگه‌ی مردنی،
ڕه‌تبردن و گلانی
چۆن بوو، هه‌روا ده‌مێنێ
له‌لای دۆست و دوژمنی.
* * *
مردن! مادام تۆ هه‌ر دێی،
ڕۆژێكی ئاوا وه‌ره،
خۆم بۆ لات به‌ڕێوه بم.
ڕۆژێكی ئاوا وه‌ره،
گڕم دانه‌مركابێ،
سه‌ربه‌رز و به‌پێوه بم!
1982 مۆسكۆ
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
3. نیشتمان
به‌هه‌شت و دۆزه‌خ بۆ من تازه نین.
هاوكات و هاوجێ
ئه‌ویشم دیوه، ئه‌میشم دیوه:
نیشتمانی من، له‌وه‌تی هه‌یه،
به‌هه‌شته و دۆزه‌خ ده‌وری ته‌نیوه!
1995 هێلسنكی
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
4. باڵا
له‌وه‌تی من هه‌م، سه‌رنجم داوه،
ڕێگه‌ی گوڵگوڵیی ته‌خت و به‌خت و كام
به بن كه‌وانه‌ی تاقێكدا ده‌ڕوا
كه نه‌ویتره له خاچی باڵام.
من قه‌ت ده‌سكاریی به‌ژنی خۆم ناكه‌م
هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی سه‌ر ده‌نێمه‌وه.
نه‌مام بووم زریان نه‌یچه‌ماندمه‌وه،
خوایه، به پیری... نه‌چه‌مێمه‌وه!
1999 هێلسنكی
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
5. شپرزه‌یی
ئه‌و ڕۆژه‌ی ژوانمان هه‌یه،
هه‌رچی ده‌ستی بۆ ده‌به‌م:
پیاڵه‌ی چا، كتێب، قه‌ڵه‌م...
هه‌موو گوڵاو ده‌رده‌ده‌ن.
ئه‌و ڕۆژه‌ی ژوانمان هه‌یه،
هێشتا زووه و تۆ دووری،
ئه‌ندامه‌كانی له‌شم نۆبه‌تبڕی لێك ده‌كه‌ن:
چاو – ڕه‌زی له‌شت ده‌ڕنێ،
ده‌ست – به ده‌نگتا هه‌ڵده‌زنێ،
گوێ - نوقمی بۆنت ده‌بێ و
مه‌ودای دووریت ده‌پێوێ...
بریا ده‌تزانی گیانه،
ئه‌و ڕۆژه‌ی ژوانمان هه‌یه،
چۆن سه‌رم لێ ده‌شێوێ!
1979 مۆسكۆ
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
6. خۆڕا عه‌یامێك ...
خۆڕا عه‌یامێك چه‌نه‌ی خۆم شل كرد!
له‌گه‌ڵ تاپۆدا جاڕی جه‌نگم دا و
تیغی مووكاری زمانم كول كرد.
مخابن عومری گوڵم به‌با دا.
مخابن هێنده‌م خه‌نجه‌ر له كا دا.
جێم ئێره نییه:
ئێستا تێده‌گه‌م، بێهووده ماندووم...
من مه‌ته‌ڵێكم،
ئه‌ستێره‌كانی گه‌ردوونێكی تر
دایانپه‌ڕاندووم.
* * *
ئێستا حاڵیم،
ئه‌و گه‌ورانه‌ی له گه‌ڵیاندا شه‌ڕم جاڕ دا
ده‌یان ساڵه
فیرعه‌ونی مۆمیاكراوی... تابووتزێڕن،
گورگی دووپێی نێزیك و دوور
چوارده‌سته‌كی به شاراندا ده‌یانگێڕن.
ئیدی ته‌واو!
نیازم وایه
خه‌نجه‌ره‌كه‌م فڕێ بده‌م...
زرێیه‌كه‌م دابماڵم...
ڕمبه‌كه‌ی خۆم به دیواردا هه‌ڵپه‌سێرم.
ئه‌وان مردوون،
كه‌س به مردوو نه‌وێراوه
هه‌تاكوو من پێی بوێرم!
.................................................
تاپۆ: تارمایی، ڕه‌شانگ، سامۆتك
1998 هێلسنكی
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
7. چاوی تۆ
ئه‌گه‌ر له‌ناو جه‌نگه‌ڵێكی چڕدا ون بم،
ئه‌گه‌ر له‌ناو زه‌ریایه‌كی په‌ركه‌مدارا
كه‌شتیم تووشی گێژه‌نێك بێ و سه‌راوبن بم:
ترسم نییه،
تا چاوی تۆ قیبله‌نما و ڕێبه‌رم بێ.
تا چاوی تۆ نێزیكترین به‌نده‌رم بێ.
* * *
خه‌ڵك گوێ له ڕادیۆ ده‌گرن،
بۆ ئه‌وه‌ی كژ پێشبینی كه‌ن.
منیش، كه ئێواره دادێ،
ته‌ماشای چاوی تۆ ده‌كه‌م:
ده‌زانم، با له‌كوێڕا دێ،
پله‌ی گه‌رما له‌چه‌نده‌وه تا چه‌ند ده‌ڕوا،
باران كام كێڵگه ئاو ده‌دا،
كام دارستان، كام چیا ده‌شوا!
1977 پۆتسدام
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
8. دره‌نگ نییه
(1)
خۆشه‌ویستم!
كه ژووره‌كه‌م جێده‌هێڵیت
تیشكی خۆر له ژووره‌كه‌ما
بوخچه‌ی خۆی ده‌پێچێته‌وه،
میلی سه‌عات
خولی له یاد ده‌چێته‌وه.
كه ژووره‌كه‌م جێده‌هێڵی و له‌لام ده‌ڕۆی،
هه‌ر چوار ده‌ورم، وه‌ك داره‌مه‌یت،
هه‌ستی سڕم ده‌گرێته خۆی.
له په‌نجه‌ره و ده‌رگاكه‌وه
بۆ قوڕگم دێ ده‌ستی زریان.
كتێبخانه‌ی بچكۆڵانه‌م،
دیواره‌كان،
هه‌موو یه‌ك یه‌ك دێنه گریان،
له‌گه‌ڵ مندا دێنه گریان.
(2)
خۆشه‌ویستم!
دنیا سارده... ئاو شه‌خته‌یه...
دڵی ته‌نیام هه‌ڵپه‌یه‌تی
بۆ لێوێكی گه‌رم، گه‌رم،
گه‌رم وه‌كوو پشكۆی په‌تی.
(3)
چ ڕوو ده‌دا با ڕوو بدا!
دڵنیا به، جێم مه‌هێڵه.
باوه‌شی من – به‌هه‌شتێكه،
ده‌تپارێزێ له ڕه‌هێڵه.
جێم مه‌هێڵه...
دره‌نگ نییه...
با نیگای چاو دڵنیابێ،
ئێستا... خۆر‌ت بۆ ڕاده‌گرم،
ناهێڵم وا زوو ئاوابێ!
1971 كوردستان
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
9. ته‌مه‌ن
تا تۆم هه‌بێ، ئه‌زیزم،
من چیم له مانگ و ساڵه؟
هێشتا زه‌ڕنه‌قووته بووم
ڕیشی خه‌مم سپی بوو،
ده‌مگوت شادی مه‌حاڵه
ئێستاش له سای ئه‌ڤینتا،
وا به كۆڵێ ساڵه‌وه
تازه پێڕه‌وكه ده‌بم، ده‌مم پڕ گڕوگاڵه!
1993 ڕووسیا - گوندی تشیریكۆڤه
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
10. مه‌زاد
كێ كڕیاره؟
هه‌رچیم هه‌یه،
هه‌مووی تاڵانفرۆش ده‌كه‌م.
كێ كڕیاره؟
ده‌ی، وه‌رنه پێش!
فه‌رموون: ئه‌مه كالانه‌ی چاو،
بڕبڕه‌ی پشت و كاسه‌سه‌ر،
كڵاوی كه‌ریم خانی زه‌ند،
شیر و زرێی سه‌لاحه‌ددین،
مێژووی لینگه‌وقووچی بێبه‌ر،
یه‌كه یه‌كه،
به‌نده‌كانی په‌یمانی مۆرفینی سیڤه‌ر،
ده‌نده‌كانی نیاندرتاڵی
پیره‌ئه‌شكه‌وتی شانه‌ده‌ر!
* * *
كێ كڕیاره؟
هه‌رچیم هه‌یه،
هه‌مووی تاڵانفرۆش ده‌كه‌م:
سواڵه‌ت و ئاته‌شكه‌ده،
دیوانسه‌رای شاهه‌كانمان
به بنچینه و بنیاده‌وه،
به‌رده‌نووس و نه‌خش و نیگار
به ته‌خت و تاجی ماده‌وه...
مه‌زاد... مه‌زاد...
هه‌رچیم هه‌یه، هه‌مووی مه‌زاد...
به پارچه‌یه‌ك په‌ڕۆی ساده،
كه هه‌ڵبكرێ و بشنێته‌وه
له‌سه‌ر بستێك زه‌ویی ئازاد!
مه‌زاد... مه‌زاد...
هه‌رچیم هه‌یه... هه‌مووی مه‌زاد!
1980 مۆسكۆ
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
11. پێ‌زانین
ده‌ستم گوتیه په‌نجه‌كانم:
((با له مه‌یدان بتانبڕن
به‌ڵام هه‌رگیز نه‌تانكڕن!))
ده‌میشم گوتیه زمانم:
((من به درێژیی تۆ ده‌خوڕم،
مه‌پرینگێوه، بئه‌نگێوه!
سه‌روبه‌ر بكه‌ی ده‌تبڕم.))
* * *
گه‌ڕام، سوڕام به دنیادا…
چه‌ند شار ویستیان،
كچ ئاسایی، بێنه ده‌ستم.
به‌ڵام بووكی دیلی ئاسیا
نه‌یهێشت شایی له‌گه‌ڵ هیچیان داببه‌ستم!
* * *
ڕۆژباش، په‌نجه‌كانم، ڕۆژباش!
سوپاس، په‌نجه‌كانم، سوپاس!
هه‌تا ئه‌مڕۆ
ئێوه چه‌ند جار چوونه مه‌یدان،
درانه به‌ر شیر و تیران،
بریندار بوون، گلانه خوار،
به‌ڵام به دیل قه‌ت نه‌گیران!
ڕۆژباش، زمانه‌كه‌م، ڕۆژباش!
سوپاس، زمانه‌كه‌م، سوپاس!
تا ئێستا چه‌ند جارت به‌زاند
كه‌وشه‌نی پاوانی گه‌وران!
چه‌ند جار به ناو كێرده‌ڵانا ڕچه‌ت شكاند،
كه‌وتیته كه‌مینی ته‌وران!
چه‌ند جار ده‌رزیئاژن كرای،
له خاچی ڕاست و چه‌پ درای!
به‌ڵام… سوپاس…
سوپاس كه تۆ هه‌ر زمانی و
ده‌ستت نه‌دا كارێكی تر.
هه‌ر كلیلی سه‌ری خۆمی و
نه‌چوویته ناو زارێكی تر.
سوپاس كه تۆ،
له‌ناو سه‌نگه‌ری ده‌ممدا،
چه‌كی (نا) ت هه‌ر له‌سه‌رپێیه.
له كاتێكدا ده‌ست بۆ چه‌پڵه و
ده‌میش ته‌نیا بۆ (به‌ڵێ) یه!
1992 هه‌ولێر
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
12. ئاوێته‌بوون
نازانم چۆن ئاوێته‌ت بم؟!
ئه‌گه‌ر به‌هه‌شتی، پێم بڵێ،
تا كڕنووش به‌م بۆ گشت خواكان.
ئه‌گه‌ر دۆزه‌خی، پێم بڵێ،
تا زه‌مین پڕكه‌م له تاوان.
* * *
نازانم چۆن ئاوێته‌ت بم؟!
گه‌ر خاكه‌كی داگیركراوی، پێم بڵێ،
تا پێستم بكه‌م به ئاڵات.
گه‌ر وه‌ك منیش قه‌ره‌جێكی،
سنوورێكم بۆ بكێشه،
بۆ خۆت من بكه به وڵات!
1979 مۆسكۆ
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
13. دووبه‌ره‌كی...
شه‌و له خه‌وما،
ئارامگه‌ی حاجیم دیته‌وه.
چۆكم دادا، سوژده‌م برد بۆی.
گوتم:"حاجی په‌رێشانین!"
سه‌ری كز كرد،
ده‌ستی دانا سه‌ر دڵی خۆی.
گوتی:"مه‌رد به، زیندووم كه‌وه!"
گوتم:"گه‌وره‌م،
من عیسا نیم،
چۆن زیندووت كه‌مه‌وه، بێژه؟"
گوتی:"لێره ده‌رم بێنه،
دووبه‌ره‌كی
له شوێنه‌كه‌ی من بنێژه!"
1987 ته‌رابلوس
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
14. به‌ندیخانه
باڵدارێك بووم،
به‌سه‌ر ده‌ریای فێداره‌وه
سه‌وڵی باڵم لێ ده‌دان و
سه‌رانسه‌رم بریندار بوو، ئه‌نگێورا بوو.
ئه‌وه‌نده‌ی چاو هه‌ته‌ر بكا
سروشت هه‌مووی له‌سه‌ر پاشوو،
ده‌ریا خجڵی كوده‌تا بوو.
له پڕێكا
دامڕوانی و تۆم به‌دی كرد ...
شاگه‌شكه بووم!
هه‌ر وام زانی دوڕگه‌یه‌كی بچكۆڵانه‌ی،
بۆ ئارامی و فه‌رامۆشیم داڵده و لانه‌ی.
كه نیشتمه‌وه تێگه‌یشتم:
تۆ داڵده نیت،
شیرین‌ترین به‌ندیخانه‌ی!
............................................
خجڵ : خه‌ریك، سه‌رقاڵ، سه‌رگه‌رم، له‌زك، له‌گژ
2002 هێلسنكی
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
15. گه‌نجینه
له‌وساوه دنیا دنیایه،
ئاده‌میزاد ئه‌شقی گه‌وهه‌ر، زێڕ و زیوه.
له پێناویان
بنی ده‌ریا و قوللـه‌ی كێوی پشكنیوه.
كه‌چی من هه‌موو سبه‌ینان
گه‌نجینه‌یه‌ك ده‌دۆزمه‌وه،
كه ده‌بینم كه‌زی و بسكت
نیوه‌ی بالیفمی ته‌نیوه.
1984 ئۆدێسه
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
16. ئاشتی
تاكوو چه‌مێك نهێنیی خۆی
به چه‌مێكی تر بسپێرێ،
تاكوو شاخێك
له‌به‌ر شاخێك دابێته‌وه،
ته‌ور به دار ... گرمه به چرپه نه‌وێرێ -
پێشنیازێكم هه‌یه بۆ خوا ...
خوایه، تۆبه!
پێشنیاز ناكه‌م!
له‌به‌رت ده‌پاڕێمه‌وه ...
ده‌پاڕێمه‌وه تا مردن:
تۆ وا بكه‌ی نێریش وه‌ك مێ
بكه‌وێته زاوزێ كردن!
1995 كۆرسۆ
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
17. چه‌ند وشه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی ته‌مه‌نی خۆم
بۆ((ڤ . ن))
كاتێ ڤالیا لێم ده‌پرسێ:
كه‌ی پێت نایه ئه‌م دنیایه؟
پێكه‌نینم، وه‌كوو چووزه‌ره ڕێواسێ،
له‌ژێر به‌فری ده‌م و لێوما سه‌ر ده‌ردێنێ.
پێكه‌نینم-گریانێكه،
زه‌رده‌خه‌نه‌ی هه‌موو دنیا ده‌گه‌چڵێنێ!
* * *
به‌ڵێ، ڤالیا!
نیاندرتاڵ بووم
كاتێ پێی خۆم نایه دنیا.
به چاوی خۆم
چاخی هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كانم دیوه.
كاروانی مێژووی شه‌رمه‌زار
به‌سه‌ر لۆچی ناوچه‌وانما تێپه‌ڕیوه.
كه‌چی هێشتا...
ئۆفیسه قۆڵبڕه‌كانی
ئه‌م چاخه ویژدان تۆپیوه
له ده‌فته‌ری زیندوواندا
ناوی منیان نه‌نووسیوه!
1974 مۆسكۆ
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
18. نهێنی
خانمۆڵه‌كه‌م!
ده پێم بڵێ:
له كوێ فێر بووی،
هۆنراوه بكه‌یته په‌خشان؟
له كوێ فێر بووی،
ده‌ریای یاخی
ئارام بكه‌ی وه‌كوو ئاسمان؟
خۆ تۆ شلكه‌نه‌مامێكی، گیانی گیانان،
چۆن ده‌توانی
سندم له پێی گڕكان بكه‌ی،
لغاو بكه‌ی ده‌می زریان؟
چۆن به ساتێك
ئاوا ژینم ده‌ڕه‌نگێنی،
به ساتێكیش
به‌سته‌ڵه‌كی تیا ده‌كه‌یته سه‌رچۆپیكێش؟
چۆن به ساتێك
وه‌كوو ئاگر هه‌ڵمده‌كه‌ی،
به ساتێكیش ئاوا ده‌مكه‌ی به خۆڵه‌مێش؟
1980 مۆسكۆ
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
19. پرچ
جاروبار...پرچت
به تاوێك باران، به ڕه‌شه‌بایێ،
وا تێك ده‌چڕژێ،
وا ئاڵۆز ده‌بێ،
ده‌ڵێم: تا ماوه...ئیتر دانایێ...
كه‌چی ئێواران، كه هه‌ر من و تۆین،
به چاولێكنانێ هه‌ڵده‌ڕژێ و دادێ،
دیسان، وه‌ك جاران، دابین ده‌بێت و
له به‌ری ده‌ست و هه‌ناسه‌م ڕادێ.
زریان بۆ زریان،
تۆفان بۆ تۆفان به‌جێده‌هێڵێ و
هه‌تا به‌یانی
نوقمی شه‌پۆلی به‌رامه‌ی مۆرد و كنێرم ده‌كا
دانی پیا ده‌نێم:
هه‌رچی ده‌یزانم له فه‌لسه‌فه‌ی ژبن،
ئه‌و فێرم ده‌كا!
2001 هێلسنكی
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
20. له به‌ر ده‌رگه
شه‌و ڕاشكا،
ئه‌ژنۆم شل بوو،
مانگ به تاقی ئاسمانه‌وه هه‌ڵپڕووكا.
ده‌رگه‌كه‌تم لێ بكه‌وه!
ئه‌م شه‌و هاتووم
بۆ چنینی
چه‌پكه نێرگزێكی چاوت،
بۆ وچانێ،
بۆ خه‌ونێ، تۆزه گریانێ،
له‌سه‌ر هه‌وری قژی خاوت.
* * *
ئه‌م شه‌و هاتووم...
ترووسكایی شاری یادگار بانگی كردووم.
له‌گه‌ڵ سیمای مناڵیما،
له‌گه‌ڵ خه‌می شۆڕه‌بیما،
هاتووم و ناگه‌ڕێمه‌وه.
یا پێت ده‌گه‌م،
یا وه‌ك مۆمێك
ده‌سووتێم و ده‌توێمه‌وه.
* * *
ده‌رگه‌كه‌تم لێ بكه‌وه!
هه‌ر دڵداره‌كه‌ی جارانم،
هه‌ر كێڵگه‌كه‌ی به‌رده‌رگه‌تم،
هه‌ر تینووه‌كه‌ی به‌ر كڕێوه‌و با و بارانم.
* * *
ده‌رگه‌كه‌تم لێ بكه‌وه!
من ئه‌و كه‌سه‌م،
تا دوێنێ بوو،
له‌ناو گه‌رووی ڕووناكی‌دا ده‌تشاردمه‌وه.
له‌ناو جامی مه‌ترسیدا ده‌تخواردمه‌وه.
* * *
كات - له‌ژێر باڵی ئاسماندا
خه‌ریكه باوێشك ده‌دات.
شوێن - قوله‌ڕه‌شێكی كپه.
ده‌رگه‌كه‌تم لێ بكه‌وه،
شتێك نییه شیرین‌تر بێ
له خشپه‌ی پێ و چرپه‌ی چپه.
* * *
ده‌رگه‌كه‌تم لێ بكه‌وه،
كفت و ماندووی ڕێگه‌ی دوورم:
وه‌كوو جاران،
كه‌مێك له لات ده‌مێنمه‌وه و ڕاده‌بوورم.
* * *
شه‌و ڕاشكا،
ئه‌ژنۆم شل بوو،
مانگ به تاقی ئاسمانه‌وه هه‌ڵپڕووكا:
ده‌رگه‌كه‌تم لێ بكه‌وه،
دار و به‌ردی به‌رده‌رگه‌تان هاتنه تكا!
1969 هه‌ولێر
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
21. كووده‌تا
پێش تۆ ناسین
مناڵێكی خۆپه‌رست بووم:
وام ده‌زانی،
ئاسمانی پان ده‌وارێكه،
ته‌نیا بۆ من هه‌ڵدراوه.
زه‌وی دوڕگه‌ی دوای تۆفانه،
جگه له من، هیچ كه‌سێكی تیا نه‌ماوه.
ئه‌وینی تۆ له‌پڕ هات و
شووره و قه‌ڵامی خاپوور كرد،
ڕه‌نگه‌كانی هه‌موو گۆڕین،
یاساكانی ژێروژوور كرد.
وای كرد دنیا
بۆ ته‌نیاییم وه‌ك قه‌فه‌س بێ.
فێری كردم -
شه‌وان نیو سه‌رینم به‌س بێ!
1973 ڤاڕۆنیژ
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
22. گرنگ و گرنگتر
سه‌ربه‌خۆیی گرنگ نییه!
هه‌ر هه‌شت پیتی ناوی وڵات - به عانه‌یه‌ك.
قه‌ڵای هێسكی ئه‌نفاله‌كان -
به مه‌رحه‌بای بێگانه‌یه‌ك.
گرنگ نییه!
خودا ده‌یكرد (قودس) ده‌بوو به ئۆرشه‌لیم،
(دڵ)یش ده‌چووه ناو په‌راسووی یه‌كانه‌یه‌ك.
گرنگ نییه، با به‌عسی و جاش
بورووكێنه ناو ده‌رپێشمان
وه‌كوو شاره مۆرانه‌یه‌ك.
گرنگ نییه! ده‌با وڵات سه‌روخواری
ببێته كه‌للـه‌خانه‌یه‌ك.
به‌ڵام گرنگ
كورسییه‌كی سارد و سڕی
وه‌ك تابووتی بن مردووه،
گرنگتریش:
ئه‌و دۆلاره چاوسه‌وزانه‌ن
كه بۆ غوربه‌ت سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرتووه!
2003 هێلسنكی
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
23. كاك
پێش ئه‌وه‌ی بێمه به‌رده‌مت
كام بیری جوان خورپه‌داره،
كام دێڕ هه‌ڵبه‌ست زۆر به‌كاره،
شانه‌ی ده‌كه‌م وه‌ك په‌رچه‌مت.
له‌ماوه‌ی چاوقوچانێكدا
هه‌زارویه‌ك خه‌ونی شیرین
ده‌مكه‌ن به مه‌م، ده‌تكه‌ن به زین.
له خه‌یاڵما
پایز به‌هاری لێ ده‌تكێ.
دره‌ختی ڕووت
گه‌ڵای سه‌وزی پێوه ده‌لكێ.
به‌ڵام، سه‌د ئاخ، ئه‌ی ده‌روونپاك،
كاتێ با‌نگم ده‌كه‌ی به (كاك)،
كاك وه‌كوو مار
به‌ره‌و گوێچكه‌م گینگڵ ده‌دا...
كه دێمه گۆ
خۆی له زمانم لوول ده‌دا،
هێدی... هێدی...
قووتم ده‌دا
كفنی زه‌ردی نائومێدی.
* * *
من له دڵتام...
له ده‌روونتام...
له گلێنه‌ی چاوی ڕوونتام...
شه‌رم مه‌كه!
به‌ناوی ڕووت
ناوم بێنه پڕ به گه‌رووت.
با له یه‌كتر ئاشكرا بین
تا كه‌ی له‌ناو ئاگرا بین؟
نه تۆ خوشكه‌ی، نه من كاكم...
خۆشه‌ویستی ده‌روونپاكم!
1969 كوردستان
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
دوازده وانه بۆ مناڵان
پێشه‌كی
(دوازده وانه) له نێوان 1969 - 1971 دا، له هه‌ولێر و گوندی كه‌نداڵ نووسراوه.
یه‌كه‌م جار، ڕۆژی 22/3/1972 ، له فێستیڤاڵی شیعری كوردی، له شاری كه‌ركووك خوێندراوه‌ته‌وه.
چاره‌نووسم، چ وه‌ك شاعیر چ وه‌ك مرۆڤ، چ به‌لای باشه‌دا، چ به‌لای ده‌ردوبه‌ڵای دنیادا، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ده‌ره‌نجام و دارشته‌ی ئه‌م شیعره‌یه. ده‌مه‌وێ بڵێم: ئه‌گه‌ر ئه‌م شیعره‌م نه‌نووسیبا، كه نووسیشم جاڕم نه‌دابا و ڕووبه‌ڕووی سیسته‌می بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وان ڕۆژان نه‌بامایه‌وه چاره‌نووسێكی دیم ده‌بوو.
2/10/2002 هێلسنكی
24. وانه‌ی یه‌كه‌م
مناڵه‌كان!
ئه‌ی یاخییه ژینتاڵه‌كان:
سبه‌ی ئێوه كه گه‌وره بوون،
له لاوكا،
له حه‌یرانا،
له مزگه‌وت و دیوه‌خانا،
له چیڕۆكا،
له هۆنراوه‌ی شاعیرێكی ترسنۆكا،
ڕه‌نگه زۆرتان به‌رگوێ كه‌وێ
باسی ئێمه و ئازایه‌تی،
باسی ئێمه و كوردایه‌تی،
به‌ڵام نه‌كه‌ن بڕوا بكه‌ن،
هه‌مووی درۆن، درۆی په‌تی!
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
25. وانه‌ی دووه‌م
مناڵه‌كان!
ئێمه تووشی سه‌د كوێره‌ڕێین...
چرای بیرمان گه‌لێك كزه،
هه‌نگاوی كوێرانه ده‌نێین!
* * *
مناڵه‌كان!#
ئه‌فسانه‌كان ده‌گێڕنه‌وه:
هه‌بوو... نه‌بوو...
هۆزێك هه‌بوو له خاكێكا
پاڵه‌وانیان -
چاوی كوێر بوو،
هه‌وای ده‌وره‌ی خۆی ده‌پێكا
فه‌یله‌سوفیان -
فاڵچییه‌ك بوو،
شه‌وان فاڵی ده‌گرته‌وه،
تا بزانێ كه‌ی دوژمن بۆی
په‌ت ده‌خاته گه‌ردنی خۆی
پیاوماقووڵیان -
كه‌ڕ و ڵاڵ بوو،
ماوه‌ی كورتی ئارامیشی هه‌زار ساڵ بوو!
هۆزی نه‌گبه‌ت
شه‌وی ده‌ژمارد،
ڕۆژی ده‌ژمارد،
سێ ژه‌م نان و چه‌پڵه‌ی ده‌خوارد،
چاوه‌ڕێ بوو كه دوژمن بۆی
په‌ت بخاته گه‌ردنی خۆی!
..............................
#یه‌كه‌م جاره چاپ ده‌كرێ. پایزی ساڵی 1980، له ڤیه‌ننا، هاوڕێم د.كوردۆ عه‌لی وه‌بیری هێنامه‌وه.
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
26. وانه‌ی سێیه‌م
مناڵه‌كان!
ئێوه‌ن زه‌لكاو ده‌شڵه‌قێنن،
ئێوه‌ن ئه‌و بومه‌له‌رزانه‌ی
سبه‌ی كانی ده‌ته‌قێنن،
ئێوه‌ن سبه‌ی
سنووری ده‌ستكرد ده‌شكێنن،
قه‌فی زنجیری لێكپچڕاو
به‌یه‌كتره‌وه ده‌لكێنن
ئێوه‌ن سبه‌ی
له قامیشلی،
له دیاربه‌كری شێخ سه‌عیدا،
له سلێمانیی بریندارا،
له مه‌هابادی (قازی) دا،
به‌یه‌ك فه‌لسه‌فه تێده‌گه‌ن:
ئه‌وه‌ی كورد بێ، نه‌وه‌ی نوێ بێ
ده‌بێ تێشووی
ڕێی یه‌كیه‌تیی كوردی پێ بێ!
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
27. وانه‌ی چواره‌م
مناڵه‌كان!
له وانه‌كانی دوێنێمدا
گوتم ئێمه، له‌وه‌تی هه‌ین،
درۆ له‌گه‌ڵ خۆمان ده‌كه‌ین،
له ژینمانا،
له كرده‌وه‌و نووسینمانا بێ فه‌لسه‌فه‌ین.
ئمه‌م گوت و دنیا ڕما،
هه‌وری تانه
به‌ره‌و ئاسۆی بیرم جما!
مناڵه‌كان!
توخواكه‌ی بپرسن لێیان،
بپرسن له‌وانه‌ی چاویان
تینی ناگاته به‌ر پێیان،
مه‌ترسن، بپرسن، بڵێن:
له سه‌فه‌ری دوڕگه‌ی خوێنا
بۆ مناڵان چیتان هێنا؟
پێمان بڵێن، چیتان هێنا؟!
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
28. وانه‌ی پێنجه‌م
مناڵه‌كان!
ئه‌ی بێلانه ژینتاڵه‌كان:
زۆر له‌مێژه دایكه‌كانی ئه‌م وڵاته
مه‌مكه‌كانیان
شیری سه‌ربه‌ستیی تیا قاته.
زۆر له‌مێژه كێوه‌كانی ئه‌م وڵاته،
پێغه‌مبه‌رێكیان تیا قاته!
مناڵه‌كان!
له ئاگردانی چاوتاندا،
من چاوه‌ڕێی زه‌رده‌شتێكم،
بێ، جێ به‌و بتانه له‌ق كا.
من چاوه‌ڕێی
چه‌خماخه‌ی ئاڤێستایه‌كم،
بێ، جه‌رگی تاریكی شه‌ق كا!
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
29. وانه‌ی شه‌شه‌م
مناڵه‌كان!
سه‌نگه‌ر سه‌نگه‌ر، چیاكان گه‌ڕام،
گوێم لێ بوو، كۆمه‌ڵێك قه‌وان#،
له‌ناو سه‌نگه‌رێكی چۆڵدا،
له پێشمه‌رگه‌ی شه‌هید ده‌دوان!
...................................
قه‌وان: قاوغی فیشه‌ك، قه‌پێلكی به‌تاڵی گولـله
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
30. وانه‌ی حه‌وته‌م
مناڵه‌كان!
ده‌سگیرانم كۆترێكی دیاربه‌كره.
حه‌زی له چیا و قاسپه‌ی كه‌و و ڕه‌نگی به‌فره.
بۆ گواستنه‌وه‌ی
زنجیره‌ی چیام قه‌ف قه‌ف بڕی.
ڕۆژ ذمێرم په‌ڕ په‌ڕ دڕی.
په‌ساپۆرتم؟
ئاوات و زه‌رده‌خه‌نه بوو،
كلدان و كیسێك خه‌نه بوو.
كه له ده‌رگه‌ی سنوورم دا،
له باتی ماچ،
ماچی گه‌رمی ده‌سگیرانم،
تفی زه‌ردی پۆستاڵڕه‌شێك
هات... سواخی دا ناوچه‌وانم!
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
31. وانه‌ی هه‌شته‌م
مناڵه‌كان!
ئه‌ی برسییه ژینتاڵه‌كان،
له‌سه‌ر سنگه نه‌وتاوییه‌كه‌ی بابه‌گوڕگوڕ،
نێزیك تاڤگه‌ی سه‌ره‌وژووری زێڕینی گڕ،
گڵكۆیه‌كی بچكۆڵه‌م دی.
لێی نووسرابوو:
((ئا لێره‌دا مناڵێكی چاوگه‌شی كورد
له برسان مرد!))
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
32. وانه‌ی نۆیه‌م
مناڵه‌كان!
ئه‌وه‌ی ده‌نكه‌گه‌نمێكی چاند -
گوڵه‌گه‌نمی دروێنه‌كرد.
ئه‌وه‌ی دڵۆپێك خوێنی چاند -
تابلۆیه‌كی بۆ خۆی نه‌خشاند.
ئه‌وه‌ی ته‌نیا هاوارێكی له ده‌م ده‌رچوو -
گوێی له سه‌دای ده‌نگی خۆی بوو.
كه‌چی، ئێمه
كاسه‌سه‌ر و چاو ده‌چێنین،
بارانی خوێن به‌سه‌ریانا ده‌بارێنین،
هێشتا وه‌رزی دروێنه‌مان دیار نییه.
تا گوڵه‌گه‌نمێكی كێڵگه‌ی
ئه‌و خوێنه‌شمان دیار نییه.
* * *
مناڵه‌كان!
با ئه‌و جۆگه‌یه بگۆڕین
كه خوێنمانی پێدا ده‌ڕوات.
با ئه‌و زه‌مینه‌ش بگۆڕین
كه چاو و كاسه‌سه‌ر ده‌خوات.
ئه‌وجا كێڵگه‌ی رووناكیتان نیشان ده‌ده‌م.
ئه‌وجا وه‌رزی دروێنه‌تان بۆ ڕست ده‌كه‌م.
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
33. وانه‌ی ده‌یه‌م
مناڵه‌كان!
له‌سه‌ر ناوچه‌وانی زه‌ردی زه‌ردی ڕۆژنامه‌كان،
له‌سه‌ر بۆڕییه نه‌وته‌كان،
له دیواری ئاوده‌ستخانه‌ی مزگه‌وته‌كان،
ده ملیۆن جار
نووسیمان:((بژی چه‌وساوه))
نووسیمان:((بژی كرێكار))
به‌ڵام هه‌موو نووسینه‌كان،
ته‌نیا جارێ،
نه‌یانتوانی ببنه پاروو،
تێر كه‌ن زگی كرێكارێ!
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
34. وانه‌ی یازده‌م
مناڵه‌كان!
ئه‌ی بێلانه ژینتاڵه‌كان،
شه‌و له خه‌وما ڕێبوارێك بووم.
بۆ باره‌گای (یوتان)# ده‌چووم.
كه ده‌روازه‌كه‌ی قووتی دام
ڕشم بینی - ئاڵای هه‌بوو،
سپیم بینی - ئاڵای هه‌بوو،
هه‌رچیم بینی - ئاڵای هه‌بوو.
قیژاندییان:
((ئه‌ی بێ وڵات، بۆ ده‌ره‌وه!
ئه‌ی بێ ئاڵا، بۆ ده‌ره‌وه!))
منیش گوتم:
((مه‌قیژێنن!
كه ده‌چمه‌وه،
ئه‌م چیڕۆكه بۆ مناڵان ده‌گێڕمه‌وه!))
...............................................
یوتان: (1909 - 1974) سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له 1962-1971 ز
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
35. وانه‌ی دوازده‌م
مناڵه‌كان!
كه وانه‌كان ده‌خوێننه‌وه،
ئه‌گه‌ر ڕۆژ بوو -
له كونجێكا كپ هه‌ڵتووتێن،
ئه‌گه‌ر شه‌و بوو -
با چراكان كز بسووتێن.
چاك ده‌زانم،
گه‌وره‌كانتان بتانبینن،
داختان ده‌كه‌ن،
وانه‌كانم ده‌سووتێنن،
دێن دووباره،
جه‌سته‌ی حه‌للاج ده‌ده‌نه‌وه له سێداره!
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
36. دایك
بۆ جه‌میله - سه‌رداده‌خه‌م.
بۆ ژان دارك و ترێشكۆڤه - سه‌رداده‌خه‌م#
به‌ڵام ژنێك، له خاكی پڕ مه‌رگی مندا،
پێ له جه‌رگی خۆی بنێت و ببێ به داك
له به‌رپێیدا كڕنووش ده‌به‌م
ناوچه‌وانم ده‌سووم له خاك!
1979 پۆتسدام
.........................................
#جه‌میله بوحه‌یره‌د:كچه‌فیداكاری جه‌زائیری
ژان دارك: كچه‌قاره‌مانی فه‌ره‌نسی
تریشكۆڤه:یه‌كه‌م ژنه كۆسمۆناوت (گه‌ردوونگه‌ڕ).
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
37. كۆنتراكت
نیازم وایه
شه‌ووڕۆژێكم ته‌نیا هی تۆ بێ
بڕیارم داوه
سه‌فه‌ره‌كانی سه‌رم ڕاگرم
شه‌پۆلان سڕ كه‌م
ته‌نیا ورینگه‌ی تۆی تیابێ ماڵم
ده‌رگه‌و په‌نجه‌ره و بابوێر كونبڕ كه‌م
خانومانه‌كه‌م!
تۆش، ته‌نیا جارێ
خۆت تاقی كه‌وه...
با شه‌ووڕۆژێك هه‌مووت هی من بێ:
هه‌رچی نه‌ریته، با ده‌قی بشكێ
هه‌رچی یاسایه، با سه‌روبن بێ!
خۆت له ده‌وروبه‌ر
له كه‌س و كار و ئاشنا بدزه‌وه
له ئه‌ستێره و مانگ...
له هه‌ور و ساماڵ...
له بێنه‌وبه‌ره و خه‌میژگه‌ی دنیا
خۆت ڕاپسكێنه
ته‌ماشای میلی كاتژمێر مه‌كه
وه‌ك ڕۆژانی تر خۆت مه‌خه‌مڵێنه:
خۆ پیره‌دنیا ژێروژوور نابێ
ته‌نیا هه‌ر جارێك
بۆ شه‌ووڕۆژێك
نیوه‌ژن بكوژه و ژنێكی ژن به!
من شه‌ووڕۆژێك ده‌بم به هی تۆ
تۆش شه‌ووڕۆژێك ته‌نیا هی من به!
2000 هێلسنكی
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
38. گه‌ر سێوێك بوو ...
گه‌ر سێوێك بوو ، له‌تی ده‌كه‌م:
له‌تێك بۆ خۆم، له‌تێك بۆ تۆ
بزه‌یه‌ك بوو، له‌تی ده‌كه‌م:
له‌تێك بۆ خۆم، له‌تێك بۆ تۆ.
خه‌فه‌تێك بوو، به‌شت ناده‌م،
هه‌ڵیده‌مژم وه‌ك دوا په‌تۆ!
1983 پراگ
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
39. ترس
به‌فر تا جێی بڵندتر بێ،
پتر له هه‌تاو ده‌ترسێ.
ژن تا شۆخ و ده‌لالتر بێ،
گه‌شتر چرای ترسی پیری
له نیگایدا داده‌گیرسێ
* * *
له‌م جیهانه
هه‌ركه‌س له شتێك تۆقیوه:
كونده‌بۆ-له ئاوه‌دانی.
دز-له سه‌گ و كۆكه‌ی بێ‌دار.
كه‌ر-له‌هه‌وراز.
دیوار-له سنگ.
دار-له‌بزمار.
كه‌ڵه‌كێوی-له خڕه‌ی به‌رد، له خشپه‌ی دار.
منیش زراوم ڕژاوه.
ده‌ترسم له سه‌ره‌مه‌رگا
سییه‌كانم بزریكێنن
بۆ تۆسقاڵێك هه‌وای وڵات.
ده‌ترسم، بمنێنه خاكێك
نه من ئاشنای بۆنی ئه‌و بم،
نه زمانم ئه‌و تێی بگات!
1982 پۆتسدام
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
40. بۆ ئینته‌رناسیۆنالیستێك
(بۆ هاوڕێی سه‌لڤادۆریم خۆسێ ڕۆمیرۆس)
سه‌ركۆنه‌م مه‌كه!
منیش، وه‌كوو تۆ، گۆی زه‌وی ماڵمه.
ئاسمانیش تافته‌ی كچی خه‌یاڵمه.
وه‌ك تۆ خواكردم،
وه‌ك تۆش ده‌مه‌وێ، تاسه‌ر خواكرد بم.
بۆیه سه‌ربه‌ندی شیعرم هه‌ر كورده،
چونكه كوردم و ناهێڵن كورد بم!
1978 ته‌رابلوس
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
41. گوڵه‌به‌ڕۆژه
نیشتمانی من:
هێلانه‌ی خۆره،
پڕشنگه‌جاڕه.
سه‌رم ... سه‌ر نییه:
گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ی هه‌میشه لاره!
1989 ته‌رابلوس
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
42. گه‌وره مه‌به
له‌گه‌ڵ مندا گه‌وره نابیت
مناڵی لێت نابێته‌وه
له‌گه‌ڵ مندا تا هه‌تایێ
بێ بووكۆكه خه‌وت نایێ!
گه‌وره مه‌به،
كزه‌ی جه‌رگم، گه‌وره مه‌به!
تا من مابم،
له مناڵیت وه‌ڕس نابم:
شه‌و ساماڵ بێ،
وه‌ك تۆ دێمه به‌ر په‌نجه‌ره
ئه‌ستێره‌ی ئاسمان ده‌ژمێرم
كه بارانیش ده‌ئاخڤێنێ
به كڕوكپیت ده‌سپێرم!
گه‌وره مه‌به
كزه‌ی جه‌رگم، گه‌وره مه‌به
ده قیڕوسیا!
به‌یانییان شیر بۆ من و بنكڕ بۆ تۆ
كه ئاگرۆكه ده‌كه‌یته‌وه
دووكه‌ڵ بۆ من و گڕ بۆ تۆ!
گه‌وره مه‌به!
هه‌موو شه‌وێ
به كه‌ژاوه‌ی هه‌قایه‌تی
ئه‌ندرسن و شیعری مارشاك
خۆم بۆ خه‌وت به بووك ده‌به‌م
كه نووستیشی
مۆر له ده‌می سرووشت ده‌ده‌م
گه‌وره مه‌به
كزه‌ی جه‌رگم، گه‌وره مه‌به!
ئه‌گه‌ر وه‌ڕس بووی، پێم بڵێ
خانووچكه‌ی شووشه‌ت بۆ ده‌كه‌م
ئه‌گه‌ر برسی بووی، پێم بڵێ
چنگۆڵانت
پڕ باسووق و سجوق ده‌كه‌م
گه‌وره مه‌به
كزه‌ی جه‌رگم، گه‌وره مه‌به
هه‌موو ڕۆژێ
شقارته‌یه‌ك له منه‌وه:
ده‌نك ده‌نك دایگیرسێنه...
تیشك و پرشه‌ی چراخانی لێ بستێنه...
گه‌رموگوڕیی
ئاته‌شگه‌ده‌ی
زه‌رده‌شتیانی لێ بستێنه!
گه‌وره مه‌به
كزه‌ی جه‌رگم، گه‌وره مه‌به
تا من مابم
له مناڵیت وه‌ڕس نابم!
1976 مۆسكۆ
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
43. ئه‌گه‌ر هاتی ته‌نیا وه‌ره
ئه‌گه‌ر هاتی ته‌نیا وه‌ره!
ئه‌و بارانه په‌ستم ده‌كا
كه ڕه‌شه‌بای له‌گه‌ڵدا بێ
په‌ست ده‌بم به‌و گوڵه‌گه‌نمه‌ی
له‌گه‌ڵ ژه‌نگا
په‌نجه‌یان تێك هه‌ڵكێشابێ!
ئه‌ی بارانی ساڵی نه‌هات:
ئه‌گه‌ر هاتی ته‌نیا وه‌ره!
بێ ڕه‌شه‌با و بێ ده‌نگ وه‌ره
ئه‌ی گوڵه‌گه‌نمی زێڕكفتم:
ئه‌گه‌ر هاتی بێ ژه‌نگ وه‌ره
ئه‌گه‌ر هاتی ته‌نیا وه‌ره
هه‌روه‌ك له‌ناو دڵما ته‌نیای
سه‌رینه‌كه‌م بۆ دوو كه‌سه
دوو كورسیی تامه‌زرۆم هه‌یه
دوو پیاڵه‌شم هه‌یه بۆ چای!
كاتێ به‌ته‌نیا دێیته لام
مه‌مكی دایكم
سواری پشتی چیاكان ده‌بێ
چیاكانیش دێن
ده‌رگه‌ی ژووره خه‌مگینه‌كه‌م ده‌كه‌نه‌وه
ناوچه‌وانی ده‌ركراوم
ماچ ده‌كه‌ن و ده‌یسڕنه‌وه.
1973 ڤه‌ڕۆنێژ
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥
44. زامی زیندووی شێللی
ده‌شێ تاریكی و تیشكی خۆر به‌یه‌ك بگه‌ن
ده‌شێ زه‌وی و میچی ئاسمان به‌یه‌ك بگه‌ن
ده‌شێ قوتبی سه‌روو و خوارووش
به‌یه‌ك بگه‌ن
به‌ڵام هه‌رگیز
ناشێ من و خۆشه‌ویستم به‌یه‌ك بگه‌ین
* * *
ده‌شێ ئه‌هریمه‌ن به‌هه‌شتی خوای به‌ركه‌وێ
ده‌شێ ڕووبار
ڕوو له هه‌وراز بێ و سه‌ركه‌وێ
ده‌شێ مه‌م زیندوو بێته‌وه
له‌سه‌ر سنگی زین بسره‌وێ
به‌ڵام ناشێ، جارێكی تر
منی دڵدار بگه‌م به‌وه‌ی خۆشم ده‌وێ
* * *
ڕه‌نگه كچه دراوسێكه‌م
یا ئه‌و كچه‌ی
ئه‌مڕۆ، سبه‌ی
ئه‌ڵقه‌ی من ده‌كاته په‌نجه‌ی
وا تێ بگا
په‌لكه‌زێڕینه‌ی هۆنراوه
بۆ كه‌مه‌ری ئه‌و ڕێك ده‌خه‌م
بۆ ئه‌و تۆقه‌ی زێڕینی خۆر
له پرچی ڕه‌شی شه‌و ده‌ده‌م
نه‌یزانیوه
هۆنراوه‌ی من بۆ كه‌سێكه
كاسه خۆشاوێك بوو ... ڕژا
چه‌پكێك بۆن بوو
به نوێنی ... كه‌سێكی تردا هه‌ڵپژا.
1971 كوردستان
.............................................................
# شێللی: پێرسی شێللی 1822 - 1792 شاعیری ڕۆمانتیكی ئینگلیز
♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥ ♥