1-- ئاوابوونى خەم
تۆ بەتاڤگەى پێکەنینێ نەرمە شەرمێ ئەبارێنى
بەسەرنجى خۆشەویستى ڕۆح و جەستەم ئەبزوێنى
دەسا چیبکەم من باڵبەستى ژیانێکى دیل و کەیلم
هەموو دنیا گوڵباران بێ بەرەو تۆ دێ تاسەى مەیلم
تۆ بڕوانە چۆن مانگەشەو دارو دەوەن ڕەنگین ئەکا
سەرنجى تۆش وەکو هەتاو دنیام پڕ لە ئەوین ئەکا
ئەو شەوانەى کە من هەمن چاوت ڕۆژیان دێنێتەوە
یاساى ژینە کە خۆر هەڵدێ مانگەشەو کاڵ ئەبێتەوە
ئەى خۆرەتاو گەرچى پرشەى نیگاى چاوت زۆر بەتینە
تا ئەتوانم بۆت ئەڕوانم ڕووناکى ئەدەى بەم ژینە
دڵم گەڵاى درەختێکە شەماڵێک بەو ڕایوەشێنە
وەرە گوڵم لەدارى خەم تاسەى کەیلم هەڵوەرێنە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
2-- تریفەى خەیاڵ
وەرە تریفەى خەیاڵى شەوانى بێ ئەستێرەم
من غەریبى لاى ئێوارەى شارە جوانەکەى ئێوەم
ڕێگەى عەشقم نیشاندە تا زەردەپەڕ بەدیارە
تەنیا بادەو مەیخانە بۆ ڕۆحم ئینتیزارە
شەکەت بوونى ئەم ڕێبوارە ئاسوودەکە بۆ جارێ
لەم پاییزى غوربەتە بمبەرە نێو بەهارێ
تریفەى چاوى بەنازت ڕۆح لەجەستەم دەردێنێ
گوڵەباخ بەشەرمەوە لە ڕووتا هەرەس دێنێ
تۆى نورى بەر پەنجەرەى نیگاى وێڵى شەوانم
لە ڕۆژیشا تەنیا تۆى چرپەو سروەى بەیانم
وەرە ئەمشەو ئاسوودەمکە بێدەنگیم بۆ بشکێنە
ئەستێرەبارانە گوڵم تۆش وەرەو خۆت بنوێنە
لەئامێزى ئەم شەوە چراخانێ بسازێنە
لەم تەمى غوربەتەدا ساماڵێ وەدى بێنە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
3-- گەڵا
خۆشەویستیت بارانێکە خاکى خەمم ئەشواتەوە
ئاوازێکى پڕ سەفایەو دڵم ڕووناک ئەکاتەوە
سەرنجى تۆ شەپۆلێ بوو خاکى خەمى ڕاماڵیوم
ئەو دەمانەى لە تۆ دوورم واهەستەکەم خێر نەدیوم
بەڕووى خۆرت سەرهەڵبێنە بەڵام ساتێک مەڕۆرەوە
بەسەر باڵاى تەنیایما وەکو باران داکەرەوە
تاڤگەى خەیاڵ لەتۆوە دێ دەڕژێتە ناو دڵى مەنگم
هەروەک باخى دەمەو پاییز بێ سروەى تۆ من بێ ڕەنگم
تۆ بەهارى و گیان بەبەرى دڵى مردووم ئەکەیتەوە
نازانم چۆن خەیاڵیشم بەرەو لاى خۆت ئەبەیتەوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
4-- گوڵەباخ
خۆشەویستى ئێمە وەکو خۆشەویستى گوڵ وبایە
چیرۆکێکى بێ پایانەو لەدیوانى شیعردایە
عەشقى ئێمە چوار وەرزەیە هەمیشە هەر نەوبەهارە
شەقامێکى باڵاپۆشە لە سێبەرى لاى ئێوارە
پەنجەرەى ئەم عەشقەى ئێمە بەرامبەر بە خۆرنشینە
وەکو کانى ئەم هەوارە ساف و بێگەرد و شیرینە
گەر نێوانمان بیابانیش بێت لەخەونێکا بەیەک ئەگەین
وەک دوو باڵدار بە ئازادى بۆ لاى یەکتر لەباڵ ئەدەین
عەشقى ئێمە هەڵبەستێکە ئاوێنەیە بۆ عاشقان
گوڵەباخى ناو گوڵدانە بۆ دیدارى میوانداران
وەکو دڵى منداڵانە پڕ لە یارى و پێکەنینە
بەهیچ زێڕێ پێوەر ناکرێ ئەوەندە قورس و سەنگینە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
5-- چیت لێم ئەوێ
چیت لێم ئەوێ لەمە زیاتر دایمە دڵم وا لە مشتە
چاوم لە ڕێى گەڕانەوەت دەرگایەکى لەسەر پشتە
بڕوابکـە دابڕانیش ڕێگـەى عـەشـق لـە من نـاگـرێ
ئەوئەڵقەیەى لەدەستایە هەریەک پەنجەى پێ دیل ئەکرێ
بۆ بێدەنگى کە شیعرێکم هەزار پرسیار لە تۆ ئەکا
بۆ ناپرسى کە هاوارم ڕۆژى سەد جار بانگت ئەکا
خۆزگە ئەخۆم گیان بسپێرم تا ئاسوودە دڵ بسرەوێ
بێگومانبە کە لەو دنیاش بەم عەشقەوە هەرتۆم ئەوێ
---------- ----------- ----------- ------- ---------
6-- ناونیشان
لەوەرینى هەموو گوڵێک ناونیشانى منى تیایە
چیتر نەرمە شنەى بەهار بەسەر باخى دڵما نایە
ئـاودامانم لە تەنیـایى بەشوێن خۆما پێ هەڵئەگرم
بەفرمێسکى تەڕى چاوم تەمى شوشەى دڵم ئەسڕم
چراى خۆزگەى خامۆشى من بەرامبەر بە ڕەشەبایە
ئاوابوونى دوا سـەرنجـم لە ئـاوێنەى سـروشـتایە
دڵم لە بەر ڕووبـارى خـەم وا بەجـارێ بوو بە دەریـا
کەس وەکو من خەمى نەکرد بە تاقانەو هاوڕێى دنیا
کوچـەى چـۆڵى گەڕانەوەم هەر وەکو خـۆم دڵى تەنگە
چەخماخەى سەر کێڵگەى دڵم دایمە خامۆش و بێدەنگە
بەوەرینى هەموو گوڵێک خەریکە چاوم هەڵوەرێ
کزەى ڕۆحم بۆى ئەسوتێ و بەم ئاهەوە دێتە دەرێ
کەسێک نییە پەنجەرەى سۆز بەڕووى دڵما بکاتەوە
یا بارانێک بە هێمنى گەڵاى خەمم بشواتەوە
لەبێدەنگى خۆما غەرقى گومانێکى نادیارم
وەک ڕێبوارى بێ سەروشوێن وێرانەیە دوا دیارم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
7-- ناوى نوێ
واتێنەگەى وەکو جاران هەر ناوى تۆم لەسەر لێوە
ئەى نازانى کە گوڵ وەرى هەزار خونچە وا بەڕێوە
تۆ هەنگاوێک بەجێم دێڵى من سەد هەنگاو لە تۆ هەڵدێم
تۆ کەناوى من بەدناوکەیت من چاوەڕێى ناوێکى نوێم
بڕۆ لەگەڵ ڕووبارێکا گەڕانەوەت لە دوا نەبێ
پەنجەرەى ئەم عەشقە داخەو هەنگاو بەسەر دڵما بنێ
کەى ڕەوایە گوڵى نێرگز لە دواى بەهار سەرباتەوە
یا بارانێک لەهاوینا باڵاى دارێک بشواتەوە
وانەزانى ئێستا دڵم وەکو چراى خامۆش وایە
تازە تیشکى هەتاویش بیت ئیتر چاوم پێت هەڵنایە
بڕۆ لە ژێر هەورى ڕەشى پەشیمانى خۆت دانیشە
چوون ڕابردووى تۆ ئێستاکە لاى کەسێکى تر بە ئێشە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
8-- دەست بەنێرگز
ئەى ڕووبارى سەرهەڵگرتوو لەگەڵ خۆتا بۆکوێم ئەبەى
منى گەڵاى وەریوى خەم بەشەپۆلێک نوقمم نەکەى
بمبەرەوە لەگەڵ هەورێ بمبارێنە سەر وڵاتم
وا لە تۆفى غەریبیدا دڵم تەزى و ڕەق هەڵاتم
دەستم بگرە وەکو بایەک کە چۆن پەلى چڵێک ئەگرێ
یا وەک شنەى زەردەخەنە کە فرمێسکى چاوم ئەسڕێ
هانێ دەستم ها تەماشام بمبەرەوە بۆ نسارێ
دەى ببارێ وەکو ئەشکم بەسەر خاکا وەرە خوارێ
وەکو بۆنى چەپکێ نێرگز لە دەستێکا هەڵمڕێژە
لە دەروازەى شارا دامنێ و لەوێ خەمم پێ بنێژە
ئەوسا لەگەڵ ئێوارەیا دێم لە قاپى دڵت ئەدەم
چاوى خۆزگەم لە خەرمانى چاوەڕوانى تۆ شەن ئەکەم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
9-- نەزرى خەندە
من بینایم هەورى لێڵەو غەریبى وا لەچاومایە
پێکى مەینەت ئەخۆمەوە خەم لە دڵى گریاومایە
بەڕوومەوە پێمەکەنە خونچەى لێوت هەڵئەوەرێ
نەبا سیماى دڵى تەنگم زەردەخەنەت لەیاد بەرێ
گولڕ نیم هەتا منیش وەک تۆ پێکەنینم ئاودامان بێ
لەسەر لێوى وشکەڵاتوم نەزرى خەندەى پڕ باران بێ
ئیتر تۆ چۆن تەرزەى نیگات ئەبارێنى بەسەر منا
کە ئەزانى من باخیش بم وام لە وەرزى گەڵا ڕنا
دڵم گوڵى سەر فەرشێکە چەن بێگەرد بێ پێى لێ ئەنێن
لـە گـوڵدانى دڵى منـا زەردەخـەنەى تیا دامەنێن
با لێوى تۆ وەنەوشە بێ و لێوى منیش خاکى بیابان
زەردەخەنە لەخۆت جوانەو منیش هەورى چاو بەگریان
---------- ----------- ----------- ------- ---------
10-- نامەى باڵدار
شـەوانێکە بەفـرى چـاوم لە دوریتـا ئەتـوێتەوە
دەنگى دڵم وەک لاى تۆ بێ بەمن ئەڵێ هەر دێتەوە
دڵى تەنگم ئەڵێى هەورى پەشۆکاوى بێ بارانە
دەوەرەوە لە دووریتـا وا بـاڵئەگرن ئەم نـامـانە
ئەم ڕۆژانەى لە تۆ دوورم گیانکێشانم لا ئەنوێنن
ئاى چەن سەختە ڕۆحى شیرین لەجەستەما دەرئەهێنن
کە تۆ ڕۆح و هەناسەم بى چۆن بتوانم بێ تۆ هەڵکەم
گوڵ گوڵ وەرە نمنم وەرە با بەبۆنى تۆ خەم دەرکەم
هەموو ساتێک وەک غەریبێک تەنیاو تەنیام ئا لەم شارە
کەى دێیتەوە گوڵى خۆزگەم خۆ پاییز ڕۆى وا بەهارە
کەدوو چاوى خۆشەویستیت خۆرى دنیاى ڕووانینم بێ
چۆن ئەتوانى بێ من بژى کە گوێت لە ناڵەو شینم بێ
---------- ----------- ----------- ------- ---------
11-- زریان
نیوەشـەوە ئەسـتێرەیەک هـەر وەکـو من گۆشـەگیرە
ئاخۆ ئەویش بۆکآ وەک من نوقمى دەریاى هەست و بیرە
ئەڵێى گەڵاى پاییزێکم کە بێئاگام لەوەرینم
بەلەمێکم لەم زریانە هەر شەپۆلى خەم ئەبینم
وەک چۆن هەورى ڕەشپۆش ئەگرى بەسەرچەترى ڕێبوارێکا
منیـش چـاوى تێـڕوانیـنم وا لـەڕێـژنەى بـەهـــارێکـا
وەکو گوڵى دوور لەباران پاییز دەستم دەگرێ و دەمبا
غەریبییەک لەدڵمایە شوێن پێى ڕێگەم نیشان ئەدا
باى هەناسەم بۆ سوتانم پشکۆى دڵم ئەگەشێنێ
چراکەشم بۆ خەمى خۆى دڵى تەنیاى ئەسوتێنێ
لەگەڵ سایەى تەنیایما دوو دیمەنین لە تەنیایى
لەڕەهێڵەى سەختى خەما بۆ یەک ئەژین بە جودایى
---------- ----------- ----------- ------- ---------
12-- بیابانى خۆزگە
خۆشم ویستى وەکو نامەى غەریبێکى دوورە وڵات
بەڵام هەموو حەرفەکانم هەڵوەرین و کەوتنە بەر پات
وامـدەزانى نـەو بـەهـارى پـڕ لـە بـۆنى هـەڵاڵانى
کەچى دڕکى بیابانێک بووى ڕەنگى گوڵت هەر نەزانى
خۆ تۆ چرا نەبووى بۆ خۆت، ئێستا بۆ کێ داگیرساوى
وەک فرمێسکى پاش گریانێک لەهەنسکیش بەجێماوى
درەختێکى بێ سێبەر بووى بۆ ڕووبارى دڵى پاکم
نەمدەزانى گەڵاى مەستیت دەبارێنى بەسەر خاکم
مناڵانە بەشوێن پێتا بەسەر شێتى هەنگاوم نا
بۆیە لـەنـاو دڵى خـۆمـا شـکـاوانـە دڵم دانـا
هاتى وەکو ڕەشەبایەک بێوەفایت پێ ناساندم
مەلى خەندەو پێکەنینت لەناو باخى دڵ تەراندم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
13-- نەواى عەشق
ئەم نەوایە عەشقى تۆیە وا لەڕۆحما ئەتوێتەوە
لەگەڵ هەموو نیگایەکتا بەفرى خەمم ئەچێتەوە
بەسەر چیاى باڵاى تۆدا تەرزەى عەشقم داباریوە
هێندە بەرزى لەبەرزیتا کەسێکى وەک تۆم نەدیوە
ئەڵێى لوتکەى کوێستانێکى کە خۆر لەسەر سەرى نایە
یا وەک خونچەى دڵئارامێ لە چاوەڕێى شەماڵدایە
کام پەنجەرەى خۆشەویستى بەڕووى تۆدا ئاواڵاکەم
کام فرمێسکى پڕ شەونمم بەسەر شانى گەڵا داکەم
ئەو نیگایەى کەتێم ئەگرى چەخماخەیە بۆ ناوهەستم
چى بنوسم کە پێنوسم شەرمەزارە لەبەر دەستم
کەنەتوانم پێناسەیەک بۆ جوانى تۆ بدرکێنم
مەگەر لەناو تەماشاما نمەى خۆزگەم ببارێنم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
14-- فرمێسکى هەنارى
هەنارییە دوا فرمێسکم دەنکە دەنکە دێنە خوارێ
هەموو دنیا خەندە بگرێ لاى من تەنیا خەم دەبارێ
نەبزەیەک نەسیمایەک زەنگ لە دەرگاى دڵم نادا
نەهاوارێک نەئاوازێک بۆ خۆشبەختى بانگم ناکا
بێگومانم کە تەنیایى هەر ڕۆژێ بێ دڵم دەخوا
بەڵام بێجگە لە فرمێسکم کێیە خەمى دڵم دەشوا
پەنجەرەى چاو لەسەر پشتەو دەرگاى دڵم ئاوەڵایە
چاوەڕوانى شەماڵێکم بەڵام چیبکەم هەر سەر نایە
دڵى ماندووم بە بێدەنگى وەک شەقامێک ڕاکشاوە
ئەڵێى ئەشکم ڕووبارێکەو لە چاومەوە ڕاکێشراوە
لەگەڵ خەما وا ڕاهاتووم پێکەنینم بیرچۆتەوە
تەنیا خەمە جێى غەریبى لەناو دڵما کردۆتەوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
15-- دەریاى ئەشک
ژیانى من چیرۆکێکە بۆ دەپرسى کەدەزانى
لە وێرانەى خەمباریما وچان ناگرى بەئاسانى
لەئاسمانى من مەڕوانە قەت ئەستێرەى تیا هەڵنایە
ئەو سێبەرەى کەمن هەمە درەختێکى بێ گەڵایە
پەنجەرەکەم هەروەکو خۆم لەناو تەما داخراوە
لە جێى چرا ئەشکى چاوم بۆ تەنیایم هەڵکراوە
گێژەڵووکەى ئاوێنەکەم وردە وردە ئەمشێوێنێ
بەفرم عومرى ژیانیشم وەکو سەرم هەرەس دێنێ
شەپۆلى خەم لەناو دڵما وەک تەوژمى دەریا وایە
دواهەناسەى پڕ هەنسکم ڕەهێڵەیەو گڤەى بایە
ئیتر بۆچى لێم دەپرسى خۆرى نیگات بۆ هەڵنایە
کە ئەزانى دەریاى ئەشکێ لە سنورى چاوانمایە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
16-- خەوو خەیاڵ
چەن خۆشە ئەو خەیاڵانەى شەوان دەستم دەگرێو دەمبا
وەک بەلەمێ لەدەریادا بەسەوڵى خۆم ڕێگا دەکا
بزەى مەیلم گەر خەمبار بێ بەخەمبارى پەلم دەگرێ
بەڵام دڵم وەک باڵدار بۆ ئاسمانى خەیاڵ دەفڕێ
کە بێزارى بەرەو ڕووم دێ دەچمە وەرزى خەوو خەیاڵ
چى لە ڕاستى ژیانم کەم کە جێماوم لە چەندین ساڵ
دەڕۆم وەکو پەپوولەیەک باڵى ڕێگەم بێ سنوورە
وەکو بایەک دێم و دەچم ڕۆح لەجەستەم هێجگار دوورە
چەن خۆشە ئەو خەیاڵانەى وەک نەوڕەسێ لەباڵ ئەدەى
وەکو هەورێ کوێت پێ خۆش بێ بەڕێژنەوە لێى دائەکەى
بەڵام حەیفآ خەیاڵى شەو وەکو بەفر دەتوێتەوە
لەسەر لوتکەى ئەستێرەش بى لە جێى خۆتا ئەتلێیتەوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
17-- بەفرى دەریا
هەتاکو کەى چاوەڕوان بم وەکو گوڵێک لە ڕێى شەماڵ
ئەى نازانى کە تۆ نەبیت بێ بەهارە چوار وەرزى ساڵ
وەکو شاخى بەفرى دەریا لەناو عەشقا توامەوە
لەناو باخى خۆشەەیستیت وەک نەمامێک ڕووامەوە
دەوەرەوە وا پەنجەرەى ژوورەکەشم چاوەڕوانە
وەک هەتاوێ وەرە ژوورێ با تێپەڕێ ئەم شەوانە
کێ گوێ لە دەنگى من ئەگرێ کێ خەمى من ئەخواتەوە
کێ وەکو تۆ لەناو دڵما گڕى عەشق ئەخاتەوە
بۆچى نایەى وەک شەپۆلێک دەستم بگرى بەرەو کەنار
هەتا عەشقم وەکو مەلێک لەبالڕ بدا بۆ دوا هەوار
دوا هەوارى عەشقى ئێمە وەک سێبەرى دار چنارە
لە ژێر چڵێک وەک دوو باڵدار ئەڕوانینە ئەو بنارە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
18-- کاڵ بوونەوە
لەبیرت دێ هەموو ڕۆژێ ڕووناکى بووى بۆ چاوانم
کەچى ئێستا لە ناسینى یەکەم ڕۆژت پەشیمانم
یەکەم گوڵى کە بۆت ناردم ئێستا هەر خۆم ئەیوەرێنم
گەر بۆم بکرێ ئەو ڕۆژانەش لەتەمەنما دەرئەهێنم
ئیتر ئەشک لە چاوانما بوو بە وەرزى باران بڕان
بێزار ئەبم لەو شەقامەى کە بۆ ساتێک ئەبووە جێژوان
دوا هەتاوى خۆشەویستیم لەچاوى تۆ ئاوا ئەبێ
ئیتر شنەى دوا سەرنجم بەشوێن پێتا هەنگاو نانێ
نەمدەزانى لەگەڵ تۆدا دواین ڕۆژم شەوى تارە
نەک هەر چاوت بگرە چراى ژوورەکەشت بێ بڕیارە
با هەمیشە لەشەودا بم هەتاوێکم ناوێ لێڵ بێ
چى لە عەشقى سەرەڕۆکەم وەکو کەشتى دەریا وێڵ بێ
---------- ----------- ----------- ------- ---------
19-- لاپەڕەیەکى نوێ
بەیەکجارى لەبیرمکە ڕەنگ و دەنگم بسڕەرەوە
لاپەڕەى نوێ و سپى ڕوونتر لە ژیانتا هەڵدەرەوە
چاوەڕوانى ڕێگەم مەبە لەگەڵ بایا ڕێم پێ نابڕێ
شەرمەندەم کە فرمێسکێکم لە چاوانى تۆ پێ ناسڕێ
کە نەتوانم مۆمى دڵم لە سەر ڕێتا داگیرسێنم
ئیتر بۆچى لە ئاوێنەى هیواى تۆدا خۆم بنوێنم
ئەى فریشتەى دوا مەبەستم دووربە لەمن تا ئەتوانى
نەک ژیلەمۆى خەمەکانم بتسوتێنێ و پێ نەزانى
بڕۆ بەشوێن ئەو دڵەدا کە خەم بەلاى دڵیا نایە
پەنجەرەکەى لەسەر پشتەو دایمە بەرامبەر بە بایە
من کە دەستم بێ سامانەو ژوورەکەشم بێ چرایە
بێگومانبە زەردەخەنە قەت لە دەرگاى لێوم نایە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
20-- سلێمانى
لە جوانیدا ئەڵێى بووکى چوار وەرزەیە سلێمانى
بەمۆسیقاى ڕەشەباکەى سەما ئەکا دارەکانى
پڕ لەنازە خۆشەویستى تاڤگەو ئاوى سەرچنارى
لە دوورەوە بانگت ئەکا بۆ سەرمەستى نەوبەهارى
دەمەو زستان بەبێگەردى ڕەنگى بەفر دەکاتە بەر
گۆیژە سەرى سپى دەبێ و تاجى سەرما دەکاتە سەر
لە پاییزا گەڵاکانى فەرشى تەڵاى سەرە ڕێیە
لەناو دەریاى ئاسمانیدا باڵندەکان نازیان پێیە
ئەڵێى سیماى ئەفسانەیە لوتکەو گرد و لەپى دەشتى
نیگاى پڕى گەلاوێژى ئەڕوانێتە باخى گشتى
ئێوارانێ خونچەو گوڵى دەرکى سەرا ئەشنێنەوە
تەنیا جارێک لەم شارەدا خەم لە دڵتا ناهێڵنەوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
21-- شەوى بێڕەنگ
ئەمشەو دڵم بیابانێکە باڵدارێکى لێوە نایە
بەتەنیایى ئەڵێى کەشتى بێ چارۆکەى ناو دەریایە
شەوى تارە ئەم سروشتە وا ڕەشپۆشە ئەم دنیایە
چراکەشم هەروەکو خۆم چاوى ڕوونى بۆ هەڵنایە
ئەڵێى پرسەى مەرگى خۆمە وا بێدەنگى ڕاوەستاوم
ئەبێ چى بێ وا بۆ ئەمشەو گیان ئەسپێرێ هەردوو چاوم
درەختەکان ئەڵێى چەترن ڕەنگى شەویان لێ باریوە
شەقامەکان ڕەشتر لە شەو هاتوچۆیان لێ تەریوە
ئاسمانى شین ئاودامانى چارشێوێکى تارو لێڵە
تەنیا منم لەم شەوەدا وەکو مەلێک جەستەم وێڵە
شار بێدەنگ و کپ و خامۆش دەنگم بەهیچ کەسآ ناگا
هاوارێکى دەم بەخەندە بۆ خۆشبەختى بانگم ناکا
---------- ----------- ----------- ------- ---------
22-- وێرانە
لە ڕوخسارى من مەڕوانە خۆر لە چاوما قەت هەڵنایە
کە بەخەندە بۆ تۆ ئەدوێم قوڵپى گریان لە ناخمایە
نەگریانم خەندە ئەگرێ و نەفرمێسکم گوڵ دەرئەکا
زەردەخەنەش بێتە لێوم دیارە دڵم فریو ئەدا
ئاسمانێکم بێ ئەستێرە و دەریایەکم بە بێ شەپۆل
وەک پەیکەرى بێ ناونیشان لە وێرانەى شارێکى چۆڵ
کانى چاوم وشک بووە دڵ و هەستم وەک بیابانە
وەکو مردوو خۆم ئەبینم کە بێ خەم بم لەم ژیانە
ئەوەى کەهەست بەژان نەکا دیارە کەخەم نایدوێنێ
خەمە هەورى گریان دێنێ و لە چاوانما دەیبارێنێ
دەستم دەگرێ بۆ گریانى بێ سەبورى و ناهەموارى
کەخەم دوور بێ واهەستەکەم هۆشم نییە بەبێدارى
---------- ----------- ----------- ------- ---------
23-- ئێوارەیەک
ئێوارەیەک بەیادى تۆ چوومە دێنى کۆنە جێژوان
وامدەزانى تۆ هەر لەوێى چاوەڕوانى وەکو جاران
ئاسوودە بووم بەو خەیاڵەى وەکو باران بۆنى دەهات
کە چاوى تۆ تیشکى نەما ئیتر شەوم بەسەردا هات
ئێستاش لەناو دەریاى چاوما نەوڕەسێکى بێ کەنارى
تازە خونچەى ڕێواسێکى تۆ هەوێنى نەوبەهارى
خەیاڵیش بێ سەرمەستم پێى کەچاوى تۆ لە چاومایە
گەر یادى تۆ نەبێ چاوم قەد ڕووناکى تیا هەڵنایە
چەن شیرین بوو ئەو ڕۆژانەى دووبەهار بووین لەیەک وەرزا
سێبەرێکى دووباڵدار بووین بێجەستە بووین لەسەر ئەرزا
دوو پەنجەرەى کراوە بووین بۆ با دەستمان ئەکردەوە
تیشکى خۆرمان بۆ ئاوێنەى ژوورى تارمان ئەبردەوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
24-- بگەڕێوە
بگەڕێوە هێشتا گوڵم لە ڕێى تۆدا ئەشنێتەوە
تەمەن بەشى غوربەت ناکا ڕێژنەیەکەو ئەبڕێتەوە
بۆ کوێ ئەڕۆى کەتۆ دڵت هێشتا لێرە بەجێماوە
لەبەر قاپى ژوورەکەى خۆت وەکو چرا داگیرساوە
بگەڕێوە شوێن پێى جاران وا خەریکە کاڵ بێتەوە
نەک بەجارێ لەغەریبى پێکەنینت بیرچێتەوە
نەبا ئەشک دواین دێڕى نامەکانت بشواتەوە
ئەویش وەک خۆت بەبێدەنگى لەگەڵ بەفرا سەرباتەوە
درەنگە بۆ گەڕانەوە ئەى فرمێسکى هەڵنەوەریو
دەوەرەوە ئەى ئاوێنەى تەم لێنیشتووى هەتاونەدیو
---------- ----------- ----------- ------- ---------
25-- قەدەرى ئاوابوون
فرمێسکێکم بۆ دابارین گەڵایەکم بۆ هەڵوەرین
دڵم بۆتە پرسەخانە بۆ پێشوازى لەخەم و شین
گڕى ساردى دارى تەڕم بەهیچ کەسێک ناکرێمەوە
پیرەدارى هەڵکەنراوم جارێکى تر ناڕوێمەوە
لەرەى دەستى هێزى ماندووى بەساڵاچووى بێ گۆچانم
هەست و هۆشى سەرشێتێکى بێ ئەندازەى نەوجەوانم
وەکو دارى وشکەڵاتوو شەو ڕوون ئەبێ بەسووتانم
تاپەنجەرەى قەفەسێکە دوا سنورى لەباڵدانم
بەلەمێکى بێ کەنارم بێ ئەستێرەى ڕێنیشاندەر
ڕێبوارێکى نەناسراوم کەوتومەتە دەستى قەدەر
ئیتر تۆ چۆن هانا دێنى بۆ دوو دەستى بێ سامانم
کە تەنیایى بۆتە چەترى بەسەر هات و ناونیشانم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
26-- پێوانەى تەمەن
تەمەن بۆچى وا بێوەفاى ساتێک لەڕێى من ناوەستى
دەستم دەگرى بەرەو پیرى و دەرگاى خۆزگەم لێ دەبەستى
من ڕۆژ بە ڕۆژ تۆ دەژمێرم تۆش باڵاى من دەڕوخێنى
تۆ چڵێکى منیش گەڵا هەر ڕۆژێ بێ ئەموەرێنى
هەموو ڕۆژێ وەکو بایەک گەڵاى عومرم ڕائەماڵى
نازانم بۆ بەشێوانى ڕوخسارى من وا عەوداڵى
لەگێژاوى خەمباریما دڵم نایە دەستت بەردەم
پێم بڵێ بۆ لە دوا ڕۆژم دنیام ئەکەى بەهەورو تەم
سەیرە بۆچى تۆم خۆش ئەوێ کەئەزانم بەجێم دێڵى
هەرچى خاکى ڕێگەم هەیە سەرشێتانە پێم ئەکێڵى
خۆزگە یەکەم ڕۆژى بوونم سیماى تۆم هەر نەناسیایە
بەبێ مەبەست ڕێگەى ژینم بەهەنگاوم نەپێوایە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
27-- ئاوێنەى شکاو
ئەگەر دەستم وەکو گوڵێک لە ناو لەپى دەستا وەرى
چۆن ئەتوانى وەک پەپوولە بڕوانیتە گوڵێکى دى
یادگارێکى بێ سنوورم لەتەمەنتا جێهێشتووە
هەتا هەوریش بەقەد چاوم فرمێسکى بۆت نەڕشتووە
کە تۆ وەکو بەفر هاتى سپى و بێگەرد ئەچوویتەوە
بەڵام وەکو پەڕەى شیعرێ بەڕشپۆشى نوسرایتەوە
لەگەلڕ ئەشکم کە هەڵوەریت ناچیتەوە ناو چاوانم
ئەگەر ڕێشمان بەیەک بگا نابێتەوە بە جێژوانم
کە ئاوێنەى دڵم شکا بەدەستى تۆ کەوتە خوارێ
وەکو گەڵا کە چۆن باڕەش ئەیوەرێنێ لە بن دارێ
شەپۆلانى تاڤگەى یادم چۆن لە دڵتا خامۆش ئەکەى
لەناو دەریاى یادەکانما بۆ کەنارێک شەپۆل ئەدەى
---------- ----------- ----------- ------- ---------
28-- پەنجەرە
هەموو ڕۆژێ پەنجەرەکەم چاو ئەبڕێتە دەرگاى کۆڵان
هەرچەن خومار دایپۆشیوە چاوەڕوانن دڵ و چاومان
زۆر دەترسم ڕەشەبایەک دەرگاى خۆزگەم لەسەر داخا
ئیتر دەنگم بەکەس نەگا لەناو بیرى ئاخ و داخا
هەموو عومرم کە دەژمێرم تەنیا هەر یەک هەناسەیە
وەکو خوانى نەدارانێ هەمیشە هەر بێ کاسەیە
چەن شیرینە ئەو شەماڵەى پەنجەرەکەم ئەکاتەوە
هەر هەتاوە بەڕووناکى دڵنەوایم ئەداتەوە
لەناو ژوورى تەنیایدا تاکە هاوڕێم کزەى خەمە
دەسا چیبکەم لەم وێرانە کە میوانم هێجگار کەمە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
29-- غەریبى
وەرە هاوڕێ تەمەن لەسەر غەریبیمان ڕاناوەستێ
گەرچى دڵمان لاى یەکترە غوربەت چاومان پێ دەبەستێ
گەڕانەوە بۆ مناڵى بۆ گەڕەکى یادەکانم
غەریبى وا وشکى کردووم ئەڵێى گوڵى بێ بارانم
ئەو نامانەى دێنە دەستم وەکو ڕێمان داخراوە
چى لەگڕى غەریبى کەم بۆ تەنیایم هەڵکراوە
بێدەنگى من دواهەنسکى پشکۆى دڵى ئازیزانە
هەرچەن عومرم بەجێم دێڵێ بەڵام چاوم چاوەڕوانە
بڕۆمەوە بۆ ژێر سایەى ئەو شاتووەى کە دەموەران
تا وەرینى ئەشکى سوورم لێ نەبێتە دارى گریان
چى لە باخى هەڵوەریوکەم گوڵى خۆزگەم لێ نەچنیوە
لەو ڕۆژەوەى لە خۆر دوورم سایەى باڵاى خۆم نەدیوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
30-- پەڕەى تەمەن
بریا عومرم بەقەد عومرى گەڵاى دارى هەرمێ بوایە
دواسەرنجم وەک تەماشاى ساباتێکى لاڕێ بوایە
ڕۆژێ چاوى سیحرى ژیان بەنازەوە بۆم دەڕوانێ
جارى وایە من بە ژوورى پرسەخانەى خەم دەزانێ
چەن شیرین بێ ئەم ژیانە دواین قومى ژەهرى مارە
ئەگەر خەندەش ئاوێنەم بێ لەسەر گۆڕم لێو بەبارە
تەمەن وەکو مۆمێک وایە بێگومانم دەتوێتەوە
گەرچى ڕۆحم ئاوا ئەبێ بۆ مەینەتى هەڵدێتەوە
سەیرە خونچەى بەهارانیش بیر لە وەرین ناکەنەوە
نازانن هەر ڕۆژێ دادێ دەستیان لە چڵ ئەکەنەوە
بێ سەمەرە خۆشەویستى لە گەڵ ژینا کە بیبەستى
ڕۆژێ دادێ گوڵى عومرت پەڕە پەڕە بەیتە دەستى
---------- ----------- ----------- ------- ---------
31-- تاجى گوڵ
هێندە بەرگى ئاڵ مەپۆشە نەک لە چاوما بتوێیتەوە
ئەڵێى گوڵى نەبەهارى کە بۆ شەماڵ ئەشنێتەوە
لە دوورەوە کە ئەتبینم تەزووى ئارام بە دڵما دێ
خۆشەویستیت هەتاوێکە لە ئاوابوون جوانتر ئەبێ
کە ڕەنگاڵەى هەمووسروشت لەڕوخسارى تۆیا دیار بێ
بڕوامەکە زەردەخەنە لە ناو دڵما بێ دیار بێ
زوڵفت بە با شەپۆل ئەدات وەکو دەریاى بآ بەندەرە
تاجى جوانى هەموو گوڵێک شێوەى نازى تۆى لەسەرە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
32-- کراسێک لەبەفر و جەستەیەک لە ئاگر
شەپۆلەکان بەقسەى دەریا هەستانە سەرپێ ..
نەیانزانى کەنار کوشتە ئەبن
دەمەو ئێوارەش هەتاوى سەرلێشێواو
لەسەر سنگى نەرمى دەریاوە
تەماشاى نەوڕەسە تەریوەکانى ئەکرد
ئیدى وازبێنە لە دەریا
هەمووى چەم و ڕووبارە سەرەڕۆکانى خۆمانن
لەوێ ئاڵاونەتە یەکتر و ئاوێتەن بەعەشقى یەک
لێرەش .. ئاه لێرە .ئەو دەمەى وەک درەختێکى دەمەو پاییز ..ڕووت و قوت کرامەوە
بەفر کراسێکى پێ بەخشیم، بەڵام تاسەى ئاگرێ
لەبەرما دایدڕى .. بێ کراسخۆم لەم داستانى پڕ گومانەدا
ئاى بەفر چەن بەرگێکى سادە بووى
تۆشم پێ ڕەوا نەبوویت.
تازە من بەشێکم لە خۆڵەمێش
بۆیە ئەم هەموو دوعاو شەونوێژانەى
دایکیشم هیچ بڕیان نەکرد
وەرە با دەستى با بگرین ، ئیتر ئێمە کوڕى باین
خەتاى خۆمان و نەفرەت لە شیر مەکە
بڕوانە چۆن ڕەشبەڵەکى پەڵەهەورەکانە و
هەورەگرەمەش دەهۆڵیان بۆ ئەکوێ
گوێ بگرە دەنگى دەهۆلڕ لە ئاسمان خۆشە
وەرە تا ڕووبارەکان شاخەکانیان ڕانەماڵیوە
با لە سێبەرى گەڵا زەیتونێ .. کەشتییەک دروست بکەین
بەڵام ئەمجارە بآ ناخودا ئەڕۆین
بەتەماى ئەو پیرە مێردانە مەبە کە لە کۆڵانى حەقیقەت دانیشتون، تا لە زمانى ئاو بگەن
هەناسەیەک قامچییان دایە دەست قەڵەم پێیان نوسى سێدارەو شەللاق .. هەناسەکەم مەحاڵە بەرگەى هەناسەیەکى تر بگرین .. مەینەتى وەک دارگوێزێک چارشێوى سێبەرى ، بەسەر من و تۆدا کێشاوەو شەکەتى کردوین بۆ هەستانەوەمان، سەیرە چۆن گەڵاى ڕۆح بەرگەى ئەم هەموو تەرزەى ژانە ئەگرێ؟ ئەو دەمەى شینى خۆرشتەکەیان گێڕا
من و تۆ چەترمان بۆ تەرزى بەر تەرزە هەڵدابوو
بۆیە وا ئەمشەو بێ نان ماینەوە
ئەترسم ئەم جادووە چوار لۆیە بکرێتەوە
ئایەتەکانى ناو دڵیشمان لە بیر چێتەوە
دانیشە، دانیشە و لەبەر ئاوێنەى عەدەم قژت دامەهێنە
ئەو شانانەش بکێشێنە کەلە با بۆیان دروست کردوین
ڕێگامان ڕێگەیەکى ئەفسوناوى بوو
من و تۆش بەشێک بووین لەبێ قاچەکان
بۆیە زوو هەستمان بە ئازارى
قاچى ئەو مناڵە پێ پەتییانە کرد
کە ژێر پێیان دەرزى ئاژنى زیخەکان بوو
لەلایەکى تریشەوە زیخ ژێر کەوشى ئاغاکانى ماچ ئەکرد
ناهەقى دایکتان ناگرم کە لەبەر دەرگا دائەنیشت
زەمى کوڕەکانى ئەکر بۆ گالیسکەو دەستفرۆشەکان
ئەو بەرماڵەکەى بەرامبەر پەنجەرەکە ڕاخست
کەچى ئێوە سەرتان لێشێوان و پێتان وت
بۆ قیبلەى ئەم ماڵە ئەبێ پشت کەیتە پەنجەرە
ئێمە چاومان نەبەخشى بەئاو
وێنەیەکى هەتاومان لە چاومانا بۆ نەکێشرا
بۆیە نەمانتوانى لە هەتاو ورد بینەوە
ئەمە خورافاتى تێڕوانینە ئەزیزم تازە بەپەنجەى سارد و سوتام هەنارێکم لە دارى ئومێد بۆ ناپچڕێ
بە دوا هەنگاوى سەرنجم ئەم ڕێگا تەماویەم بۆ نابڕرێ
مەگەر ئیتر گوێ لە باڕەشى حیکایەتخوان بگرین
هەتا بەدەم مەرگى گەڵاکانەوە ئەگەینە دۆزەخى هەڵکراوى خۆمان .. تۆ دەستت دایە بینەقاقاى بلورى چراکە بۆ یە ڕووناکى خنکا ..ئەى ئاسمان بۆ دەرفەتت نەدا بە جریوەى ئەستێرەکان دوو حەرفم لە گوڵ فێرکەن
شەو کەوتە هەناسە بڕکێ و لە ترسى کازیوە
ئاوڕى ئەدایەوە منیش هەر بەدیار تەرمى زەردەخەنە کوژراوەکانەوە بووم .. لێم گەڕێ تۆ لە من ناگەى
من کیشوەرێکم لە بێدەنگى و
شارێکم لە شەونمى بەر مانگەشەو
تەماشاکە ڕووەو ئێوارەیەکى بەساڵاچووین
لەسەرابى ناخمانەوە دواهەناسەى سوتاو
بەئاهێکى ساردەوە دێتە دەرێ
بەفر ئاسا کەوتینە سەر خاک
ئێستاش لە پرسەى بێگەردیمان ئەتوێینەوە
چى لەبەهارکەم کەنێرگز سەرچۆپى نەگرێ و
هەڵاڵە باوەش بۆ با نەکاتەوە
کزەى سەرشێتى ئەم پاییزەش
بووە بەئاگردانێکى بێ شوعلە گوڵ و گەڵا ئەسوتێنێ
شەوان بەدیار چاوى گوڵاڵە سوورەوە
ئەستیرە کوێر ئەکەن
لە ماڵێکى ساردو سڕا خوانى نان نەدیوم پێ ڕادەخەن
پەپوولە باڵ سووتاوەکانم لێ ئەکەن بە گوناهبارى دۆزەخ
لە ئاوێنەى باخێکەوە سەرابێکم نیشان ئەدەن
لێم گەڕێ هەناسەکەم ..تازە دڵم بۆ میقات ناکرێتەوە
ئاوێنە شکاوەکانى سەرنجم نیشان مەدە
ئێمە لەژێر چەخماخەدا چاومان هەڵهێنا
ڕەشەبا فێرى هەنگاونانى کردین
لە بێشکەى قەدەرا گەورە بووین
تازە من بە تولە ڕێى مناڵیما
هەموو ڕێگاکان ئەناسمەوە.
چێژ لە مناڵى وەرئەگرم بەشەقامێکى مەنفا
کۆڵانە ئاوڕشێنکراوەکانى ڕابردووشم لێ زەوت مەکە
چى لەتەمەنى ڕابردوو کەم
کە پەیوستى تۆ بوو گوڵەخان
لە پاش فرمێسکە باران ئەتەوێ بە پەیژەى هەورا سەرمخەى، یا بەئاوازى باران بمخەوێنى
من لە دەنگى ئەو کەنارییانە سۆز وەرئەگرم کە قەفەز لە سروودیان هەڵئەلەرزێ لەپەنجەرەیەکى کورتەوە ئەڕوانمە ئەو سنەوبەرە قەیرانەى کە ڕووبارە سەرەڕۆکان پێیان ئەڵێن دانیشن بەخێر کەسێک نەما سەبورى خۆى بزر نەکا شاتووە شێتەکەى حەوشەى گەورەش بەدەم باوە سەر با ئەدات ترسى مناڵان لە خوێن بینین ئەشکێنێ
هێشتا ڕۆژ بەدەر نەبوو بەشوێن ئەستێرەى ڕێنیشاندەرا ئەگەڕان تۆش وەکو ڕێبوارێکى بێ ناونیشان
بەتەماشایەکى دوورەوە لاکەرەوەو هاوار مەکە
چونکە لەگەڵ هەموو هاوارێکتا دەنگانەوەى دەنگى خۆتە
لەقاپى ئاسمان مەدە نەبا ئەستێرەیەک لێمان زیز بێ و
مانگەشەویش دەرگامان لێ نەکاتەوە
نازانم لەکوێوە بەڕێ کەوم
لە کۆڵانە بنبەستەکانەوە یا لە شەقامە سەرەڕۆکانەوە
کێ بوو بەختى گوڵەکانى بەست
کێ سەرى لەهەور شێوان تا لەچاومانەوە دابارێ؟
زەماوەن قوفڵى لێدراو دەرگاى شەڕ کرایەوە
ڕامان و هاوار و بێدەنگییە
بەلاتەوە سەیرە کە جارێکى تر نێرگز تاراى بەهار هەڵباتەوە ساڵانێکە چاومان بەفرمێسک ئەشۆین
کەچى ئەم ڕێگایەمان هەر بۆ ڕوون نەبۆوە
عەشقیش وەک گوڵى سەر فەرشەکان چڵکى لێ نیشت
ناچارى سێبەرى باڵابەرزەکانى
هەرزان فرۆش کرد بە زەوى ..
ماڵەکە بووە بە پرسەخانەو
دەرسى لاوانەوەى تیا ئەڵێنەوە
باخەوانەکانیش کەوتونەتە باڵبڕینى چڵە گەنجەکان
دەستى ئەو چڵانە ئەبڕن کە ئاڵاونەتە یەکتر
ئاوێزانى لاولاوو سێو بەحەرام ئەزانن
خۆت پیرکە ئەى کەپرى سەرم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
33-- پێوانەى تەمەن
تەمەن بۆچى وا بێوەفاى ساتێک لەڕێى من ناوەستى
دەستم دەگرى بەرەو پیرى و دەرگاى خۆزگەم لێ دەبەستى
من ڕۆژ بە ڕۆژ تۆ دەژمێرم تۆش باڵاى من دەڕوخێنى
تۆ چڵێکى منیش گەڵا هەر ڕۆژێ بێ ئەموەرێنى
هەموو ڕۆژێ وەکو بایەک گەڵاى عومرم ڕائەماڵى
نازانم بۆ بەشێوانى ڕوخسارى من وا عەوداڵى
لەگێژاوى خەمباریما دڵم نایە دەستت بەردەم
پێم بڵێ بۆ لە دوا ڕۆژم دنیام ئەکەى بەهەورو تەم
سەیرە بۆچى تۆم خۆش ئەوێ کەئەزانم بەجێم دێڵى
هەرچى خاکى ڕێگەم هەیە سەرشێتانە پێم ئەکێڵى
خۆزگە یەکەم ڕۆژى بوونم سیماى تۆم هەر نەناسیایە
بەبێ مەبەست ڕێگەى ژینم بەهەنگاوم نەپێوایە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
---------- ----------- ----------- ------- ---------
34-- ئەمە وەرزى ئەوین نییە
نازانم ئەم ڕۆحە بێ پەروایە بۆ هێندە ئاشناى عەزابە
ئەم باخى دڵە بۆ ڕەنگى ئێوارەو بۆنى شکۆفەى لەبەرا نەما نازانم بۆ ؟ ئەم کۆڵانە بۆ کوێر بۆتەوە دەرگاکان بۆ چاوێ ناتروکێنن شەو سەراپا هەرشەو جوانترین شەوە بۆ ئەوین کەچى دڵمان سەفەرى کرد
جوانترین شەوە بۆ ناسینەوە بەڵام چاومان لە فرمێسکا خنکا
دواهەنگاومان نابینا بوو پەنجەکانمان هەڵوەرین
درەختەکان هەناسەیەکیان لەبا هەڵکێشا
تنۆکێ باران بەردێکى ماچ کرد و لەگەڵ چەمێکا سەرى هەڵگرت ، چ مەملەکەتێکە دڵى تەزیوى من و تۆ
وا لەناخیا ئەم خوێنە گڕى گرتووەو هێور نابێتەوە
من بەم هەناسە ساردانەوە
هەنسکە تەڕەکانى تۆم پێ وشک نابێتەوە
سەبرى هێنا زەمەنێکى تریش سەبرکە
لەگەڵ جەختا بەڕێکەوە
تۆ عەسرانە دواى پیاسەیەکى سارد
شان ئەنێى بەدارتێلێکەوەو پڕ پڕى لە چاوەڕوانى
لەتەنیایى خۆتا لێوانێک لێواو لێوى
وەک ئاگرى بەر ڕەشەبا ئارامت لێ بڕاوە
بەلاتەوە زۆر سانایە لەناخەوە بگریت
بەڵام جەخار کەناتوانى لە قوڵایى بیرى ناختەوە
جامێک پێکەنینم بۆ دەربێنى
ڕۆحت مەکرۆژە ئەم وشکەڕێگایە ڕوخسەتى شەپۆلەکانى ئەوێ .. وەرە با ڕۆحمان شەتڵ کەینەوە
تا قوڕى سەر گڵۆپى دەرگاکان ئەشۆرێتەوە
ئەزانم ئەمە وەرزى ئێمە نەبوو
وا کەوتینە وەرزى پێنجەم
جێى من و تۆ نابێتەوە ئەزانم لەگەڵ دەستى خۆتا دەرگاکە لەمن داخە نەبا بیرەوەرییەکان وەکو مناڵێک
بەشوێنتا وڕگ بگرن گۆچانەکەش بۆ من جێبێڵە
پێ ئەچێ چاوم بکوژێتەوە
منیش لە ئاوا بوونى چوارشەممەیەکدا سەرخەوێ لاى زێوانە پاکییزەکان ئەشکێنم بەڵکو خوایە سەردەمێکى تر بەئاگا بێمەوە
سەردەومێکى تر بەئاگا بێمەوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
35-- دیدارێک لەشەقامى شیعر
کەشەو داهات هێشتا شەقامى شیعر خۆت لە ڕووناکى پڕ نەکرد بوو
بێزاری یەک بە بێدەنگى بەناخمدا ئەهات و ئەچوو
منیش وەکو شەوانى زووم
پێ هەنگاوم بەرەو باڵى شەقامەکەى سالم ئەبرد
دڵم تاسەى دیدارێکى هاوڕێى خەمى شەوى ئەکرد
هاوڕێم تۆش هاتیت بێدەنگیت شکاند
شەقامى شیعریش بۆ ڕێبوارى شەو بریسکەى ئەهات ئەبووە چراخان
هاوڕێم مەپرسە شەوانە منى تەنیا
لە ئامیزى شەقامێکى تەنیا تەنیا
وەکو مەلێک چۆن بەسەر چڵێک دێت و دەچێ بۆ لێک نابینەوە
هاوڕێم ماشێنى ئومێد لە عومرى منا هات و جآى هێشتم
تازە من هەرگیز پێى ناگەمەوە
بۆیە وا ئەمشەو نیگام نوقومى نەخشەى سەر پشتى گەڵایە
ئاوێنەى تێڕوانینم ، سنگى نەرمى دەریایە
حەرفى شیعریشم ، نم نم بارانى خوایە
گۆرانى نوێشم هاوارێکى نیوە شەوى بێ هانایە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
36-- مەهتاب
چراکان داگیرسێنن
تا شەوەزەنگ سەرنجى ڕوون دانەپۆشێ
باهاوارى کەنارییەکان نەغمەى سەربەستى بپۆشێ
باڵندەکان .. لەباڵ مەدەن
ئاسمانى بەرین ڕێتان ئەخواتەوە
تەنیا پۆشى هێلانەکان باوەشتان بۆ ئەکاتەوە
نازى گەرمى بێچووەکانتان
دنیاى خەمتان ئەشواتەوە
ئەى مەهتابى پڕ ئەمەل ، نیگا ناکەیتەوە
شەوقى پرچى تەڵایى بۆ ناخەیتەوە
چەن تەورەکان تیژو دەمەساو بێ
نایوەرێنێ پرچى ئەگەر گەشاو بێ
تاکو مەهتاب شەوقى هیوا بڕژێنێ
زیاتر عاشق خەمى لە دلڕ دەمرێنێ
---------- ----------- ----------- ------- ---------
37-- شەپۆلى خەم
وردیلەکەم ئەشەو من و تۆ بێکەسین
لەکەنارى دەریاى خەما دوو نەوڕەسین
وەرە ڕۆڵە هەناسەکەم تاسەى کەیلم مەتورێنە
ئەستێرەى ڕێنیشاندەرى شەو مەدوێنە
وا باوەشم بۆت کردووە بە هێلانە
کزەى هەستم بۆ ئەم شەوەت ئاگردانە
زەمەنى شووم چەن شەوێکە
تەمەن ئەڕواو لەگەڵ خۆیا ڕایئەماڵێ
لێم مەپەرسە بۆ بەلەمى خەونەکانمان
لەنگەر ناگرێ لەم ئازارە
لێم مەپرسە ساتى خەوە بۆ چراى ئێمە بێدارە
ئەمە چیرۆکى خەمێکە لەم هەوارە
لەبەر تیشکى چاوەکانتا ئەینوسمەوە
ئەو دەمانەى هەتاو دەرکەوت
منیش بۆتى ئەخوێنمەوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
38-- ملوانکە
لەدوورەوە ملوانکەکەت بریسکەى دێ
خۆ نازانم چى نوسراوە!
بەڵام دیارە یەکەم حەرفى ناوى منە
بەگەردنتا هەڵواسراوە!
چۆن ئەم حەرفە باڵابەرزە
بەکەلەپچەى ملوانکەکەت دیل کراوە؟
کچێ وەرە حەرفەکانى تریش بەرە
چونکە لاى خۆم
بەبێکەسى و بەشێواوى بەجێماون
---------- ----------- ----------- ------- ---------
39-- شەو
بۆ کوێ ئەڕۆى بەم شەوە
وا دنیا ڕووى لەخەوە
سەیرى شار کش و ماتە، هەموو شتێ بێڕەنگە
شەقامەکانیش نوستوون کوچەو کۆڵان بێدەنگە
پرشەى نیگاى چاوت پڕ نەشئەى دنیامە
ئا بەم شەوە تارە دڵیش بێ ئارامە
تو ئیلهامێک کە تۆ بۆ شیعرت هانى
وەرە بمخەرە ناو دنیاى گۆرانى
لەگەڵ یادەکانتا ئێشکگرى شەوم
ئەى نەسیمى خۆزگەم بەدوریت ناسرەوم
ئەى نازانى هەرتۆى ڕۆحى شیرینم
پەیامى بەهارى جوانى و ئەوینم
لەکەنارى دەریاى خەما واشەکەتە ئەژنۆم
بۆ دیدارێکى تۆ من وێڵ و سەرەڕۆم
مەڕۆ بەجێم مەهێڵە فریشتەى مەبەستم
چراخانى دیدەو سۆزى هەڵبەستم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
40-- پاییزە کۆچ
ئەڕۆى .. ئەڕۆى
لەگەڵ شەوانێکى خەما
لەگەڵ ڕێگایەکى تەما
شەوقى ژیان چرایەکى بێ پەیمانە
بۆ کوێ ئەڕۆى
لێرە دڵمان دوو باڵدارى ئێوارانن
تاسەى غوربەت وەک ڕەهێڵەى پاییزانە
مەڕۆ نەبا هەورێ لە ڕێ
دڵت پڕکا لە گریانى
ئەوسا لەبەر فرمێسکى ئەو
بەگریانى من نەزانى
---------- ----------- ----------- ------- ---------
41-- دەرگایەک لەبەفر
ئەترسم بەیانییەک..
بەر لەگەڕانەوەى خۆرى ماندوو لەسەفەرى شەوێک
دەرگاى ژوورەکەشم بەنهێنى سەفەرى کردبێت
ئەترسم گەڵایەک بەر لەوەرینى
سێبەرەکەى خۆى بەجێهێشتبێ
تۆ تەماشا لە پشتى هەموو دەرگایەکى داخراوەوە
دڵێک شکاوە.!
لەگەڵ ئاوێنەکەتا مەدوێ ،
چونکە بەرگەى شکانێکى تر ناگریت ،
کە ڕۆح بەر لەمردنى جەستە
جەستە بەجێبێڵێ ..ئیتر شیرینى ڕۆح لە کوێدایە
من دڵم دەریایەکى بەستووەو
خەم سەماى لەسەر ئەکات
تۆش چاوت دەریایەکى دەمەو مەغریبەو
هەتاوێکى گرتۆتە باوەش
بەڕوومەوە پێمەکەنە
ئیتر لێوى وشکەڵاتوم چرۆى زەردەخەنە ناگرێتەوە
واز لە موتوربەکردنى پێکەنین بێنە
من ئێواران شەقامێکى سەلێشێواو ئەمباتەوە
کۆڵانێکى بن بەست بەخێر هاتنەوەم ئەکات
کە پەنجەرەکەم باوەش بۆ با نەکاتەوە
ئیتر چۆن بتوانم بە زمانى شەماڵ بدوێم
کێ ئەتوانێت هەورێک بێنێتە پێکەنین
کە چاوى پڕبێت لە فرمێسک
راستە من و تۆ دوو دڵۆپ ئاوین
بەڵام تۆ بەسەر بەفرا باریویت و
منیش بەسەر پشکۆیا
تۆ بەمناڵى کە ئەگەڕایتەوە هەموو
چینى دیوارەکانت ئەژمارد ،
تا ئەگەیشتیتە بەر ماڵى بەختەوەرى ..
کەچى ئێستا ئەرشۆیت و ژماردنى
چینەکان ئەدەیتە دەست پلوسکەى
چۆڕاوگەیەک
---------- ----------- ----------- ------- ---------
تۆ ئەزانیت شەڕى بەفر و هەتاو لەوەدایە
هەتاو ئەیەوێت دنیا ڕەش کاتەوە
شەڕى بەهارو پاییز لەوەدایە
بەهار ئەیەوێت مەرگى بۆن و ڕەنگى خۆى نەبینێ
تۆ ئەڵێى بەهێزترین بوومەلەرزە
لەو بایە بەتین تر نییە کە گەڵا ئەلەرێنێتەوە
تۆ ئەڵێى سەرهەڵگرتنى ڕووبار
لە ڕقى بارانێکى خۆڵاوییە
لێم مەپرسە لەقەسیدەیەکتا ،
چەن حەرفت سەفەرى کردووە
لە گۆرانییەکتا چەن مۆسیقاى غەریبى تیایە
ئیتر گۆرانى نوێت لەمن نەوێ
من ئەگەر کەشتى سەرهەڵگرتوش بم
شەپۆلى ئەم دەریاى عاتیفەیە هەر بۆ کەنارم دێنێتەوە
من ناتوانم لە ڕووبارێک بپرسم
چۆن مانگەشەو لەباوەشتایە
تۆش بێباکانە سەر هەڵئەگریت !!
---------- ----------- ----------- ------- ---------
42-- بێ کاسە
وائەمشەویش هاوڕێى خەمم
چونکە جەژنم بێ کاسەیە
لەسەرابى دەرونیشما گەردەلوولى هەناسەیە
هەرچەن ئاسۆى جەژنى جوانیش
خۆى ڕۆژێکى دەم بەگوڵە
بێکەسیخۆم وردیلەکەم ماڵى بابت بێ نوقوڵە
کاتێ ئەڵێى ...
ئەرێ بابە کوا پۆشاکى جەژنى پارم
هێندەى تر کڵپە هەڵئەسێ لە دەروونى پڕ ئازارم
خۆ ئەزانم ئەم خەمەى من
لەئێستاوە تۆش ئەینۆشى
بۆیە دڵت نایە بڵێ
ئەرێ بابە کەى پۆشاکى تازە بەباڵام ئەپۆشى؟
---------- ----------- ----------- ------- ---------
43-- دەشتى نێرگز
چاوەڕێى شنەى شەماڵى لاى تۆم
مەست و خەمبارى زەمانەى ئەمڕۆم
ئەگریجەت وێڵە بەدەسـتى باوە
گوڵ لـە جوانیتا ســەرى داناوە
لە چاوى تۆدا عەشقم ئەبینم
بەتیشکى چاوت ڕووناکە ژینم
تۆى کانى ڕوونى باخى ئەوینم
سەرنجت ئاهێک ئەدا بە ژینم
هەر تۆى نیگارى دەشتى نێرگزم
کزەى ئێوارەى مەستى پاییزم
تەنیاو پەشێوم خەمى تۆ دەخۆم
وەک باى ئێواران وێڵ و سەرەڕۆم
چاوەڕێى ڕەنگى نەوبەهارانم
تاکە ڕێبوارى ڕێگەى بارانم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
44-- رێبوارى نامۆ
ڕێبوارى نامۆى بێ سەرو شوێنم
بەدەم ڕێگاوە هەر خۆم ئەدوێنم
ڕوخسارم شێوەى ماتەم ئەنوێنێ
نیگام گوڵێکى بەهار نابینێ
لەسەر دووڕیانى هات و نەهاتم
چیرۆکى خەمى پڕ بەسەرهاتم
چاوم بەندەرى فرمێسکى ئاڵە
بادەى خۆشبەختیم ژەهرێکى تاڵە
ئەستێرەى دوورى بێ ناونیشانم
تەعبیرى نیییە خەوى شەوانم
تەنیایى و خەڵوەت ئەشکى بەتاوم
دڵەى غوربەتى خەم لێئاڵاوم
دیارى تارم وێرانەى خەمە
هەنسکى تەڕو ئەشکى ماتەمە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
45-- نەوڕەسى خەندە
ڕێى ئێوارانم خامۆش و لێڵە
سەرنجم وەکو هەنگاوم وێڵە
کەشتى ئومێدم ڕوو لە کەنارە
دڵم ئاوێتەى تەم و خومارە
تاڤگەى تەماشام پڕ لە ئەسرینە
ئەشک لە چاوما هاژەى بەتینە
لە وەرزى عەشقا خۆزگەم وەریوە
نەوڕەسى خەندەم لە گوڵ تەریوە
سەرم لە ڕەنگى بەفرا دایە خەم
ڕۆژى ساماڵم بوو بەهەورو تەم
بەلەمى عومرم ڕوو لە زریانە
وا ئاوا ئەبم ئا لەم ژیانە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
46-- بەفر
تەنیا ڕۆژێ بوو خۆرێ لە چاوما
ئەدرەوشایەوە وەک هەتاوى گەش
لاپەڕەى خەندەم پەڕەى گوڵێ بوو
ئێستا کەوتۆتە بەر گڤەى باڕەش
***
وەکو ڕووبارێک دڵى ئاو ئەدام
تا سەحراى ژینم بیر بەرێتەوە
ئێستاش بە تاڤگەو شێوەى بەفرینى
گوێم بە ناوى ئەو ئەزرەنگێتەوە
***
هەروەکو باخێک کەوتە ڕێى ژینم
گوڵى بەهارى نەکردە بەرم
بەڵام داخەکەم بەفرى خەمى ئەو
لەگەڵ هەتاوا دایکردە سەرم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
47-- زەردەخەنە
من ناونیشانم وڵاتى بەفرە
کەچى ڕێى ژینم دەشتى سەحرایە
پەنجەرەى چاوم تەم دایپۆشیوە
لەچلەى هاوینیش هەتاو لێى نایە
تەماشاى چاوى تەماویم مەکە
تەنیا فرمێسکى باران ئەبینم
بازەردەخەنە نامەى لێوم بێ
لە خەم زیاتر کێ دێتە شوێنم
لاپەڕەى سپى کە تیاى ئەنووسم
لەبەر چاوى من ئەڵێى بیابانە
شەقامى چۆڵى ڕێى گەڕانەوەم
هەنگاوم ئەبا بەرەو وێرانە
لە ناو ئاوێنەى عومرى ڕابردووم
بایەک هەڵى کرد سیماى شێوانم
ئاى پەشیمانم ئا لەو ڕۆژانە
زەردەخەنەیەک تۆى پێ ناساندم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
48-- تەلارى عەشق
بەڕووى نازەوە ئاوێنەى چاوت
تیشکى سەرنجى ئەگرێتەوە چاوم
خۆ من تەلارى ناونیشاندار نیم
بۆچى ئەپرسى لە شوێن و ناوم
من کۆشکى بەرزى پڕ ئاوێنە نیم
هەر لە دوورەوە بمناسیتەوە
شیعرى غەریبى دووورە وڵاتم
مەگەر بەگریان بمنوسیتەوە
من ئەو گەڵایەم کە هەڵوەریوم
دەستى خۆم بەردا لە چڵ بەجارێ
قەد باوەڕناکەم چڵێکى تر بێ
بمکاتە سێبەر بۆ باڵاى دارێ
---------- ----------- ----------- ------- ---------
49-- ژین
لەسەر گۆماوى ژینى ڕابردووم
وەک گەڵاى وەریو وا ڕاوەستاوم
ئەڵێى بەلەمى دەستى زریانم
هەر بۆ کەنارێک ئەسوتێ چاوم
***
چراى شەوگارم ئەستێرەیەکە
دواین هەناسەم شیعرێکى مەستە
لە وەرزى ئاڵى زەردەخەنەدا
دڵەى غەریبم بەخەم پەیوەستە
***
دوا ڕێگەى ژینم ئێوارانێکە
ڕەشماڵى شەوگار لێم دا ئەپۆشێ
گەرچى دوا وێسگەى عومرم تاڵییە
شیرینى ژیان هەر پێم ئەنۆشێ
---------- ----------- ----------- ------- ---------
50-- یاد
ئەستێرەى بەختم مەخوێنەرەوە
ژیانم وەکو چاوى تۆ ڕەشە
بەڵام تەماشام لەودیو هەورەوە
وەکو خۆرەتاو ڕووناک و گەشە
***
گەرچى سەرابە دڵى خامۆشم
بۆ دیدارى تۆ پڕ گوڵى ئاڵە
من لە خەم زیاتر هیچ کەس ناناسم
هەناسەو ئاهم شنەى شەماڵە
***
کۆچى ئێوارەم ئەرخەوانییە
بەڵام شەو یادت دائەگیرسێنم
با وێرانەبێ ژوورى خەیاڵم
لە ڕێتا گوڵى خەندە ئەچێنم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
51-- دیدارى هەینى
ڕۆژێکى سەختى پڕ تەم و خومار
شوێن پێى من لە شار کوێر ئەکاتەوە
ئەو ڕۆژە چیتر بۆ نامەى عاشقان
ئەستێرەباران داناکاتەوە
ئەو عومرەى ڕابورد بوو بە ئەفسانە
تاڵ و شیرینى وەکو یەک وایە
وەک هەتاوێکى دەمەو ئێواران
چەن خۆى شیرینکا شەوى لە دوایە
ئاى لەم ڕۆژانە چەن بێ وەفا بوون
خۆشم نەمزانى چۆن هاتوو ڕۆشتن
ئەو هیوایانەى کە لە دڵما بوون
هەر بەم دەستانە زەمەن پێى ناشتن
چاوى نەناسێک وەک حەزى شیعر
هیواى وەریوم ئەخوێنێتەوە
بەڵام نازانێ لە پاش کۆچى من
مردن کۆچى ئەو ئەنوسێتەوە
ڕۆژێکى وا دێ بارانى بەهار
شیعرى سەر کێلم بشۆرێتەوە
بەڵام پێى ناکرێ ئاوازى شیعرم
لە زارى عاشقان بیر بەرێتەوە
لەسەر ئاسمانى هەوارى تەنیام
پۆلە باڵندە هەر ئەجریوێنن
لەگەڵ دیدارى ڕۆژانى هەینى
ئیلهامى شیعرى تازەم بۆ دێنن
---------- ----------- ----------- ------- ---------
52-- شەقامى پیرەمێرد
ئەى ئەو شەقامەى کە ساڵانێکە
هەنگاوەکانم ئەگریتە باوەش
من نازانم چۆن وەسفى جوانیت کەم
ئەبیتە جێژوان هەزاران چاوگەش
درەختەکانى ئەمبەر و ئەوبەر
وەک عاشقى مەست لەیەک ئاڵاون
بۆ شەکەت بوونى ڕێبوارانى ڕێ
چەتر و ساباتى بەر خۆرەتاون
لە دارى مەلیک تا ئامێزى شار
باڵاى بەرزى تۆ هاتۆتە خوارێ
دەمەوئێواران هەر وەکو باران
عەشق لە باڵاى تۆ دائەبارێ
---------- ----------- ----------- ------- ---------
53-- چرا
چۆن چرا هەڵکەم بۆ عەشقێکى تر
کە خۆرێ لەناو چاوما ون نەکا
چۆن تۆ لەبیرکەم ڕوخسارێکى تر
بۆ ماڵى دڵم وەک تۆ سەرنەدا
بۆ خەم بەڕێکەم ئەو دەمانەى کە
دووریت ئەبێتە پشکۆى خەیاڵم
لەبیرم ناچى هەر لەبەر چاومى
بەیادى تۆیە خەم ڕائەماڵم
ئەو ئێوارانەى عەشقمان ون کرد
شەستە بارانێک لێى دانەکردین
ئەو گەڵایانەى با ئەیوەرانن
ئێمە لە شوێنى ئەوان ئەمردین
---------- ----------- ----------- ------- ---------