54-- گریانى هەور
پەڵە هەورێکى دڵ پڕ لە گریان
وەکو چاوى من دایکردە باران
ئاخۆ ئەم هەورە بۆ کام خەم ئەگرى
بایەکى هێمن فرمێسکى نەسڕى
چەخماخەى بەتین وەک هەنسکى من
ئاسمان لەچاوما وەک دەریاى بێ بن
کەس ئەم گریانە ناخوێنێتەوە
خاک فرمێسکى کەس نانوسێتەوە
ئەو خۆرەتاوەى ڕۆژان ئەمبینى
هەورێک ئەبینم لە جێى ئەوینى
گریان سەبورى دڵى من ئەدا
ئاخۆ بەدڵى هەورێ چى ئەکا
ئەى هەور بگرى دوور لە پێکەنین
بەگریانى تۆ جوانە سەر زەمین
خۆزگە گریانى منیش وەکو تۆ
خاکى پڕ ئەکرد لە لالەو و شەوبۆ
---------- ----------- ----------- ------- ---------
55-- کەژو کێو
لە دوور ئەڕوانى کەژو کێو دیارە
باڵاى نەمامى سەر ئەو ڕووبارە
دەشت و هەردوو دێم بە گوڵ ئەنازن
بۆ ڕێبوارى ڕێ دڵ پڕ لە ڕازن
شەونم باریوە بەسەر ڕووى گوڵا
شنە بایەک دێ بە دەوورى چڵا
جێژوانى مەلان باخ و دەوەنە
سەراپا ڕێگا سایەو چەمەنە
ئەو دیو لوتکەى شاخ تاڤگەى شەتاوە
پۆلێ مەل دیارە لە باڵیان داوە
سەرپۆشى بەفرە بەسەر لوتکەوە
بەو خۆرەتاوە سەر ئەنێتەوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
56-- نورى عەشق
جاران عەشقى تۆ خۆرى هیوام بوو
تروسکەى ڕوونى نورى دنیام بوو
بەڵام وەک هەورێ چۆن با زوو ئەیبا
بەڵێنت لە ڕێى وەفا خۆى لادا
کانیلەى ڕازى ئەم عەشقە پاکە
بەدەستى تۆیە لێڵە ئێستاکە
دڵم کردبوو بە هێلانە بۆت
بوو بە ئاگردان شێوانت لە خۆت
بڕۆ وەک ڕێژنە لاى من مەبارێ
تازە بۆ دڵم بووى بە ئازارێ
ئیتر نابینى بڵێم وەرەوە
لە دڵما شێوەت هاتە دەرەوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
57-- جودایى
دەبا بەس بێ دەردى دوورى و جودایى
بەدوورمکە لە ئازارى تەنیایى
چاوەڕوانیت بۆتە خولیام هەمیشە
لە ناو دڵما خەم دایکوتاوە ڕیشە
هەناسە و ئاهو دیدەم بەتۆ بەخشى
کەچى تۆ عومرى گەنجیم پێ ئەفرۆشى
دەستم بگرە بەرەو دنیاى مەستانە
دەپێم بڵێ تەنیایى کەى ژیانە
وەرە تۆى فریشتەى ڕازى ئەوینم
هەر بۆ تۆیە هاودەمى خەم و شینم
دڵم کەیل و بێ ئارام و پڕ ژانم
لە دوورى تۆ ئاوارەو سەرگەردانم
بۆچى نایەى بۆ دیدەنت پڕ تاسەم
تەنیا هەر تۆى کزەى دلڕ و هەناسەم
میهرەبانیت سەفاو مەیلى ئەوینە
کآ وەکو تۆ نیگاى هێندە شیرینە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
58-- سەفا
ئەى سەفاو ئاهى خۆشبەختى جاران
بۆ لێم ناپرسى وەک جەفاداران
گوڵى تەمەنم بۆ تۆ هەڵوەرى
تۆش لە ئەوینت مەمکە بآ بەرى
یادگارییەکانت ڕۆخى دەریایە
هەر شەپۆلێکى یادى تۆى تیایە
دیارم بێ تۆ وێرانەى خەمە
هەناسەم ئاخ و دڵم ماتەمە
ئێستاش دڵ مەستى عەشقى جارانە
ئەشکى تەنیایم نمەى بارانە
ئیتر بە کزەى وەرزى دوورى تۆ
من ڕێبوارێکم وێڵ و سەرەڕۆ
وەرە ڕۆشنکە دیارى تارم
سەرت هەڵبێنە خۆرى ڕۆژگارم
خواستى دڵى تۆ چى لە من ئەوێ
خۆ من بە بێ تۆ ڕۆحم ناسرەوێ
---------- ----------- ----------- ------- ---------
59-- بارانى شەو
ئەمشەو نمەى بارانە
ئەشکى هەورى ئاسمانە
وا ئاوازى باوبۆران
سروودە بۆ ئەمشەومان
تنۆکى ئاڵى باران
ماچ ئەکا لوتکەى شاخان
ئەمشەو نیگاى ئەستێرە
ناڕوانێ بەرەو ئێرە
تاوە تاو خۆش ئەبارێ
بەسەر شانى هەوارێ
هەورى رەش ئەشواتەوە
ئاسمان ڕوون ئەکاتەوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
60-- خەم
شەوانە دنیا تارە
حەسرەت و لێو بەبارە
لە ژێر پۆلێ ئەستێرە
خەم میوان ئەبێ لێرە
ئاهو ئەشکى تەنیایى
لێو ڕێژە بۆ جودایى
بە سۆزى دڵەى کەیلم
چاوباران و پڕ سەیلم
تۆى کارێزى ئەوینم
سەفاو حەسرەتى ژینم
وەک شنەى با وەرە لام
ئەى خۆرەتاوى دنیام
کێ وەکو من لەبەر تۆ
تەمەن ئەدا بە فیڕۆ
ئەوەندە هاتم بۆ لات
بووم بە سێبەرى باڵات
خەرمانى هیوام هەرتۆى
تازە لە پاش چى ئەڕۆى
---------- ----------- ----------- ------- ---------
61-- ڕێژنە
هەڵاڵە بووکى بەهار
چاوگەشى دەشت و کۆسار
وەرە با لەم سەیرانە
بدوێین بە ئازیزانە
ئاوازى من هاژەى ئاو
سەرنجى تۆش خۆرەتاو
نیگات ڕێژنەى بارانە
دائەکا لەم سەیرانە
وەرە کزەى هەناسەم
بۆ مەیلى تۆ پڕ تاسەم
با لەنێو باخى بەهار
بۆیەک بژین بێ ئازار
---------- ----------- ----------- ------- ---------
62-- دیدارێ
لەپاش چەن ساڵ خۆشەویستى
پێت نۆشیم بادەى سەر مەستى
کە ئەمبینى چۆن ئەتوانى
وەک غەریبێ بۆم بڕوانى
دنیایەکى سەیرە ئازیز
ئەڵێى نەتناسیوم هەرگیز
لە سزاى عەشقم ناترسى
بۆیە لە ئاهم ناپرسى
بە غروورى ناهەموارى
ئەیسەلمێنى خەتاکارى
لێواولێوى کاسەى دڵم
غەرقى خەمى تۆیە گوڵم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
63-- بەرەو ئێوارە
وا ئێوارەیەو ڕوخسارى تەنیام
لە ئامێزى کەس خۆى ناگرێتەوە
هەنگاوى وێڵ و ڕێى بێ مەبەستم
وەک وەنەوزى خەو سەر ئەنێتەوە
سەرنجى شێت و دڵەى سەڕۆم
غوربەت دەروازەى لێ ناکاتەوە
تەماشاى ماندووى بەرخۆرەتاوم
بۆ ژێر سێبەرى کەس ناباتەوە
وا ماسى ڕۆحم لەم گێژاوە
بۆ دواهەناسە هاتۆتە کەنار
لە باخى عومەرى وشکەڵاتوما
گەڵاڕێزانە بۆ دەشت و کۆسار
هەنسکى تەڕو بارانى چاوم
ئاگر لە دڵم بەر ئەدەنەوە
سێبەرى خەستى دەمەوئێوارە و
شیعر باوەشم بۆ ئەکەنەوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
64-- خۆر نشین
چاوى پڕ نیگاى هەتاوى زێڕین
لە شار ناتروکێ هەتا خۆر نشین
باوەشى ڕێگا بۆ تاسەى یاران
ئەبێتە بەهەشت دەمەو ئێواران
گۆیژە ئەڕوانێ بۆ ئامێزى شار
جار جار شنەى باو گەڵا دێنە خوار
درەختى لاڕێ ڕیزیان بەستووە
ئەڵێى بۆ ئاهەنگ دەستیان گرتووە
پەیکەرى بەرزى باڵاى منارە
تامزرۆى مەل و پۆلێ باڵدارە
ئێشگرى شەو بۆ ئەم هەوارە
چیاى سەربەرزى چوار دەورى شارە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
65-- نزا
دەمەو ئێوارە خۆرى ڕووى تۆ هات
دنیاى ئەوینى ڕۆشن کردمەوە
هەرچى ڕابردووى یادگاریمە
چاوى ئەفسونیت بیرى بردمەوە
وەرە هەناسەکەم بالێت دوور نەبم
چراى ئەوینى دڵ داگیرسێنە
لەباخى عەشقى چاوەڕوانیما
وەک تەرزە بۆ گوڵ خۆت دابارێنە
بەڕووى نازەوە دڵم مەشکێنە
ڕێژنە بارانى سەرنجت بێنە
من ڕێبوارێکى ماندووى گۆناى تۆم
لە کانى عەشقا تینووم بشکێنە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
66-- هاوڕێ
هاوڕێ گەر مرم جەستەم هەڵوەرى
کە دوادەوارم هەڵدا لەسەیوان
بۆ شەکەتى ڕێت کە سەردانم کەى
هەر سێبەرم بۆت وەکو ئەرخەوان
کەڕیزێ مۆم و کزەى هەناسە
بسووتێ و بۆنى بگاتە ئاسمان
ئەو کاتە گەردوون ئەنوسێ مردن
بۆتە باعیسى لەیەک دابڕان
تا لە ژینا بووم نەمدى لالەزار
بمرم گوڵاوى چاوت ئەبارێ
ڕۆحم لە ئاسمان گەر ئەستێرەش بێ
بۆ دیدارى تۆ دێتەوە خوارێ
---------- ----------- ----------- ------- ---------
67-- سەرگەردان
ساڵانێکە بانگم ئەکەیت، هەتا ئێستاش من بێ ناوم
ناونیشانى چى بەم بەتۆ، لەلاى خۆشم نەناسراوم
چۆن ئەتوانى من بدوێنى، خۆلە ژینما قەت نەدواوم
زەردەخەنەى چى بناسم، بەئەشکى تەڕ گۆشکراوم
لە جەژنى کام ڕەنگا دیاربم، ڕەنگى ساردى نەبینراوم
وێنەى خۆم چۆن بناسمەوە، لەئاوێنەى تێکشکاوم
دوور ئەڕوانم بەڵام چیبکەم هەردوو چاوم ون کردووە
جەستەم ئەڵێى پەیکەرێکە، چونکە دڵمى تیا مردووە
چى لەخۆرى ئاسمان بکەم، خۆ من دایمە ڕۆژم ڕەشە
تەنیا لەڕێى چاوەڕوانى، بینایى من ڕوون و گەشە
وەکو مۆمێک غەرقم لەناو نمەى ئەشکا بۆ سووتانم
دەسا چیبکەم کەمن ماندووى، سەردەمێکى بێ پەیمانم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
68-- بارگەى خەم
بارگەى خەمم هەڵگرت و هاتمەوە بۆ شارەکەم
هاتم بەرەو دییارى شەنگى کەسو کارەکەم
بۆ باوەشى بەسۆزى دایکە دڵ سووتاوەکەم
تاکو بزانێ چەندە بەسۆیە ئازارەکەم
هاتووم وەکو شەماڵێک چڵ و گەڵا بدوێنم
پاییزى غەریبى دڵ بەجارێک هەڵوەرێنم
کەمن نمەى باران بم، ئێوەش ئاوێنەى باخمن
هەرچەندە لێتان دوور بم، هەنسک و ئاهى ناخمن
دڵم پرسەخانەیە، سەرم بەفرى زستانە
هەمیشە خەم لەچاوما باڵاترین میوانە
وەک باڵندەى لانەواز .. تەرەو بێ ناونیشانم
چەن شیرینە کە دەڵێم، من خەڵکى کوردستانم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
69-- هەور
ئاى لە سیحرى چاوەکانى منى خستە دەریاى گومان
هێڵى دەستم دایە دەستى ڕێبوارێکى وەفا نەزان
جاران ڕۆژم ئاوێنە بوو، دەریایەک بوو بۆ شەپۆلم
بەڵام وەکو گەڵاى پاییز ئێستا غەرقى خاک و خۆڵم
دڵم دایە دەستى هەورێک هەتا باران ژیرکاتەوە
وەکو خۆرى دەمەو مەغریب چاوگەشانە بڕواتەوە
بریا هەستى خۆم بدایە بەپەیکەرێک بێ ڕۆح و گیان
نەک بەڕۆحێک پڕاوپڕ بێ ، کەتیاى نەبێ هەست و ویژدان
خۆزگە چاوم گەڵا بوایە، تا پاییزێک هەڵوەریایە
ئیتر گریەى هیچ هەورێکم، بەچاوانى خۆم نەدیایە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
70-- دڵئاوێنە
وەرە ئەى دڵئاوێنە، دڵى پاکم بدوێنـە
تەنیا هیوام بەتۆیە، چرایەک داگیرسـێنە
دڵم کەوتۆتە لەرزە، ئەڵێى هەرمێى بەربایە
بوم بەمەمى ئالانێ دایمە شــەو لەخەومایە
عەترو گوڵاوم ناوێ، تــــا ئەو گوڵم بۆ بێنێ
ئەڵێى جـــەژنى نەورۆزە دڵم دائەگیرسێنێ
چرپەو دەنگـــــى هێمنى تارو هاوارى سازە
هێندە دەرونى پـــاکە ، نەغمەیە پڕ ئاوازە
ئەڵێى ڕووبارو ئاوە زوو دەڕوا لەبەر چاوم
خۆرى گەشى هیــوامە بەڕوناکى ئەو ماوم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
71-- سێبەرێکى ماندوو
ئێوارانێ دڵى تەنگم ئەڵێى هەرمێى بەر بارانە
سێبەرێکى وەک خۆم ماندوو بەشوێنما دێ لەم ژیانە
بەچاوى پڕ نیگەرانم شێوەى خۆشم ناناسمەوە
لەتەماشاى هەموو خۆرێک ئاوابوونێک ئەبینمەوە
ئەى ئەستێرەى شەوى تارم سەرهەڵبێنە لەم دییارە
لە دوریتا خونچەى باخم، بێ خەندەیەو لێو بەبارە
تاوێک وەرە وەکو باران چۆن دەبارێ بەسەر گوڵا
تاسەى کەیلم بتۆرێنە دەى ببارێ بەسەر دڵا
بۆیە هێندە تۆم خۆشئەوێ هەر خەمباربم لەهەناوماى
ئەڵێى شەپۆلى فرمێسکى هەر کە دەگریم تۆ لە چاوماى
هەنسکێکى لە گەرووما لە هەناسەم نابیتەوە
وەکو بەفرى چلەى زستان بە سووتانم ناچیتەوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
خۆشەویستیت لەچاوانما
دەریایەکى بێ سنوورە
ئەو دەمانەى لەتۆ دوورم
هەموو دنیا لەمن دوورە
خۆشەویستیت بەهارێکە
هەزار گوڵى خۆزگەى تیایە
تۆ ئێستاکە هەناسەمى
بێ تۆ ناژیم لەم دنیایە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
72-- دێوانە
دێوانەم بۆ نیشتمان ، دێوانەم بۆ کوردستان
بۆ دییارو هەوارو کانى و سەرچاوەى ژیان
من عاشقى وڵاتم ، عاشقێکى سەرمەستم
غەریبى وشکى کردووم ، بەڵام بۆ ئەو بەهەستم
من بەخۆرى ئەو دەژیم، ئەو گوێى لە ناڵەى منە
گەرچى ناونیشانى من ، هێشتا ماڵێکى ونە
خاکەکەم ئاوێنەیە ، ڕووى خۆمى تیا ئەبینم
هەموو دنیا باخچە بێت لاى ئەو گوڵم ئەچێنم
خۆشەویستى من و ئەو وەکو شەماڵ و گوڵە
چەندە لەیەکتر دور بین ، نێوانمان تەنیا دڵە
فرمێسکى ئەو بارانە و ئەشکى منیش گریانە
هەر چاوم لە چاویا بێ پڕ خۆزگەم لەم ژیانە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
73-- گوڵى لادێ
گوڵى لادێ .. دەم بەخەندە.. ئەى شاجوانى میهرەبانى
ڕوخسارى تۆ ئەڵێى مانگە ، چونکە ئارایشت نازانى
ئاوێنەى تۆ کانى ڕونە ، کاتێ پرچت دائەهێنى
بەخۆر چاوانت ڕشتووەو بەشەرمەوە چاو هەڵدێنى
تۆ هەر گوڵ و باخ ئەناسیت ، دوور لە سیحرى هەڵوەرینى
لەجێى زێڕو تەڵاو گەوهەر خەو بە لوتکەو شاخ ئەبینى
جێژوانى تۆ بن دارێکە بەرامبەر بە کانى دێیە
ئەو بەهارەى تۆ چاوەڕێى تەنیا دیارى گوڵى پێیە
جوانى لادێ نیگا شیرین ، هەر لەخۆت دێ جوانترین ناز
وەک هەمیشە تۆى ئیلهامى دەنگى شیعرو نەواى ئاواز
کچانى شار هەرگیز وەک تۆ بەهاى گوڵیان نەناسیوە
وێنەى خۆیان وەکو هەتاو لە ڕووبارا قەت نەدیوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
74-- گریان
لە ناو شوشەى خەیاڵمدا خەم وێنەى تۆم نیشان ئەدا
لەگەلڕ هەموو گریانێکما تواناى خۆزگەم لە باڵ ئەدا
نەمئەزانى ئەم سەفەرە وەکو خۆرى لاى ئێوارە
کۆچى تۆیەو خەمى منە لە دەروازەى ئەم هەوارە
چاوەکانم بوونە دەریا وا خەریکن ئەتوێنەوە
دەرگاى هەموو گریانێکم بەیادى تۆ ئەکرێنەوە
چاوى سەوزى بەهارى تۆ وەکو لالە بەشەرمەوە
خەمى دڵى بۆ گوڵێکى دەم ڕەشەبا نەکردەوە
من چاوەڕێى سێبەرێک بووم تا لەگەڵتا ئارام بگرم
چیدى لەخەم دەست بەردەم و ئیتر ئەشکى گەشم نەسڕم
بەڵام داخم بەسەد داخم بوو بەساڵى هات و نەهات
بووى بەنمەى ناو دەریاچەى ڕۆمانێکى پڕ بەسەرهات
---------- ----------- ----------- ------- ---------
75-- ڕێگا
دەستەکانم پڕکە لە گوڵ ، هەتا دڵم بەم بەگیانت
چاوەکانم پڕکە لە ڕەنگ ، تا بەهار بم بۆ ژیانت
تاوێ ئاوى چاوانم بە ، ڕووناکى بە بۆ بینینم
لەسەر ڕێگەى تەنیایما هەوارێک بە بۆ ئەوینم
وەکو یەکەم نمەى پاییز کۆچى گەڵام بیر بەرەوە
وەرە گوڵآ بۆ دیدارى عەشقى خۆتم ببەرەوە
لەگەلڕ باران بانگت ئەکەم لەگەڵ گوڵا ئەتناسمەوە
چیرۆکێکى بێ پایانى لە ناخمدا ئەتنوسمەوە
من گەڵابم تۆ شەماڵى ، گەر بەستەشبم تۆ گۆرانى
لەشەوانى ئەندێشەما تەنیا هەر تۆ چراخانى
ئەى ئەستێرەى ڕێ نیشاندەر ، بەشوێن تۆدا شەپۆل ئەدەم
ژیان لەلام دەریایەکە ، گەر تۆ نەبى ڕێ ون ئەکەم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
76-- دیدەن
گوڵاڵەى بەهارى .. شەنگى نێو هەوارى
دایمە چاو لە ڕێگەم .. بۆ ساتێک دیدارى
هەناسەى شیرینم .. ئەى خەندەو ئەوینم
بەتیشکى چاوانت .. ڕێگەى ژین دەبینم
ئاوازى بارانى .. ئەستێرەى شەوانى
چاوت خۆرەتاوە .. هەڵدێ بەئاسانى
ئەى تاسەى بەتاوم .. خونچەى پڕ گوڵاوم
من بۆ تۆ دەسوتێم .. بەخەم پەشێواوم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
77-- خۆزگەى وەریو
کە دەڕوانم بۆ ئەم ژینە چاوم هەزار خۆزگەى تیایە
بەڵام چیبکەم کە بارانێک لەناو دڵما پەڵە نایە
کەس هێندەى من شەوانەى شەو ناڕوانێتە چاوى ئاسمان
کەچى هەستى مانگەشەوێ دنیاى نەکرد بە ڕۆژى جوان
من خۆرێکم نەناسیوە ، کە لە چاوما هەڵهاتبێ
سێبەرێکم لێ ون بووە ، بەشوێن خۆما هەنگاو دەنێ
ئەڵێى تواناى بەساڵاچووم ، کە گۆچانێک دەستى دەگرێ
یا وەک مەلێکى باڵشکاو ، کە نەتوانێ تازە بفڕێ
خۆزگەم وەکو چراى خامۆش ، چاوەڕوانى داگیرسانە
هەتاوێکى سارد و کاڵى پاییزێکى تەمتومانە
لەناو باخى هەڵوەریوا ، کێ خونچەیەک ئەباتەوە
تا کلیلى دواخۆزگەى بێ و بەهارێکى پێ بکاتەوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
78-- دوا ئاواز
دیسان شەوە ، ئاخ لەم شەوە ، چاوى دنیا مەستى خەوە
هەر من نەبێ بیرو هۆشم ، سەوداسەرى چاوى ئەوە
مناڵیى من کەى دێتەوە ، دەرگاى خۆزگەم بکرێتەوە
دەرمبێنآ لەم غوربەتە ، ڕۆژى ڕونم هەڵبێتەوە
دەستم پڕ بێ لە گوڵ و باران ، چاوم دانێم لەسەر ڕێتان
بەخەندەوە دوا ئاوازم ، نەوایەک بێ بۆ غەریبان
لەدوڕیانى هات و نەهات ، چیرۆکێکم پڕبەسەرهات
لەتەنیایى تەنیاترم ، ژینم پڕە لە مەرگەسات
---------- ----------- ----------- ------- ---------
79-- یاقوت
بۆچى وەکو بەهار هاتى ، کە پاییزێک سێبەرت بوو
بۆکوێ ڕۆشتى کە تەنیایى چەترى ڕێگەى سەفەرت بوو
کۆچت کردو پێ هەنگاوى ڕێگەى تازەت کەوتە پرتاو
واتئەزانى شەوەزەنگم هەتا بڕۆى بەرەو هەتاو
ئێستا لە داڵدەى کام کۆشکاى تا دەروازەت لێ بکاتەوە
مانگەشەو بویت ئەتویست هەتاو باوەشت بۆ بکاتەوە
لەگەڵ بەفرا منت ناسى بۆ بێگەردیم سیاپۆش بووى
کەچى لەگەڵ کۆچى خۆتا پڕ دەریایەک خەندە نۆش بووى
هێشتا چاوت نەدا بەمن چاوەکانم کەوتنە بەر پات
مۆمێکى بێ پەروانە بوى لەتاریکیم دانەگیرسایت
پەنجەرە بووم بۆ ڕووناکیت دەروازە بووم بۆ ژیانت
وەکو باران بەخەندەوە نمنم دەهاتمە سەردانت
---------- ----------- ----------- ------- ---------
80-- ژیلەمۆ
هەرچەن لەپشکۆى خەما ئەسوتێم
بەڵام تەنیایى دڵى تەزاندوم
بەفرمێسکێکا خۆم دەناسمەوە
زەمانە خەندەى لە لێو تەراندووم
بەشوێن سێبەرى خۆما دەگەڕێم
هەتا لەباڵام جیا نەبۆتەوە
دەترسم دڵم سەرى هەڵگرێ
بچێتە جەستەى پەیکەرێکەوە
دایمە فرمێسکى چاوم دەبارێت
بەڵام کانیاوێک لەناخما نییە
بەو ناونیشانەى کەبانگم ئەکەن
خۆشم نازانم من ناوم چییە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
81-- وێنە
هەموو ڕۆژێ خۆرێکى گەش دەڕوانێتە سلێمانى
لەژێر سەرپۆشى هەورەوە، لەپزێڕینە چیاکانى
سەرچاوەى شیعر و هونەرە دواهەوارى میرى بابان
هێندە جوانە پاییزانیش شار دەبێتە بەهارستان
دوا ئەوینى عەولەسیس و لالەزارى مامە یارە
دەنگانەوەى ڕاپەڕین و نەورۆزێکى نۆ بەهارە
بەخوێنى گەش ئاودراوە شارو لانەى مەلیک مەحموود
ناگەن بەجوانى ئەم شارە هەزار باخى لالەو نەمروود
رازاوەى کەن ئەم هەوارە با شەوانى چراخان بێ
باسەرچاوەى کانێسکانى شوێن ئارامى ئاسکەکان بێ
---------- ----------- ----------- ------- ---------
82-- پەنجەرەى ڕوون
دڵى وەریو چیت لێم ئەوێ ، کە تۆ ئێستا ورد و خاشى
تازە لە دواى هەڵوەرینت ، شنەى بەهار چۆن ئەناسى
تۆ هەر وەکو گوڵى وەریو ، کە دابڕاى لە ژیانت
چۆن لە هەورا خۆرێکى گەش ، دەڕوانێتە ناو چاوانت
دەستى لەرزۆک چۆن ئەتوانێ ، دڵى شکاو کۆکاتەوە
لە ژوورێکى تەمتومانا ، ڕووناکییەک هەڵکاتەوە
لە مەغریب و ئاوا بوونا ، هەتاو ئاوڕ ناداتەوە
لە شەوێکى پڕ گومانا ، کێ دەروازە ئەکاتەوە
دڵى شکاو ئەى سەرچاوەى کانى ڕوونى ئەشکى چاوم
نازانم تۆ لەمن ون بووى ، یا من لە تۆ بەجيَ ماوم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
83-- ڕۆژان
با بەس بێ چاوەڕوانى
بۆ بەحاڵم نازانى
چاوم لە ڕێگەى تۆیە
هەر تۆ بیناى چاونى
****
ڕێگەم هات ونەهاتە
ژینم پڕ مەرگەساتە
بەرگەى جودایى ناگرم
لەم دنیا خەرابــاتە
****
ئەڵێى مەلى کوێستانم
ئاوارەو سەرگەردانم
دور لە خۆرى بەتینم
کوا ڕۆژانى جارانم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
ئەى هەوارگەى ئەوینم
بێ تۆ مەحـــاڵە ژینم
خەندەو خۆشیم هاوارە
تروسکەى نییە ژینم
****
وەرە دەستى یەک بگرین
بۆ خۆشبەخت ڕێ بگرین
لەناو خەندەى جێژوانا
دنیا پڕکەین لە ئەوین
****
ئاوێنەى دڵى یەک بین
پەنجەرەیەک بین بۆ ژین
هەتا دوا ڕۆژى تەمەن
هەرگیز لەیەک دوور نەبین
---------- ----------- ----------- ------- ---------
84-- سایە
بەسۆزەوە گوڵم ناسى، وەکو یەکەم نمەى باران
بەپرچى خۆر ئاشنا بووم، تا ئاوابوونى ئێواران
خەندەو قاقاى پێکەنینم، ئاوێتە بوون بەئەشکى گەش
دوا ئەستێرەى پرشەدارم بوو بەخاڵى شەوێکى ڕەش
دڵم سپارد بە دڵێکى ناو ئاوێنەى چەم و کانى
عومرم بوو بە چڵەدارێ و گەڵایەکى بۆ نەهانى
هەرچەن ئەکەم یادگارێکى مناڵى خۆم پەیدا نابێ
چاوەڕوانى هەتاوم کرد، کەچى شەوى بەسەر دادێ
وەک چۆن شەپۆل هاژە ئەدا لەدەریاوە بەرەو کەنار
چەن هەنگاوى بێ باک دەنێم ناگەم بە مۆمێکى بێدار
وەکو پاییز لە ناو پرسەى گەڵاکانا دائەنیشم
لەدوا بادەى ئەشکى هەوران بادەى تەنیایى ئەنۆشم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
85-- دڵدانەوە
قەت دڵت مەدە بەچڵە نێرگزێ
نەبا عومرى تۆش وەک عومرى ئەوبێ
وەکو پەپوولە دیدارى گوڵ کە
بەشوێن شەماڵا هەنگاوت بنێ
دڵت مەست مەکە بەپەڵە هەورێ
نەبا چاوانت داکاتە باران
لەمەغریبەوە جوانـى شەو دیارە
هاوڕێى شەوانە، ئەستێرەى ئاسمان
لەناو گوڵدانا عەشقى گوڵ مەبە
چونکە دواڕۆژى ژیانى ئەوە
ناتوانى تازە بیگێڕیتەوە
چونەوەى بۆ باخ ، خەیاڵ و خەوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
86-- بەفر
کە منداڵ بووم
بە بارینى بەفرى تازە دڵخۆش ئەبووم.!!
حەزم دەکرد .. لە ناو بەفرا
بەشوێن پێى هیچ کەسێکى تردا هەنگاو نەنێم
دەکەوتمە سەر تەختى بەفر و
ڕێگایەکى تازەم دەبڕى ..
شاگەشکە بووم بە بڕینى ڕێگاى تازە لەو بەفرەدا
حەزم دەکرد شوێن پێکانم لەو بەفرەدا قەت ون نەبێ
کەچى ئێستا گەورەبووم و
وەک ئەو کاتەى خۆر هەڵدەهات
نەشوێن پێى خۆم ، نەشوێن پێى کەس ، بەدى ناکەم
چاودەگێڕم بۆ ڕێگایەک
نەبا خۆشم لە ژین ون کەم !!
---------- ----------- ----------- ------- ---------
87-- شەقامى یاد
ئەڕۆم بەسەر شەقامێکا ، پڕ لە یادى مناڵیمە
کوچەو کۆڵان پێ نازانن ، کە جێگاى شارى یاریمە
دارتێلەکان نامناسنەوە ، کە ڕووناکیم لێ ئەشکاندن
بۆنى بوغوردآ نەماوە ، شەوى جەژنان ئەمسووتاندن
ئەڕۆم بەرەو ئەو ڕێگایەى ، کە ڕۆژانێک شارى من بوو
چەن زەنگیانەو مووروى وردم ، لە ناو دڵیا زۆر لێ ون بوو
پەشیمانم لەو ڕۆژانەى ، بەردم ئەگرتە دارەکان
کەچى ئەوان تووى شیرینیان ، بۆ بچووکى من ئەوەران
ئەو سەردەمە بەهار گوڵى بەچەپکەوە لەسەر ئەدام
ئەو ڕەنگانەى ئێستا ماتن ، نیشانە بوون لەسەر ڕێگام
بەیانیان زۆر بە ئاوازى چۆلەکەکان خەبەر هاتم
بەڵام ئێستا ئەڵێى خەونە گشت ڕابردو و بەسەرهاتم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
88-- دەنگى باران
سەردەمێک بوو خۆشەویستیم ، لەناو تیشکى هەتاو ئەچنى
گەڵاى خۆزگەم لە ناو باخى ، عەشقى پاکى تۆدا ئەڕنى
شەوقى چاوت وەکو تاڤگە ، ئەڕژایە ناو چاوانمەوە
بەهار ئاسا بەڕەگى گوڵ ، هاتیتە ناو ژیانمەوە
وەکو بەفر کە دوا چڵى درەختێکى سپى ئەکرد
یا وەک سروە کە دوا خۆزگەى بۆ هەورێکى ئاسمان ئەبرد
تۆ هاتیت و دەنگى نەرمى بارانێکى بێ چرپە بووى
دڵى ماتى ڕێبوارێکى پڕ ئەوینى بآ ترپە بووى
شاخە بەفرى ناو دەریا بووى ، لەناخمدا تووایتەوە
چرۆیەکى نەوبەهار بووى ، لەسەر چڵم ڕووایتەوە
لەشەپۆلى هەورا ئێستا کەشتى مانگم لێ ون بووە
لە ناو دڵێکى بەردینا ، دڵى خۆشم لە دەست چووە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
89-- پێنوس
تەماشامکرد پێنوسەکەم بۆ تەنیایى خۆى دەگریا
هێندە گریا بەفرمێسکى ، لاپەڕەکەش بوو بەدەریا
دەریایەکى سپى و بێگەرد هێڵەکانیش بوونە شەپۆل
پێنوسەکەم هەر دەسوتاو لاپەڕەکەم وەکو سەهۆڵ
ئەوسا زانیم بێ ئاگا بووم ، تا ئێستاکە چیم نوسیوە
چونکە خاڵى هەموو حەرفێک ، ئەشکێک بووەو نەمبینیوە
منیش زۆر جار دڵى تەنگم ئەڵێى هەورى بێ بارانە
بەڵام کەسێک نەیزانیوە ناخم دەریاى پڕ گریانە
من هەر سەوداى گوڵم ئەکرد کەچى دڕکێک دەستى گرتم
ویستم بۆنى هەڵاڵەکەم باڕەش هات و زوو لێى بردم
شەوم سپارد بەتەنیایى و ڕۆژم بەخشى بەئێوارە
کەس گوڵێکى بۆ نەناردم لە گوڵزارى ئەم بەهارە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
90-- پەرى خەیاڵ
خۆشم ئەوێى وەک ئەو بایەى دەست لەپرچى تۆ بەرنادا
خۆشم ئەوآى تا ئەو ڕۆژەى ناوم ئەمرێت لە دنیادا
لەسەر ڕێگەت ئەبم بەباخ ، تەنیا لەبەر خۆشەویستیت
ڕۆحم ئەدەم بەخەندەیەک ، بۆ ڕۆژانى خەم و پەستیت
گەرچى گوڵم تۆ بێئاگاى بۆ ساتێکیش نەتناسیوم
بەڵام چیبکەم کە ئەتبینم ، ئەڵآى مەستى ڕەنگ پەڕیوم
چەخماخەى پڕ تەماشاى تۆ ، هەناسەیەک نەیداوە لێم
دیارە لاى تۆ پێناسەى من ڕێبوارێکەو نازانى کێم
تاوێک پەرى خەیاڵمبە ، باهەڵبەستێک داگیرسێنم
با لە شەوى شیعرەکانما لە جێى چرا تۆ بدوێنم
بێئاگا نیم خۆ ئەزانم تەنیا هەر خۆم فریو ئەدەم
بەڵام من بە تیشکى چاوت هەزار شیعر ڕۆشن ئەکەم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
91-- چوار باخ
ئەى هەناسەو دڵ و هەستم دایکى شیرین نیشتمانم
لەم غوربەتە بەیادى تۆم بەعەشقى تۆ ئاوێزانم
هەرچەند دووربم تۆ هەمیشە لەخوێنمدا دێیت و دەچى
نەوبەهارى ناو تەمەنمى کزەى ڕۆحم بەتۆ دەژى
بۆیە وێڵى ئەم چوارباخەم ، گوڵاڵەى سوور دایپۆشیوە
ئێشکگرى چوار ئەستێرەم ، ئاسمانى خۆیان نەدیوە
ڕۆحم زادەى ئاوو خاک و سیماى ڕونى ئاگرێکە
چوار ڕەنگەکەى ئاڵاى بەرزم پەیامى نەوبەهارێکە
وەکو مناڵ ڕێ دەژمێرم ، چەن لە دایکم دورکەومەوە
هێندە زیاتر بەتاسەوە ئاوڕى بۆ ئەدەمەوە
هەرچەن باڵاى تەنیایى من غوربەتێکى سەرەڕۆیە
تۆ لە دڵماى دایکى شیرین دەنگى دڵم هەر لاى تۆیە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
92-- شەرم
لەو ساتانەى لێو ئاڵ ئەبێ و کوڵمت گوڵى لێ ئەبارێ
چاوم بۆیە لێت ناتروکێ تا وشەى دڵ بێنمە زارێ
لەدوورەوە چاوم تیشکێک لە ڕوخسارى ئاڵت ئەگرێ
دواهەناسەو دڵ پێى خۆشە لەسەر لێوت ڕێت پێ بگرێ
هەناسەکان کاروانێکن یەک بەدواى یەک سەوداى ماچن
وەک چەپکە گوڵى دەم زریان وا ژاکاون لە گوڵ ناچن
ناچار پەنجەى شەرماوى خۆم بۆ دەستى تۆ ئەجوڵێنم
پەتى بەندى ئەم حەسرەتە بەم هەنگاوە ئەپچڕێنم
لەکاتێکا پەنجەى لەرزۆک لە دەستى خونچە گیر دەبێ
خوێنیش لە ناو خوێنبەرەکان پەیامى ناز لە دڵ ئەنێ
ئەو کاتە دڵ دێتە خورپەو هاناى حەزێک بۆ تۆ دێنێ
شەرم ئەشکێ و ناوى ماچیش بەگوێچکەتا ئەچرپێنێ
---------- ----------- ----------- ------- ---------
93-- دیارى خەم
دیسان ئەمشەو لە چاوانما خەمێکى تر بوو بە دەریا
دڵیش وەکو بەلەمێکى بێ چارۆکە لە ئامێزیا
خەمم نۆشى و خەمم ناسى ، لەگەلڕ خەما تووامەوە
لەگەڵ ئەودا چرۆم گرت و بۆ دووبارە ڕووامەوە
خەمم کردە دەروونمەوە و دواهەناسەى پێ نەبەخشیم
قوربانى بووم لە ڕێگەیا کاسەى مەرگى پێ نەنۆشیم
چاوەکانم ئەشکیان ئەگرت دەڕژانە ناو دەریاى خەمم
بینایمى داپۆشى بوو وامئەزانى هەور و تەمم
خەمێک هێندە بآ وەفا بێ کەسێک دڵى بۆ بکاتەوە
ئەو بۆ جارێک وەکو دیارى مەرگێکى بۆ نەباتەوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
94-- ڕەنگ
بەهار گوڵێکى نەدا لە سنگم
خەندە نەڕژایە ناو دڵى تەنگم
پاییز خەمێکى لێ نەوەرانم
هەورێکى ڕەش بوو ڕەنگى ئاسمانم
چاوم بەم ئەشکە بوو بە نابینا
عەشق خۆى نەکرد بە ماڵى ژینا
ڕووناکى هەتاو نەگەیشتە دڵم
ڕەنگێکم نەدى لە ڕەنگى گوڵم
وەرزى ژیانم هەمووى پاییز بوو
تەمەنم وەک خەو گشتى لەدەست چوو
---------- ----------- ----------- ------- ---------
95-- ئارمان
چۆن ئەتوانى شووشەى عومرى گوڵى باخچەى دڵ بشکێنى
لە چاوانى تۆدا ون بووم ، مەگەر هەر خۆت من بدوێنى
وەک چۆن شەوآکەمانگ نەبێ ، جێگەى لەدڵى ئاسمان دیارە
بڕوابکە ڕۆژەکانیش ، بێ تۆ لاى من شەوى تارە
دوا دەروازەى بەختى منى ، ئاخۆ کەى بێ و بکرێیتەوە
هەتاوێکى ئێوارانى ، جارێکى تر هەڵدێیتەوە
خۆرەتاوى ئەمڕۆ و سبەى ، تۆ لەبەفر سپى ترى
بەڵام وەکو دەریاى بەستوو ، بۆ شەپۆلم ساردو سڕى
خۆتۆ گوڵى پاییزە نیت ، دەست لە چڵم بکەیتەوە
دەریاوانى بێ چارۆکەى بۆ کەنارم هەر دێیتەوە
لەناو هێڵى دەستى منا ، ڕێى بەیانى خۆت ئەبینى
دڵنیابە ئەبێ گوڵى خۆزگەى من و خۆت بچێنى
---------- ----------- ----------- ------- ---------
96-- باڕەش
ئاى لە باڕەشى خەمبار ، دیسان گەڵاى هەڵوەران
پاییزى گرتە باوەش ، سەراپا باخ و بێستان
فرمێسکى هەورى ئاسمان ، دڵدانەوەى گوڵان بوو
لەگەڵ وەرینى گەڵا ، تەمەنى دار بەسەر چوو
هەرگیز ناگەڕێنەوە ، ڕۆژەکانى بەهاری
سێبەرى مەستى داران ، گشتى بوونە یادگارى
بە گڕى هەور و ڕەشەبا ، پاییز درەختى سووتان
بوو بەفەرشى سەر ڕێگا ، گەڵاى زەردى بن داران
کاتێ گێژاوى باڕەش بۆ گەڵا هەڵى ئەکرد
تیشکى هەورە بروسکە ، وێنەى سروشتى ئەگرت
دیمەنێکى خەمبار بوو ، ڕۆژى کۆچى ڕەنگەکان
ئاسمان ببووە دەریایەک ، هەورەکانى ئەگریان
---------- ----------- ----------- ------- ---------
97-- موسافیر
موسافیرێکى دورەوڵاتم
خۆزگە دەخوازم بە کۆترى ئازاد
چەندە سنورى ئاڵۆزاو دەبڕێ
تا بەدارێکى کوردستان دەگات
دڵى خۆم ئەدەم بەو پەڵە هەورەى
کە لاى من دەڕواو لەوێ دەبارێ
بۆ جەژنى نەورۆز دەگەڕێتەوە
دەبێتە میوان وەرزى بەهارێ
بریا خەیاڵم ئەبوو بەڕاستى
تا ئێوارەیەک لەگەڵ خۆى بمبا
یا ئەستێرەیەک بانگى ئەکردم
ئەوسا لە دەگاى ماڵى تۆم ئەدا
---------- ----------- ----------- ------- ---------
98-- باران
چەن شیرینە ئەو بارانەى ، کە دائەکا لەناوەختا
چەن ڕەنگینە ئەو بەهارەى ، گوڵ دائەنێ لەناو بەختا
دەریا لەبەر کەنار نەبێ ، هەرگیز هێندە شەپۆل نادا
بەفر لەتاو ئاگر نەبێ ، بەسەر خۆڵا قەت داناکا
دارى لاولاو بۆ بەرزى خۆى تەختى دیوار ئەکا بەگوڵ
تەنیا سۆزێک ئەبێ چى بێ ، سەرمایەیە بۆ ماڵى دڵ
ڕووبار لەبەر تەوژمى خۆى ، دەشتێک ئەکا بەو خەرەندە
خونچە لەڕێى پەپوولەیا ، ئەشنێتەوە پڕ بەخەندە
جوانى دەرگا لەوەدایە کە هەمیشە لەسەر پشت بێ
کێ دەزانێ دڵى شکاو ، ئەبێ دایمە لەسەر مشت بێ
کە شەو نەبێ هەڵهاتنى ، تیشکى هەتاو بێ بەهایە
دەنگانەوەى دوو شاخ نەبێ ، کێ دەنگى خۆى لەگەڵدایە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
99-- چ دەریایەک؟
چ دەریایەک هێندەى چاوم ، شەپۆلى دا تا بتبینێ
کام وەرزەت دى وەکو من بێ ، تا لەڕێتا گوڵ بچێنێ
ئەگەر گوڵ بى لە (با) زیاتر ، ئەهاتمە لات تابتبینم
ئێستاش وەکو هەتاوى گەش بەتۆ ڕوونە ڕێگەى ژینم
وەکو پەڵە هەورى بەهار ، کە چۆن ئەدا بەسەر شاخا
وێنەى ژینم تەماوى بوو ، بەم عەشقەى تۆ وا لە ناخا
ئەى بارانى هات و نەهات ، کەى دەبارێى بەسەر باخم
تا سەراپا چرۆ بگرێ چڵى هەست و دارى ناخم
ڕۆژەکانم پڕکە لە خۆر ، با بەجارێ دور لە شەو بم
نەوەک ئێستا کە ئالودەى پڕ خەیاڵ و مەستى خەو بم
ئاوازێک بە بۆ گۆرانى و دەنگى ماتى نیگەرانم
ناونیشانبە بۆ دوا پەڕەو دواهەڵبەستى ناو دیوانم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
100-- لە ئاوێنەى ئەم شیعرانەوە ..
مشتێک خۆشەویستى ڕوونى وشەت بۆ ئەنێرم
لە باوەشى ئەم نیشتمانە بێ کەس و کارەوە
قەڵەمى ماندووم بەعەشقەوە ئەخڵافێنم
لە باخى وشکەڵاتووى زەردەخەنەدا
هێشوو هێشوو .. ئەنگورى وشەت بۆ ئەنێرم
لەدەمەو ئێوارانى شارەجوانەکەى تۆدا
چاوم تینووى سەرنجێکە ..!
تەماشام ماندووى ڕێگایەکە ..!
گوڵەخان .. تۆش ئەگەر ویستت سیمام ببینى
بڕۆ تەماشاى ڕوخسارى پاییزکە
ئەگەر ویستت بەهار ببینى
وەرە لەبەر ئاوێنەى ئەم شیعرانەدا
تەماشاى ڕووى لالەزارى خۆت کە
ئەم شیعرانە .. گۆرانین
ئەم گۆرانییانە .. شیعرن
بۆ لاى تۆ دێن و لە تەنیایى تەنیاترن
ئەم لاپەڕانەى رەش بوونەتەوە
فرمێسکى تەڕى پێنووسەکەمە
رژاوە بەسەر هەموو دێڕێکیا
کزەى دەروونم هەڵى کردووەو
پشکۆى هەناومى گەشاندۆتەوە
لەگەڵ سووتانى هەناسەى ساردو تەزیوى خەما
دەنگى دڵم بوو ئا بەم حەرفانە ..
من خەمى قوڵى بێ هاناو پەستم
تەنیا هەر بۆ خۆم ئەنووسمەوە
کەچى زۆر سەیرە .. کەسێکى تر دێ
بەسۆز و بەستەو ئاواز و دەنگى
حەرف و هاوارى منى بێ هانا
بەسۆز و گۆرانى بۆ تۆ ئەڵێتەوە
تۆ بڵێى خەمى من ئازارى ئەو بێ؟
یاخود بمناسى و پشکۆى ئازارم گەیى بێ بە ئەو
نا .. نا دڵنیام ئەم هەڵبەستانە ،کانى و ئاوێنەى دەرونى رونمن
هەرکەس خەمى خۆى تیا بەدى ئەکا
دیارە لەکاتى بەستەو ئاوازیا
نەک هەر خەمى من ، بگرە ناویشم بێ شک ون ئەکا.!
---------- ----------- ----------- ------- ---------
هەمیشە خۆزگەکانمان
ئاو ئەدەین ، تا سەوز بن
بەڵام خۆزگەکان وەکو
گەڵاى درەختەکان نین
تا لە بەهارێکا سەوز بن و
لە پاییزێکا هەڵوەرێن.!
خۆزگەکان هیچ وەرزێکى تایبەتییان نییە ..
نەبۆ سەوز بون ،
نەبۆ هەڵوەرین !
خۆزگەکان لەکاتێکى نادیارا دەرئەکەون
بەڵام کەمجار سەوز ئەبن ..
زۆرتر ئەوەرێن.!
---------- ----------- ----------- ------- ---------