1-- لەهێمنى هێمنتر
وامئەزانى لەپرسەما کۆڕى شیعرم بۆ ساز ئەکەى
بەڵام ئێستا بەکۆچى خۆت پشکۆى دڵم ئاگر ئەدەى
خۆزگە وشەى ماڵئاوایى لە ئەزەلدا هەر نەبوایە
کە دەرگایەک داخرایە سەد دەروازە وازکرایە
چل نشینى ئەم شەوانە تەمەنێکى چل ساڵییە
ڕوو ئەکەمە هەرچى شوێنێک بێ تۆ لە چاوما خاڵییە
هەناسەکەم خۆ نەمتوانى هەناسەیەک هەناسەت بم
بۆ حەرفێکى ماڵئاوایى زەردەخەنەى پڕ تاسەت بم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
2-- لێم مـەپرسـه
لێم مـەپرسـه، بۆ ئێواران لـەتەنیـایى تەنیـاترم
چونکە گوڵم هەنگاو ئەنێم بەرەو ماڵى ساردو سڕم
خـەڵکى ڕێیان چـراخـانەو داگیرسـاوى زەمـانەیە
رێگەى منیش وشک و خامۆش، بۆ ئاسارى وێرانەیە
بەم سووتانەش کەس نازانێ کە دڵ پشکۆى ئاگردانە
تەنیا عـومـرم ئـاگـادارە ، ئەویش ئەڕواو بێ ویژدانە
تەمـەنیشم ، وەکو گەڵا لـەبەر پێمـا هـەڵوەریوە
پرسەى خەمە قژى ڕەشم بەلاوى ڕەنگى گۆڕیوە
لەئامێزى ئەمشەو چیبکەم کە مانگ ون بێ لەدیارم
وەکو نەخشى سەر ئاو نەما، نیگارى جوانى ڕۆژگارم
دەى شەقامى ئێوارانم، جوان لە باڵام وردبەرەوە
وەرە هـاوڕێى ئێـوارانم بـاوەشتم بۆ بکـەرەوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
3-- عەشقێکى وێڵ
دەپێم بڵێ تۆچۆن عەشقى کەسێک ئەبى کە نەیناسى
چـۆن سەرنجـت بەڕوخـسارى نامۆیمـا هـەڵئەواسـى
لەدوورەوە کورەى هـەستت شوعلەیەکى بەتین ئەدا
بەچاوى من عاشق مەبە، کەم لەدەرگاى ئەوین ئەدا
من هۆگرى عەشقت نابم ، چونکە دڵم ماڵى ژانە
لەسەرمایەى خـۆشەویستى تەنیـا بەشـم دابڕانە
دەتۆش بڕۆ بۆ لاى کەسێک کەبیر لەخەم نەکاتەوە
دنیا بـارکـا باکى نەبێت ئـاووڕ لـەکـەس نەداتەوە
من ناتوانم ، لەم شارەدا لوتکەى تەلار بەرمە ئاسمان
خۆشەویستى ئەمڕۆ بۆتە فڕین بەرەو چاوگەى سامان
منیش خوانى عەشقێکى تر بۆ هیچ کەسێک ناکەمەوە
ئیتـر دڵـى هـیچ ڕێبــوارێ بۆ مـاڵـى دڵ نــابــەوە
----------- ----------- ----------- ------- ---------
4-- تەمەن
ئەى تەمـەنى پڕ ئەسرینم ئەڕۆى ئـاوڕ نــادەیتەوە
لەگەڵ هەموو هەنگاوێکتا لە عومرى من ئەسڕیتەوە
خۆزگە منیش وەک پەپوولە گشت تەمەنم وەرزێک بوایە
دوور لـە خـەم و تـاڵى ژیـان ، تەنیـا گـوڵم بنـاسیـایە
ڕێگام سەوداى تەنیاییەو کەسێک نایەت بۆ سەردانم
ئیتر چـیبکەم لەم تەمـەنە کە لەهـەمووى پەشیمانم
لـەگـریـانى مناڵیمـا ، پێکـەنینـم بـەخـەم ئەهـات
کەچى ئێستا خەم دەریایەو بۆ کەنارم شەپۆل ئەدات
لە سەد جـارا تەنیـا جـارێ ، زەردەخـەنە دێتـە میوان
وەک سێبەرى لاى ئێوارەى خۆرنشینى دار ئەرخەوان
ئەى هـاوڕێیان چـاوم نووقمى نیگارێکى پڕ بەهارە
تاسەم وەرى بەڵام هێشتا خۆشەویستیم هەربێدارە
ئێستاش گەڵاى عومرى گەنجیم وەکو پاییز هەڵوەریوە
کـێ وەکـو من تەم و غـوبار پەنجـەرەکـەى داپۆشیوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
5-- عەشق باران
لـەو ڕۆژەوەى عـەشقباران خـەمى ئێمـەى گرتە ئەسـتۆ
ڕەنگى دوورى یەکمان لێ نیشت، تۆ بۆ من و منیش بۆ تۆ
چـاوەڕوانیـت غـوربـەتێکـە ئـاڵاوەتە تێـڕوانینـم
بێ ڕەنگاڵەى خۆشەویستیت ئارێزێکى پڕ ئەسرینم
بۆچى نایەى وەک خۆرەتاو لێم ڕۆشن کەى ژینى تارم
وەکو شنەى بێ وەنەوشە دێم و دەچـم ڕەنج خـەسارم
ڕێگەى دوورم یادى تۆیە مەڕۆ نەبا نەتبینمەوە
تۆ بارانى بۆ پشکۆى دڵ بڕژێرە نێو ئەوینمـەوە
دەبڕوانە هـەردوو دیدەم سیاپۆشى رەنگى تۆیە
ڕێگەم بەرەو تەنیاییەو دڵم کەیلى دەنگى تۆیە
دەسا وەرە لەم غرووبە دەرمبێنە بەیەکجارى
لە دوورى تۆ گۆشەگیرم ئاودامـانم لەبێزارى
---------- ----------- ----------- ------- ---------
6-- ئاوێنەى عەشق
کــە ئــاوێنــەى عــەشقى تــۆ بـووم
بەچەخماخەى دڵ و چاومان لەیەکمان دا ..
دوو کـۆتـرى سـپى سـڕ بـووین
بەم ئەوینە بۆ یەکترى لەباڵمان دا ..
شەپۆلى خمى ئەوینم، لەگەڵ عەشقت دەستى پێکرد !
خەمى دووریت زەردەخەنەى لەسەر لێوى منا ئەبرد !
هێندەى دەریا شەپۆل ئەدەم، تاکو بگەمە کەنارى تۆ
گەڵاڕێزان لە من بارى نەمدى سایەى ژێر دارى تۆ
هێشتا چـرۆى باخـى عەشـقم سـەوز نەبوو ، تۆ جـێت هێشـتم
سادەو ساکار بووم بۆ نەخشەت، تاڵى و سوێرى ڕێت پێ چەشتم
دەریاى دڵم هـەموو ساتێ پڕ نهێنى ڕازى تۆ بوو
چاوانیشم پڕ سەرنجى ساز و سەفاى نازى تۆ بوو
ئێستاش عەشقم وردەگەڵاى بێ نازکەوتووى بێ سامانە
لاى تۆش چەمى سەرهـەڵگرتووى ژێر بارانى بەهـارانە
وتم مـەڕۆ تەنیام مەکەو خەندەى ڕۆحـم مـەتارێنە
گەر ڕۆیشتى تەرزەى ڕقت لەسەر عەشقم مەبارێنە
وتم مـەڕۆ بەهار دێت و خونچەى باغم بۆت ئەپشکوێ
هەرچەن ڕۆشتى بەڵام نەتوت بێوەفایى ئەبەى بۆ کوێ
---------- ----------- ----------- ------- ---------
7-- ئەهلى عاشقان
وەرن ئەهلى عاشقان ڕووبکەینە مامە یارە
سـەردەمێکە دابڕان ئەبـارێ لەم هـەوارە
عـاشـقـانى دڵشـکـاو هـانـا بـۆ یەکـتر بەرن
ڕشبەڵەکى لێ سازکەن وەک ملوانکە هەڵپەڕن
ڕۆحى گۆران میوان کەن بۆ وەسفى عەشقێکى پاک
دیـوانە بـۆ شـەم بـژى و نـالى بـۆ حـەبیبەى تـاک
دەبـا پەلکـەزێڕینە تەسـریحـەى ڕەنگـاڵە بێ
سەرچۆپى وەنەوشەى ئاڵ ڕازاوەى ئەم یاڵە بێ
لەگەڵ نازى پەنهانى ساتێک وەرەو بمدوێنە
چـراى خـۆشبەختى ژیـان لەڕێما داگیرسێنە
بـۆ سـەرنجـى بـاڵاى تۆ بـێ ئـارامـە چـاوى من
هەرگیز لێت خامۆش نابێ، عەشقى داگیرساوى من
چـاوت وەکـو خـۆرەتـاو پرشـنگى لێ ئەبـارێ
لارو لەنجەى سەرەڕێت شۆخ و شەنگە بەجارێ
بەرگى سادەو ساکارت نەخشاوە لەخۆت جوانە
وەرە هـەنـاسەو دیدەم ئـەمـە وەرزى ژووانـە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
8-- فرمێسک باران
دەلێم گەڕێ تازە عەشق ڕێم بۆ ڕۆشن ناکاتەوە
بەخـتم گەڵاى بن دارێکە تازە بەچـڵ ناگاتەوە
من سێبەرى درەختێک نیم کە خۆر نەما بەجێم بێڵى
خـۆشـەویستى وشـکى کـردووم ئیتر دڵم بۆ ئەکێڵى
تۆ لە جـوانى ناسکترى دەستى کورتم نـاگـا بەتۆ
لەلاى من هیچ بەدى ناکەى دەوازبێنە فریومەخۆ
خۆ من کانى سەرەڕێ نیم تینووى ڕێگەى تۆ بشکێنم
چیت لێم ئەوێ کـە ئەزانى سیروانیش بم وشک دێنم
گەرچى باخى شیعرەکانم وەک شێوەى تۆ گوڵبارانە
بەڵام چیبکەم پێکەنینم لەژێر هـەورى خـەمبارانە
تۆ بەهەشتى عەشقت ئەوێ منیش وێرانەیە ماڵم
دەوازبێنە ئـازادمکە بـا بۆ عـەشقى تۆش نەنـاڵم
وێڵى ڕوخـسارى من مەبە شـاعیرێکم بێ ناونیشان
جەستەم نوقمى تەنیاییەو وەرزى شیعرم گەڵاڕێزان
هـەرگیز نەکەى عـاشق ببى بەڕوخـسارى نـادیـارم
هەر چوار وەرزى من پاییزەو من هەمیشە بێ بەهارم
بڕۆ گوڵێ لە من دووربە با پشکۆى خەم نەتسوتێنێ
نـەک ڕووبارى نەهـامـەتیم لەگەڵ خـۆیـا بتفڕێنێ
---------- ----------- ----------- ------- ---------
9-- غەریبیتان
غەریبیتان فرمێسکێکەو لەچاو ئەکات ماڵئاوایى
بەدووریتـان ژوورەکەشم پڕ پڕ بووە لە تەنیایى
غەریبیتان تیشکى خۆرى ناو ڕووبارەو ئەدا لە ڕووم
تەمـەن تاسەى ئێوە ئەکـا بەبێ ئوە بەساڵاچـووم
قەدەر نەیهێشت بارانێک بین لەگەڵ یەکا گیان بسپێرین
وەکـو ڕێگـاى مناڵیمان هـەنگـاو بۆ لاى یەک بژمێرین
من درەختى پاییز نەبووم ئێوەش گەڵا لە من بڕۆن
کام ڕەشەبا ئێوەى فڕاند بەو زریانە وا خول بخـۆن
لـە ئـاوێنـەى باخـێکـەوە نەمـانتـوانى چـرا هـەڵکـەین
وەک شەقامى دەمەومەغریب، لە ڕووناکى خۆمان پڕکەین
چاومان لەڕێى چاوەڕوانى و دڵمان لەڕێى گەڕانەوە
وەک شەونمى بەر مانگەشەو بەدەم نیگاى ئاسمانەوە
تەم و مژى غەریبیتان هەیوانەکەى داپۆشیوم
وەکـو گوڵى ناو گوڵدانێک لە شـەماڵى دابڕیوم
بەرگى سادەو ساکارت نەخشاوە لەخۆت جوانە
وەرە هـەنـاسەو دیدەم ئـەمـە وەرزى ژووانـە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
10-- ئەستێرەباران
تەرزەى خۆشەویستى تۆ، خەمى دڵى وەرانم
لەشـەوى تەنیـایما ، چـراى بۆ داگیرساندم
بەهەشتى ئەم عەشـقەى تۆ ، پڕ لە ئاهـو ئاواتە
دیارە تەمەن بێ ئەوین ، وەک ڕێگەى خەراباتە
دەروازەى چاوەڕوانیم ، غەریبى تۆى لێ دیارە
دڵـم بـۆ دیـدارى تــــۆ هـەمیشـە پـڕ ئـازارە
لەو ساتانەى لێم دوورى ، ڕۆژى ڕوونم شەوگارە
بـەڵام کـاتێک ئـەتبینم ، پـاییـزم لا بـەهـارە
لافـاوى سـەرنجى تـۆ ، خـەمى دڵم لائەبا
وەکو شەماڵ دیدەنى باخێک وەنەوشە ئەکا
بێجگە لە خۆشەویستیت ، بێ سەمەرم ئەزیزم
وەکو گەڵاى هـەڵوەریو هـاوسەفەرى پاییزم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
11-- ئاوێنەى خەمبار
تۆ کچێکى بەهاریى بووى ، منیش کوڕى گەڵاڕێزان
خۆ دەتزانى کەگوڵ نابێت بەهـاودەمى وەرزى خەزان
ئەى بۆ هـاتیت وەکو خـۆرى چاوبەنازى لاى ئێوارە
کەدەتزانى لەسەر کۆچى و ئۆقرە ناگرى لەم هەوارە
تۆ لەخەونى منا نەبووى ، چۆن هاتیتە ناو چاومەوە
وەکو گڕى شـەرابى سـوور ڕژایتە نـاو هـەناومەوە
بۆ کوێت بەرم کۆشکى بەرزم لە ناو لەپى دەسـتمدایە
ئەو ڕۆژانەى کەمن هەمن زۆرجار خۆریان لێ هەڵنایە
من پەنجـەرەى ژوورەکـەشـم بـاوەش بۆ بـا نـاکاتەوە
هەرتەنیایى دەستم دەگرێو بەرەو لاى خۆى دەمباتەوە
دڵم وەکـو ئـاوێنەیەک تەمێکى لێڵ دایپۆشـیوە
عومرم وەکو تاکە دارێ تا دوا گەڵاى هەڵوەریوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
12-- گەڕانەوە
گەر ئەمجـارە گـەڕایتەوە لەگەڵ بـاران نم نم وەرە
(با) ى سەرشێتى تێڕوانینم بۆ شۆڕەبى پرچت بەرە
لە پـاییزى چـارەنوسـا گـەڵایەکم بێ نـاونیشـان
ئەستێرەى گریاوى منە بۆت ئەڕوانێ شەودرەنگان
دەوەرە با وەک باوبۆران سۆزى دڵمان بۆ یەک بەرین
لە لێوارى دەریاى عەشقا با هـەمیشە بۆ یەک بژین
ئەم سـەفەرە گوڵێک بێنەو وەکو بەهار دیدارمکە
بە گوڵاوى خۆشەویستیت هەناسەیەک تیمارمکە
لەو ساتەوەى لە تۆ دوورم ڕۆژى ڕوونم شەوى تارە
وا هـەمیشە لەبەر تۆیە وەرزى عـومرم بێ بەهـارە
ئێستاش تەنیـا هـەتاو ئاسـا چـاو ئەگڕێم تا ئێوارە
بێ تۆ شەویش ئارام ناگرم کەپرى خەوم هەر بێدارە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
13-- شنەى عەشق
واتئەزانى کە جێت هێشتم ئیتر ئەوین ئەتوێتەوە
باخى دڵم تینووى ئەبآ و وشک ئەکاو ئەبڕێتەوە
واتێنەگەى لەپاش کۆچت کاردانەوەم هـەر گریانە
دواهەناسەش لە دەروونما بۆ سەرنجت وەک زریانە
نا باوانم خۆسەویستى خوێنبەرێکەو لە دڵمایە
ئاودامانى عـەشقى پـاکم ئاوێتەیەو لەگەڵمایە
وانەزانى وەکو جـاران بۆ جـێژوانت پەرێشان بم
لە ناخەوە بمهەێنێ وەک خەڵوەتى دەروێشان بم
هەگیز ناڵێم تۆ ئەوینى کازیوەى بەر بەیانم بووى
ئەوڕۆژانەش بژار ئەکەم کە هـاودەمى ژیانم بووى
کە مردیشم سۆزى عەشقم وەکو باران ئەکا شەستە
لە گشت کوچـەو کۆڵانێکـا پڕ ئاوازەو ئەڵێ بەسـتە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
14-- دواخۆزگە
خۆزگە تەنیا هەناسەیەک وەکو جاران ئەگەشتم پێت
تـا بزانى کـە ڕێگاکـەم بۆنى غەریبى تۆى لێ دێت
وانـەزانى ئـەوەى کـە ڕۆى بـەئـاســانى بڕایـەوە
پشکۆى دووریت ئەوەندەى تر یادەکانمى گڕدایەوە
لەهەر لایەک گوزەر ئەکەم هەر ناوى تۆ دێتە بەر گوێم
لە بەر دووریت کەس نـابینم بەبێ ئـاگـا هـەنگاو ئەنێم
لە ئـاوێنەى خـەیاڵمدا تۆ ئەو ڕەنگەى کە لە چـاومـاى
گەر بەڕاستیش تۆ نەبینم هەموو شەوێک تۆ لەخەوماى
تەماشاکە دەنگی شیعر و هـاواریش کش و مـاتە
چونکە تینووى دیدارێکن بەڵام ڕێگەم بێ ساباتە
لەگەڵ هەموو چـرکەیەکدا کزەى ڕۆحـم ئەنێرمە لات
لە پایزیش گەڵاى عومرم گەر هەڵوەرى دێتە بەر پات
---------- ----------- ----------- ------- ---------
15-- گێژاوى عەشق
دڵەى شێتم بڕوا مەکە بە دڵدارى و ســروەى ئەوین
خۆت مەدەرە بەر گێژاوى خۆشەویستى و ژان و گرین
حەزى وێڵت بەکەس مەدە لە سادەیى خـۆت مەڕوانە
لە دەروازەى هەر دڵێک بەى ، ئەمڕۆ بەشت دڵشکانە
ئەو پەیمانەى تۆ ئەینۆشى تۆزلێنیشتووى خاک وخۆڵە
دڵێک بۆ تـۆ نەسـووتـاوە بۆیە مـاڵت سـاردو چـۆڵە
نەکەى خــەمت بئـاڵێنى بەسـەر ژانى بێداریما
سەفاى خۆشى بڕەوێنى لەگەڵ هەورى بێزاریما
بەئاگرى پەنهانى خۆت خوێنى جەستەم مەسوتێنە
لە ژێر پێ هەنگاوى زەمـەن بە ئـارامبەو مـەناڵێنە
ئیتر بەسە دڵەى شکاو بەختى خـۆتە بۆ جودایى
لە خەرمانى هەنسکى تۆ هەر با ئەیبا بەخۆڕایى
---------- ----------- ----------- ------- ---------
16-- هاوسەفەر
نـەمزانى بـۆ تەنیـایم ئەبێ بە فرمێسک و ژان
لە چاوما بەجێم دێڵى ڕێ ئەگرى بێ ناونیشان
بۆ هەنسـکى بەسـۆزم نەبویتە هـاوسـەفـەرم
نەبووى بە ئەستێرەیەک منیش بتدەم لەسەرم
وەکـو بـەفـر هـاتیت و لـە نـاخـما تـووایتەوە
شیرین دەستم بۆ بردی تاڵى بووى نەخورایتەوە
وەکو بـاران ڕژایتە نـاو پشـکۆى نـاخ و هـەسـتم
بادەى ئەم عەشقەم نۆشى بۆیە لاى تۆ بەدمەستم
چەخماخەو بروسـکەى تۆ دنیاى بۆ ڕووناک کردم
بەڵام چیبکەم بە تیشکى ساتێک رووناکیت مردم
وەک رۆژى تەم و خـومار ژینت کرد بەم خـومارە
هەرچى رابوورد بەجارێ وەک رەنجى من خەسارە
تەنیا هەنسـکى حەزین دواسـەرنجى ئەشـکانە
ئێستا لە گۆشەى دڵتا کێى تر وەک من میوانە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
17-- دوا سەرنج
بەڕووى مـانگت نــاڕوانیتە شـەوانێکى سـیاپۆشـم
هەتا خۆرى چاوت دادێ دوا پەیمانەى خەم ئەنۆشم
تۆ لەڕوئیاو خـەیاڵمدا هـەمیشە واى لەبەر چـاوم
ئەى نازانى من بەبێ تۆ وەک مۆمى دانەگیرساوم
بە دوو دەستى زەریفانە لێوانێک پڕ عەشق بێنە
لەنێو ئەهلى خەمباراندا سۆزى وەرەو دەرم بێنە
شایەد ڕۆژێ لەخۆت پرسى ئەم خەڵوەتە لەپاى چییە
تا ناسـەرى لاى تۆ ئەبم من هـەر ڕێگـام تەنیـاییە
لەکـەنارى دەریاى ژینا لە بێکەسـى بێکەسـترم
خۆمن ئەهلى مەستانە نیم لە بادەنۆشان مەسترم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
18-- هەنگاو
کەیەکەمجار هاتى بۆ لام هەنگاوێت ئەکرد بەدوان
بەڵام ئێسـتە بەهـەنگـاوێ ڕایئەماڵى یـادگارەکـان
بەرز فڕیت بەڵام دیارە لەئاسمانیش پەشیمانى
بۆیە ئێستەش وێڵى بەدوام تا هەواڵى من بزانى
هەرچى ڕۆژێک سایەى باڵات وەک ئێوارە بەجێى هێشتى
ئەوسا ئەتوانى جێم بێڵى وەک فرمێسکێک کە بۆم ڕشتى
دوا یـادگـارى ئەم ئـەوینە هـەنـاسـەیەو لەگـەڵتـایە
بۆ کوێ بڕۆى دێتە ڕێگەت وەک شنەى با بێ سیمایە
بڕۆ خـاکى شـوێن پێکەشت لەگەڵ خۆتا ڕابماڵە
سکاڵاى من بێ ورتەیە چونکە عەشقى تۆ بەتاڵە
ئیتر هەرگیز ڕێى جارانم بەڕێگەى تۆ ناگاتەوە
نەک سەرنجم بگرە دڵیش دەرگا لە تۆ ناکاتەوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
19-- بێ پەنا
ئەگەر تۆ بێى ئیتر هەرگیز چـاوەڕوانى بەهار ناکەم
تا دوانەفەس بەمردنیش هەست بە بوونى ئازار ناکەم
با لەکوچـەى چـاوەڕوانى بێمە دنیاى یەکبوونەوە
خوا ئەزانێت خۆشیم نییە بەدەست دڵەى زەبوونەوە
ئەوسا ژینم پڕ سەفایە و خەمم لەکۆڵ ئەبێتەوە
دەرگاى هیوام لەبەهەشتى ئاسمانێکا ئەکرێتەوە
ئەم گۆشەیەى کە ئێستاکە بۆتە ژوورى خەمەکانم
مەگەر هەر تۆ فریام کەوى دەستم بگرى بۆ ژیانم
ئەى هەناسەى ناو دەروونم لەم غوربەتە جێم مەهێڵە
بـێ تـۆ دڵم بـێ پەنـایــەو ڕێبوارێکى تـەنیـاو وێڵە
بەزمانى بەسـتراویشم تەنیـا بۆ ناخـى خـۆم ئەدوێم
لە دوا ڕێگەى چاوەڕوانى بۆ ماڵى خەم هەنگاو ئەنێم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
20-- ئاهو ئاوات
ئاهوئاواتم هەر تۆ بووى . . گوڵم بۆچى نامدوێنى
سەفاى خۆشبەختیم نەما، گەر تۆ خەندەم بۆ بێنى
لە میهرەبانى جـوانیتـا ، ئەتۆ نەغمـەى ئەوینى
ئەشێ بەدبەختى خۆم بێ بۆ من وەرزى ئەسرینى
هەناسـەى شیرینم . . نەوگوڵى ئەوینم
بەسەکزەى جودایى . . تاسەى عەشقى تەنیایى
لەئاگردانى دەروونما ، ناخم کورەى بەستەمە
تینووى کانیلەى ڕێتم ، میهرى دڵ و جەستەمە
لەخۆرەتاوى نیگاى تۆ ، پەردەى تەمى پاییزە
نێرگز سەرچۆپى ناگرێ ، بەهار دیلى ئازیزە
گریانى شەوانە . . ئاوازى بارانە
خەندەو خۆشى تۆراوە ، بەهار سیماى گۆڕاوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
21-- سەفەرى خەم
ئەمشـەو دڵم ئەناڵێنێ لە ئارانى هـەوارێکا
کۆترێکەو هەڵکورماوە لەقەد پاڵى نسارێکا
فرمێسکى چاو بەخوڕ دێت و لەگەڵ خەما ڕێگا ئەگرێ
چراکەشم تروسکەى دێ ، هەناوى خۆى بەگڕ ئەبڕێ
هاوڕێى گیانیم خـەمى شـەوم وەرە دڵم پڕکەرەوە
دواهەناسەش بۆ ناو گەرووم پڕ بەتاسە شۆڕ کەرەوە
ئێستاش خەمە کەدڵسۆز بێو خۆى لەجەستەم بئاڵێنێ
لە مەنزڵگـاى دوا هـــەوارم کۆڕى شــیعر بسـازێنێ
چۆن لە ماڵى پڕ هـەنسکا دەسـت بەردارى خەمى شەوبم
کەمن پشکۆى گڕى عەشقى خۆشەویستى دەستى ئەو بم
لەگەڵ ژانى دەم پەژارە ئاهى شەوم بێ کۆتایە
خـەیاڵێکەو مەرگەسـاتە تا چاوبڕکا لە سـۆتایە
لەگەڵ دڵى ئەم شەوەدا بۆ تۆ ئاخم هەڵکێشاوە
بۆ ئامێزى کسپەو ناسۆر فرمێسکیشم بەلێشاوە
ئۆخەى ناکەم بە گێژاوى گەردەلوولى خاکى خەیاڵ
ناچار ئەبم ئارام بگرم تا لێم هـەڵکا شنەى شـەماڵ
---------- ----------- ----------- ------- ---------
22-- گۆشەگیر
ئەوا دیسان زەماوەنە دڵى منیش دەریاى مەنگە
تەنیا منم گۆشەگیرم دوور لە خۆشى ئەم ئاهەنگە
ڕەشـبەڵەکە وەک ملوانکە هەڵئەپەڕن کوڕ و کچـان
زۆر بەجوانى ئەینەخشێنن دەست بەرنادەن بەبێ وچان
ئارام ناگرم لەم گۆشەیە چونکە بێ تۆ لام زیندانە
گشت ئاوازێک بۆ دەروونم کاردانەوەى بەگریانە
ناچار منیش مەلى نیگام بۆ باڵاى تۆ ئەخولێتەوە
تۆ لێرەنیت منیش دڵم بەهیچ کەسێک ناکرێتەوە
زۆر ئەبینم لەم ئاهەنگە پڕسەنجم خۆ ئەنوێنن
هەرچەن ئەکەم لەبەر چاوما شێوەیەکى تۆ نانوێنن
لەتۆ زیاتر کەس شک نابەم مەیلى عەشقم بجوڵێنێ
وەک خۆت ئاسا تەرزەى سەرنج بە ڕوخسارما ببارێنێ
---------- ----------- ----------- ------- ---------
23-- دیارى
چى بنێرم بەدیارى بۆت کە وەک خۆت بێگەرد و جوان بێ
تەنیـا دڵم بـەدى ئـەکـەم هـەتـا مردن لات میـوان بێ
ڕاستە من بەو دڵە ئەژیم ئەیدەم بەتۆ وەک ئاوێنە
چى بێ لە دڵ شیرینتر بێ تۆش لە دڵتا بیخەوێنە
لە دوورەوە چـاوم لەگەڵ سـەرنجـى تۆ ئاوێزانە
دوو مناڵى دەم بەخەندەن بۆ یەک ئەدوێن ئازیزانە
کە ئەگەیتە بەر دەروازەى ماڵى گلێنەى چــاوانم
منیش بەسەرنجى تینووم بۆ خۆرى چاوت ئەڕوانم
بەڵام چیبکەم لە دوورەوە پرشەى نیگات ئەمسووتێنێ
هەرچى وشەى ئەوین هەیە لە شەرما خـۆى ئەتورێنێ
ناچار منیش بێدەنگ ئەبم تا تۆ حەرفێک بدرکێنى
هەتا لە جێژوانى تارم چراى عەشقێک داگیرسێنى
---------- ----------- ----------- ------- ---------
24-- هەڵوەرین
وا پاییزەو گەڵاى زەردى درەختەکان هەڵوەریوە
باڵندەکان ئەجریوێنن ئاسمانیش تەمى پۆشـیوە
جەستەى منیش خولیاى تۆیە لەم ڕێگایە غەمەنگیزە
هـەنگـاویشـم بێ لانەیە لە بـەر گەڵاى ئەم پاییزە
ئەى وەرزى تەم بەهەناسەت وشک ئەکەى گوڵزارەکان
لێزمە ئەکەى شەکەت نابى وەک فرمێسکى دڵدارەکان
زریانى خـەم تێکـەڵاوى بـارانى گـریـانم ئـەکـەى
گەڵاى جوانیش ئەوەرێنى لەبەهەشتى دارى ئەخەى
ئەى وەرزى جوان بابسوتێى بە ژیلەمۆى وەرزى خەزان
خـەم مەپۆشـەو شـەکەت مەبە هـەتا ماوە گـەڵاڕێزان
چونکە منیش هەر وەکو تۆ لە ئەوینم هەڵوەریوم
لە بەهـارى ڕابردووما لە سـایەى تۆ هـەڵپەڕیوم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
25-- دوورى وغوربەت
هەر ئەڕۆم و وەک شەو و ڕۆژ بەڕێى خۆما دێمەوە
دوور لە تـاسـەى یـادى کۆنى یـارانم ئـەتلێمـەوە
وەکو کزەى ساردى نەسیم ڕێ ئەبڕم بەبێ وچان
هـاواریشـم بێنـەوایـە بـۆ شــەوانى پـڕ لـەژان
بۆ گوڵ ژیانم کەچى وەرزم هەر سەرەتاى پاییزە
رێگەى چــۆڵم دوور لە دەنگى هـاویارانى ئازیزە
بۆ کوێ بڕۆم دڵم وەکو کۆترێکى لانەوازە
چـاوەڕوانیم باڵدارێکە تـا ئێواران بێ نـازە
بە دڵ ویسـتم لە نێو کـۆڕى هـاویارانم دانیشـم
ئیتر بەس بێ فرمێسکى ئاڵ بۆ غەریبى هەڵڕێژم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
26-- شەوانى سیاپۆش
لە ئێوارەى ئەنفالێکا هـاتن تیشکى هـەتاویان کوشت
پەڕى گوڵیان دەسکەنە کرد ، لە بیابانا هەڵیان ئەڕشت
ڕووبار نەما دیلى نەکەن ، ئاوهەڵدێرى نەسوتێنن
چـرا نەما لە نـاو دێیا گڕو شـەوقى نەخـنکێنن
قەنارەکان بۆ ئاوازى هـەناسەى قوڵ ئەترسێنن
هەڵپەڕینى تەرزە لە خاک بەتەزیوى ئەخەوێنن
خامۆش نابێ دوا سـەرنجى ئەستێرەى سەر کاروانى دوور
باڵاى شاخم بورکان ئەگرێ ، پەیام دێنێ گوڵاڵەى سوور
کە دەفتەرى وڵاتى خۆر مێژووى ئاگر سـەرەتا بێ
هیلاکى خاک بۆ هەنگاوى ئاوارەکان بێ هاوتا بێ
سیماى چاوى دایکى وڵات فرمێسکى سوور ببارێنێ
چـۆن قەنـارە سـیماى مەرگ بە ملوانکە ئەناسـێنێ
هـەڵۆکانم دەسـەرکەون بە گەردنى لوتکەى شاخا
با داگیرسێ ئەو شۆڕشەى کە مەشخەڵى وا لە ناخا
بـا تـارمایى دوژمنـانى وڵاتەکەم سـەرەو لێژ بێ
نەبا دایکى شیرینیشم دڵى مشتێک خۆڵە مێش بێ
---------- ----------- ----------- ------- ---------
27-- ناکامى
پەشـیمانم لـەوەى وتم کـزەى ڕۆحـم ئەبەخـشـم پێت
خۆشەویستیت باڕەشێک بوو گوڵمى وەران کەوتە بەر پێت
پێت نەوتم بۆچى ئەڕۆى کێ پارسەنگم بۆ تۆ ئەدات
لە هاوارى منا ون بووى بۆیە چـرپەت لێوە نەهـات
با تابلۆیەک جوانیت هەبێ لام وەک نەخشى سەر ئاو وایە
دەسـتە بـاڵاى گوڵـــَەبـاخ بیت تـازە بۆنت بۆ من نـایە
با کیشوەرێک لە شەونم بیت وەک سەرابێک تۆ ئەبینم
بۆ لــەمــەودوا وەکو جـاران لـە بــاسـى تۆ ڕانـامێنم
چۆن ئەتوانى لەگەڵ مندا شەڕى عەشق بەرپا بکەى
خۆتۆ ئێستاش لەسەر ڕێدا کە ئەمبینى سەر دائەخەى
لەویژدانى خۆت بپرسە بۆ لە ئاستم شەرمەزارى
بێوەفاییت وەڵامێکە تەنیا هەر خــۆت تاوانیارى
---------- ----------- ----------- ------- ---------
28-- پشکۆى ئەوین
دەبمبەخشە کەنەمتوانى چراى عەشقت داگیرسێنم
لەڕێى هەموو هەنگاوێکتا گوڵى هیوات بۆ بچێنم
گوڵم نەکەى بە نیگــاى پڕ دڵى مـاتى من بکێڵى
چونکە خونچەى سەرنجیشت بە وەریوى بەجێدێڵى
نیگاى وێڵت لە من ببڕە مەمخە دەریاى خەم و پەستى
نەکەى حەزت ببارێنى بەسـەر پشکۆى خۆشـەویسـتى
خۆرى چاوت پرشنگ ئەدا دیارە تاسەى عەشــقى پێیە
چى شک ئەبەى لە دەرونما تا شەپۆل بەى بۆ ئەم ڕێیە
ورد بڕوانى ئاشکرایە سـیماى چـاوم ئەشک ڕێژە
تۆش ئەم حەزەت بتاسێنەو لەناو دڵى خۆت بینێژە
ئەى شاگوڵم هێندەى مەجنون شەیداى لەیل بوم لەکاتى خۆى
بەڵام لەیلى ئەم شــارەى من تەنیا خشــڵى گرتە ئەســـتۆى
من ئەترسم تۆش وەکو ئەو ڕێژنەى عەشقت ساماڵ بێنێ
ئەشـێ هـەورى بێ سـامـانم ئـەوینى تـۆش بـڕەوێنــێ
نا بـاوانم لەسەر چـڵى نەدارى من ئۆقـرە ناگرى
بێگومانم لەباڵ ئەدەى لەماڵى من لەنگەر ناگرى
---------- ----------- ----------- ------- ---------
29-- بێدەنگى شار
شار خامۆشە کش وماتە کۆڵان کەسى لێوە نایە
تەنیا دڵى نیشـتمانە پڕ لە هـاژەى ڕەشـەبـایە
کەى پەیامى بەهار وابوو گوڵاڵەى سوور هەڵوەرێنێ
بۆ سـەرچـۆپى ئەم نەورۆزە نێرگز لەخـاک بتۆرێنێ
هێشتا وادەى وەرین نەبوو چرۆى دارو دەوەن سووتا
وەکو پـاییز پێشـوازى گوڵ بۆ پەپـوولە بوو بەسـارا
کە هـەتـاویـان لێ ون کردم ، نـابینـا بووم بەو سـێبەرە
لەگەڵ جەستەى گەڵاى وەریو بێ نازکەوتین لەو دەڤەرە
لەژێر پەردەى تەم و مژا ڕۆح گەیشتە تاقى ئاسمان
هـەناسـەشـم سـەرەڕۆ بوو بۆ ئاهێکى پڕ بە ویژدان
هێلانەى مەل تابوتێک بوو باڕەش ئەیبرد بۆ ئارامگا
هەنگاوەکان بێ لانە بوون پەشــێوابوون لەتاو ڕێگا
هێز ئالوودەى مەینەتى بوو بەبێ ئارام خەوى لێکەوت
ئەژنۆى شکاو بەبێهوودە لەنیوەى ڕێ لە پێ ئەکەوت
چەم غوربەتى لێنیشتبوو سەرى هەڵگرت وەک ئێوارە
خۆرەتاویش بێ کەس و کار زەرد هەڵگەڕا لەو هەوارە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
30-- کزەى هەناسە
بۆچى نایەى پڕ سەرنجم هاودەمى ئەوینم بى
لـەڕۆژانى تەنیـایمـا هـاوسـەفـەرى ژینم بى
چـاوەڕوانى نیگاى تۆمـە تـا سـپێدە دەرکەوێ
لەبەر تیشکى چاوەکانتە ئەستێرەشم خۆشئەوێ
گەرچى جوانیت وەک بووکى گوڵاڵەى جوانى بەهارە
دڵ بــەزامى خــەمى تـۆیــە بێدەوایــەو بیمــارە
سەرم خستە نێو کۆشى خەم تا یادێک بکەمەوە
گۆشـەگیریى و تەنیـاى بۆ ماڵى خـەم بەرمەوە
وەرە تـاوێ بڕوانــە ســیماى شـێواوم ببینـە
هەر خۆت گوڵى سەبوورى لەخاکى دڵما بچێنە
وەک زوڵفى تۆ بەدەم باوە دێم و دەچم بێ ئارام
پـەشـێواو و لانەوازم وەرە ئەى خـــۆرى دنیام
---------- ----------- ----------- ------- ---------
31-- هەڵەبجە
بۆ کوێ ئەڕۆن کە ئەزانن تەم و مژ وا لەڕێتانە
دوا سەفەرە لە هـەڵەبجە کە زریانەو گۆڕستانە
دیارە وەرزى گەلەکۆچەو شارەزوورى گرتۆتەوە
نیشتمانم خەم ئەنوێنێ لەجیهانیان شاردۆتەوە
ئـاى لەم وەرزى دابڕانە لـە هـەر چـوارلا هـەر وەرینە
دەى ڕەشەباى دواهەناسەو فرمێسک باڵاى مەرگ ببینە
بـە بێدەنگى لە دواسـاتى ماڵئـاوایى ڕاوەسـتاوم
کە ئەبینم گوڵ ئەورێ و باڕەش ئەیبا لەبەر چاوم
دیارە ئەمڕۆ هەڵمژینى هەناسەتان بۆنى شارە
ئەستێرەى کاروانى ئێوە چراخانى شەوى تارە
چۆن ئەتوانن بەڕۆحى پاک هەڵەبجەکەم ئەگرنە کۆڵ
فریاکەون کانى عاشقان دەروونى بوو بەمشتێ خــۆڵ
---------- ----------- ----------- ------- ---------
32-- دابڕان
کزەى عەشقى منە وەرزى دوورى ئەوین یادەکەم
وەکو شــەماڵ بۆ گەڵایەک هەمیشـە هانا دەبەم
خـەمى کۆچـى تـۆیە گـوڵم دڵى شێوانم بـەجـارێ
کۆچەرێکى ڕێى ئەوین بووم بۆ سۆزێکى پڕ ئازارێ
تۆ پێت وتم باخى عەشقم پڕ سێبەرى ڕێگەى تۆیە
هەرچى ئاهێک هەڵدەکێشم یەکەیەکە خۆزگەى تۆیە
ئەى ئێستاکە ئاهت بۆ کرد بەهاودەمى هەناسەى من
خۆزگەت بۆکرد بەگوڵێکى زەردو تینوى دواکاسەى من
تۆ سەرەتا نم نم هاتى کەچى ئێستە ئەمسووتێنى
بۆ ســەمـەرى چاوەڕوانیم باخى هیوام ئەوەرێنى
چــۆن بتوانم بێ تۆ بژیم سەفاى دڵم وێرانەیە
ئەویش چەرخى دەورو دەستى دابڕانى زەمانەیە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
33-- بێ هوودە
وامئەزانى کەجێم بێڵى کەشتى ڕێگەت لەنگەر ناگرێ
بڕوام نەکـرد کـە زریانى ئاهـى دڵم ڕێت پێ بگرێ
بەسەر مندا شەپۆلت برد هەور ئاسا چویتە ئاسمان
بەڵام ئێسـتە بەلێزمەوە دێیتە خـوارێ وەکو باران
ئێستا چراى عەشق و هیوام خامۆش بووە بەدەستى تۆ
هەسـتى شـیعرم بێهوودەیە لەیادێکى سـەرمەسـتى تۆ
خونچەم وەرى و دڵم شکاو هێلانەشم لێشێواوە
گەڕانەوەش دادت نادا چون بەفرى عەشقم تواوە
ئاوێنەى دڵ وا شکاوە وێنەى تۆشى ون کردووە
تۆ بزانـە چ دەردێکت بەم ئـەوینەى من بردووە
ئیتر بڕۆ بیر لە ســـایەى دارى عەشـقم مەکەرەوە
ڕێژنەى کۆچت بۆ کێ دایکرد هەر بۆ ئەوى ببەرەوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
34-- هەراسان
هـەراسـانم لەم شەقامە هـەرچەن تاکەو گوڵى شارە
هەتا دوێنێ جێژوانمان بوو بەڵام ئێستە جآى نەیارە
ئەى شەقامى دەم بەگوڵم بۆچى ڕێگەت لەسەر پشتە
گەر دوو هاوسەر بێن و بڕۆن لاى تۆ ئەبن بەفریشتە
ئەى نازانى ئەوخاتوونەى کەهات پێى نایە سەر پێڵوت
سەردەمێ بوو نازەکـانى بەمن دابوو لە خـاکى ڕووت
وا ئێستاکەش هەنگاوەکەى چاوى ڕەشى تۆى شاردەوە
لەبیرت چوو پیاڵەى عەشقى پڕ تاسەمى ئەخواردەوە
کە زانى عەشقى بێگەردم بێ تەڵایەو بێگەوهەرە
لەباڵى دا و باکى نەبوو لە کۆچى خۆى بێ خەبەرە
ئەى شـەقـامى سـەرلێشـێواو باڵت لە ڕێیـان هەڵکێشـە
گەروەفاى بۆ من نەبووبێ شوێن پێى بۆتۆش دڕک و ئێشە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
35-- ئەشک
ئەى تەنیایى چەن شـیرینى بۆ تاڵى و سـەختى ژیانم
گەر تۆم هەبێ کەسم ناوێ تۆى دڵسۆزى خەم و ژانم
وا بێکەس و بێ میوانم دایمە دەرگام داخراوە
نوسراوى ناو لەپى دەستم تەعبیرێکى ئاڵۆزاوە
هەور بەسەر سەرما ئەگرى و نمنم ئەشکم بۆ ئەڕێژێ
پاییز لە سـێبەرى خۆیا جەسـتەى گەڵام بۆ ئەنێژێ
هاوسەفەرم سایەى خۆمە کە خۆر نەبێ ئەویش نایە
جاربەجارێ دڵخۆش ئەبم کە ئەبینم هاوڕێم بایە
کە ئاشناى تەنیایى بوم قەدرى نەبوو لام یەکەمجار
هەتا ڕۆژێ زۆر خەمبار بووم لەگەڵ ئەوا چوومە کەنار
ئەوسـا زانیم کە تەنیـایى دانیشـگایە بۆ دەروونم
بەڕابردووى خۆما ئەچم دەرسى تازەى تیا ئەخوێنم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
36-- هەرەسى ئەوین
هەرچەن لەشـارى بەهارام کەچـى شەماڵ گوڵ نادوێنێ
خۆشەویستى و عەشق و ئەوین لەم هەوارە هەرەس دێنێ
لەکۆڵانى بەربەستراوا نیگاو سەرنج لەیەک ئەکەن
ئاهو ئاوات دەنگیان نایە تا لە قاپى ئاسمان بدەن
وا ڕەشماڵى خێڵى ئەوین لەبەر هاژەى ڕەشەبایە
چراى عەشق و خۆشەویستى وا ئەخنکێ و بێ هانایە
وەک چۆن باخێک سەردائەنێ بۆ پاییزێک بەکینەوە
عاشق فرمێسک ئەوەرێنێ بەتابووتى ئەوینەوە
مامەى کاروانى خەمباران لەنیگاتا ئاوڕ دوورە
کە دائەکا ڕێژنەى گریان لەچاوانتا بێ سنوورە
بەدوا وشەى پڕ هەنسکى پەشیمانى و ماڵئاوایى
سۆزێکى بێ پایان خۆتى کە ئەیبەخشى دڵنەوایى
---------- ----------- ----------- ------- ---------
37-- دڵنەوایى
کـە ئێـواران تەنیا ئەبم خـەیـاڵى تۆ ئەمبـاتەوە
دەنگى سۆز و پڕ ئاوازت لەناخما دەنگ ئەداتەوە
وەکودەریا شەپۆل شەپۆل تاڤگەى جەستەم بۆلاى تۆ دێ
بەڵام چـیبکەم هـەنگاو دژى حـەز و هـیوام ڕێگا ئەبڕێ
گەرچى بەرەو گۆشەى تارو ناهەموارى ئەڕۆمەوە
بەڵام دڵ و سەرنج ئەڕۆن لەگەڵ خۆمیان نابەمەوە
ئەڵێن چاو سرکە ناگیرێ بەڵام ئەشکم دەستەمۆیە
پێ هەنگاوم بەرەو ماڵەو کزەى دڵم بۆ لاى تۆیە
ئـەم ئێـوارە پەشـیمانە مـاڵئـاوایى ئەکـاتەوە
تا سپێدەى ڕون دێتەوە خەمێکى تر دەخاتەوە
لەژێر چەترى ئەم شەوگارە خەم ئەنۆشم بەئەسپایى
بێجگە لەتۆ کەس شک نابەم بمداتەوە دڵنەوایى
---------- ----------- ----------- ------- ---------
38-- بێ سۆراغ
بێ سۆراغ نیم ئەگەر ڕۆژێ کەخۆم ون کرد لەبەر چاوتان
لەخـەونیشـا لەگەڵ ئێوەم لە ناو دڵمـان ئەى هـاوڕێیان
باوەڕ بکەن کەس نـاتوانێ یـادى ئێوەم لێ ون بکا
هیچ خونچەیەک ڕەنگى گوڵى ئەم هەوارە لەمن بکا
لەگەڵ هەموو کزەبایەک ئێوارانم بیر دێتەوە
دەنگى ئێوە لەناخمدا هەمیشە ئەزرەنگێتەوە
با دارتێلى شەقامەکان دوا یادگارى وەستانم بێ
فرمێسکەبارانى ئاسمان هەگبەیەکى سەرشانم بێ
دڵنیـابن بەبـێ ئێوە ڕێبـوارێکـم بێ نـاونیشـان
خەڵوەتێکم لەبێدەنگى و شارێکم لە خەم و گریان
بێ تۆ ناژیم شارى شیعر و دوا گۆرانى و دوا ئاوازم
بێگومانبە لەهەرکوێ بم من هەمیشە پێت ئەنازم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
39-- بیرەوەرى
ئەگەر هات و بیرت کردم تامەزرۆ بووى کە بمبینى
کە لێت دوور بووم نەکەى بچى دڕکى ئازار بچەقێنى
بڕۆ لـەگەڵ یادەکـانما دابنیشـە تـا دێمە لات
یادگاریمان لەبن نایە بەشى هەتا مردن ئەکات
لەژێر سایەى پەڵە هەورێ سۆماى چاومان بەیەک بەخشى
لـەکـاتێکى نـادیـارا بـادەى عەشـقى یەکـمان نۆشـى
حەزم نەکرد دواهەڵبەست و گۆرانى من خەماوى بێ
خەتى نوێژگەى ناوچەوانم نوسراوێکى تەماوى بێ
لە دوورى تۆ وەک ئاگرى بەر ڕەشـەبا بێ ئارامم
لەلاى خەڵکیش وائەزانن من هەمیشە بێ کەلامم
بێهوودەیە ئەزیزەکەم هەرچەن ئەکەم ناگەم بەتۆ
بەسووتانى مۆمى عومرم واتەمەنیش ڕۆى بەفیڕۆ
---------- ----------- ----------- ------- ---------
40-- بەستەى غوربەت
ئەوا ئەڕۆم وشکە ڕێگەى دورەوڵات ئەگرمەبەر
بەناچارى خۆم ئەدەمە بەر بارانى هەورى قەدەر
ئەمن هەرگیز خواستم نەبوو ساتەوەختم تەنیایى بێ
گۆشەگیر بم لەکەسوکار دواتەمەنم جودایى بێ
ئەڕۆم چیتر بەستەى غوربەت بەناکامى ئەڵێمەوە
وەکو گەڵاى زەردى پاییز بەدەم باوە ئەخولێمەوە
خۆ نازانم ڕێى غەریبى دواهەنگاوم بۆ کوێ ئەبا
زەردەخەنەش بێهوودەیە لەدەروازەى مەینەت ئەدا
هەرچەن لەناو ڕازى دڵما یادەکانم پەنا داوە
وەکو مەلى سەرلێشێواو دڵ ئارامى لێ بڕاوە
بۆ وڵاتم بۆ یارانم دواهـەنـاسـەم هـەڵـئـەکێشـم
لە ئارامگاى دڵ و دەروون دواهەنسکى خۆم ئەنێژم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
41-- ئەستێرە
ئەستێرەکەى شەوانى من بۆچى ون بووى لەبەر چاوم
وەختێ کشاى لە ئاسمانا من لێرە سووتا هەناوم
من نازانم بۆ کوێ ڕۆشتى هاواریشت دەنگى نەبوو
توانەوەت پرشنگى دا گەڕانەوەت ڕەنگى نەبوو
خۆ من شەوان هاودەمێکى پڕ نیازى تریفەت بووم
عەشقى جوانى سیماى گەشى ئەم ڕوخسارە زەریفەت بوم
هەتا بڵێَى خاکى چاوم لە سـەرنجـت تێراو نەبـوو
لەئاسمانى پڕ ئەستێرە بۆ هیچ کامیان مەیلم نەچوو
تاسەى عەشقم لەتۆى دابوو بەڵام بێهۆ خۆت لێم تۆران
بویتە فرمێسکى بلورىو خۆت لەگۆناى مانگ هەڵوەران
جێگەى داخە کە سبەى شەو ئەستێرەى تر سەردەردێنێ
لەم ئاسـمانە لە شـوێنى تۆ ، بەتاسەوە خـۆى ئەنوێنێ
---------- ----------- ----------- ------- ---------
42-- بەسەچیتر
بەسە چیتر لەپاش کۆچت مۆمى تەمەن مەتوێنەوە
بیناى چاوم مەکە دەریاو ئەشکى گەشم مەڕژێنەوە
بێجگە لەتۆ کەس شک نابەم خەمى قوڵم وەدەربێنێ
لە دەروازەى شەوى تارم مۆمێکى نوێ داگیرسێنێ
تۆ نەهـاتى وەکو شەماڵ تێکەڵاوى هـەناسەم بى
لەتەمەنى هەڵوەریوم خونچە گوڵى سەر کاسەم بى
من تا ئەمرم خـۆشـەویستى بێ پایانم سەرەتایە
نەهەنگى ناو دەریاى دڵت جیابوونەوەى لەکۆتایە
دەتۆش ئیتر پیاڵە لێکدەو بادەى تازە بخۆرەوە
منیش لێرە ئەناڵێنم بەدەس خەم و ناسۆرەوە
وانەزانى کە دوورى تۆ یادەکانت ئەباتەوە
هەتا بڕۆى زیاتر دڵم گڕو کڵپە ئەخاتەوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
43-- تێک شکان
ئاى لەوڕۆژەى کەنەمزانى بە نیگاى تۆ خۆم تێک شکان
لەڕێى بەلەمى ئاواتم خۆشیت لەمن کرد بە تۆفان
نەفرەت لەمن کە سادەبووم خۆشەویستى تۆش ڕەهێڵە
بۆیە ئێستا شێوەم لاى تۆ وەک نەخشى سەر گۆمى لێڵە
تۆ پێت وتم هەناسەکەم من ڕاستگۆى ناو ڕاستگۆیانم
هەتا ئەمرم تۆ شک ئەبەم وەکو ڕۆحم بۆ ژیانم
کەمردیشم بەتەنیایى بۆ ئەستێرەى شەو مەڕوانە
ڕۆحم لەئاسمان ناسرەوێ لەگەڵ ڕۆحتا ئاوەڵدوانە
بەڵام ئەوەى کە تۆ وتت هەمووى ئەفسانەو خەیاڵ بوو
ئەو فرمێسکەى کەئەوەرى تاسەى جادوى چاوى کاڵ بوو
ئێسـتا منم لە ئامێزى جـیهانێکى پڕ ئازارا
لەسەرەڕآى نامۆ بوون و داستانێکى نادیارا
---------- ----------- ----------- ------- ---------
44-- ژووان
بەئەسپایى چاوهەڵبێنە بۆ نیگایەک پەشێواوم
خۆشەویستى تۆ دەریایەو لەکەناریا ڕاوەستاوم
لەدوورەوە بۆت ئەڕوانم تۆ هەڵاڵەو منیش باران
وەکو وەرزى دەمەو بەهار پڕ تەماشاین بۆ لێکئاڵان
من وڵاتى خۆشەویستیم هێندەى ئاسمان بێ سنوورە
بەچاوى تۆ چاو هەڵدێنم شەوانیشم پڕ لە نورە
خۆزگە جارێک بایەک ئەبووم تاوێ زوڵفت بژاکێنم
پەنجەم ئەکرد بەشانەیەک کەزیەکانتى پێ دابێنم
لێوت لێوى لێوانێکە تینووى ناخم بۆ ئەشکێنێ
تەماشایەک لاى تۆوە بێ ڕۆح و جەستەم ئەتاسێنێ
وامەزانە وەک ئەستێرە لەدوورەوە بۆت ئەڕوانم
لەخەونیشا لەگەڵ تۆدام خەویش بەجێژوان ئەزانم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
45-- هەناسەیەک
خۆشەویستیت ئاسمانێکە هەمیشە وا بەسەرمەوە
دەروازەى گشت سەرنجێکم بەیادى تۆ ئەکەمەوە
گەرچى دوورم بەڵام شێوەت قەت ون نابێ لەبەر چاوم
ساتێک وشک نابێتەوە هەردوو دیدەى پڕ لە ئاوم
زۆر ئەترسام کە ڕۆژێ بێ لەچاوانتا خۆم نەبینم
بەبێکەسى مەودام نەبێ لەئازارى خەم و شینم
ئەم سەفەرە هێجگار سەختە چونکە لە تۆ دابڕاوم
ئاخۆ کەى بێ شاد ببمەوە بەسۆماکەى بیناى چاوم
ئەگەر بڵێم خۆشەویستیت دەریایەکى بێ بەندەرە
بڕوابکە هەناسەکەم بێ تۆ خۆشى لام کەسەرە
ڕێگام کوچەى تەنیایىیەو سەرم سەداى هەزار خەمە
چەن هەناسەى سارد هەڵکێشم بۆ یادى تۆ هێشتا کەمە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
46-- بێ هەوار
لەدواى کۆچت ئاودامانى دەریاى خەمى بێ بوارم
ماندووى ڕێگەى چاوەکانتم کۆچەرێکى بێ هەوارم
وەکو بەفر بەبێگەردى هاتم ئێستاش ئەتوێمەوە
گوڵم ئێستە شیرنترم لەگەڵ تاڵیش ئەخورێمەوە
پاش چى ئەڕۆى هێندەى باڵات بەفرى عەشقم لێت باریوە
شەقام نەما جێژوان نەبێ ئەم شارەشم لێت تەنیوە
سروەى عەشقم لێت ئاڵا بوو، تا باڵاکەت بشنێتەوە
بەڵام شەپۆلى دابڕان بۆ کەنارم دێنێتەوە
خامەى دەستم هەنسک ئەداو نۆ شیعرێکى ئەگرێنێ
لەدەست غوربەتى تۆ ناچار وشەکانى ئەشێوێنێ
لە کێشانەى سۆزو خەما دوامەبەستت کێشانەکە
فریاکەوە وەرزى حەز ڕۆى هاوسەرى خۆت نیشانەکە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
47-- سەرنج
ئێوارەیەو بەهێمنى وردە وردە ڕێگا ئەبڕى
لەگەڵ لەنجەى سەرەڕێگەت لەشەقامدا پەنا ئەگرى
لەدوورەوە تیشکى چاوت ئەوینێکى خوڵقاندووە
بەرگى جوانى پڕ ئەندازەت بەساکارى نەخشاندووە
هەموو ڕۆژێ بەنیگایەک لەم شەقامە ئەمهەژێنى
خەندەى لێو و چاوى سەرنج جاربەجارێ ئەتۆرێنى
کەتێپەڕیت ناچارمنیش ئەم شەقامە بەجێدێڵم
بەچرکەیەک بێزار ئەبێ لەم بەهەشتە حەزى وێڵم
ئەى نازانى دڵەى کەیلم بۆ دیدارت ئەناڵێنێ
چاوەڕوانى دەرفەتێکە تا عەشقم پێت بناسێنێ
وانەزانى کە ناتوانم ئەم ئەوینە بخوڵقێنم
لەگەڵ لەنجەى سەرەڕێگەت ئەم پرسیارە بدرکێنم
چونکە چاوت هەتاوێکە لە ڕووى تارم هەڵدێتەوە
بۆیە منیش کە ئەتبینم وشەکانم ئەتوێتەوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
48-- ون بوون
کوا شەپۆلى عەشقى دەریات تەوژمى بۆ جەستەم ئەبرد
کوا ئەوخەمەى بۆمن ئەخوراو لە سینەتا کڵپەى ئەکرد
ئاخۆ ئێستا هەنگاوەکەت بەرەو کام حەز ڕێگا ئەبڕێ
لەدەریاچەى پڕ ئەوینت ڕوخسارى من نوقوم ئەکرێ
من لەقاپى دڵى تۆم دا هەتا ترپەى هەناوت بم
تا لەدنیاى خۆشەویستى دوانیگارى بەر چاوت بم
ئێستاش تاسەى دووریت بکەم بۆنى یادت شەپۆل دێنێ
گڕى عەشقت لەهەناوما ئاگردانێک ئەخوڵقێنێ
گوڵم مەڕۆ یادەکانم شەپۆلیان بۆ تۆ هێناوە
یادگارێکى پڕ تەمەنم لەسەر ڕێتا بەجێ ماوە
ئاخۆ ئێستا سیماى عەشقت بۆ تاسەى کێ ئەڕازێنى
بەفرى نیگات بەهێمنى بۆ شێوەى کێ ئەبارێنى
---------- ----------- ----------- ------- ---------
49-- سلێمانى و چراخان
ئێوارەیەو گەشەى هەتاو ماڵئاوایى ئەکا لە شار
زەردەپەڕى دەمەومەغریب سەرهەڵئەگرێ لەشەوى تار
ئەستێرەکان دێنە دەریاى ئاسمانێکى پان و بەرین
تریفەى مانگ شەپۆل ئەدا بەسروشتى جوان و نەخشین
سلێمانیش چراخانەو دوانیگارى تاسەى شەوە
شەقام وێڵى شەوەزەنگەو عاشقێکى شیرین خەوە
چیاکانیش بێ وەنەوزێ نیگابانى شار ئەکێشن
کوچەو کۆڵان بەهێمنى بەرگى تەنیایى ئەپۆشن
درەختەکان ئێشک ئەگرن بەسەر جەستەى شەقامى تار
شەماڵ دەستى گەڵائەگرێ و بەیەک ئەگەن وەک دوودڵدار
کات درەنگەو سەرنج خەمى گەڕانەوەى دەم بەیانە
شەویش ئەڕواو عاشقێکى لانەواز و بێ جێژوانە
واسەحەرەو شیعرى ماندوو لەم دیمەنە ئەتوێتەوە
چاوەڕوانى ئاسۆى ڕوونە بەمژدەوە هەڵبێتەوە
بانگى بەیان پەیامێکە بەشەو ئەڵێ ڕۆژهاتەوە
خۆر بەخەندەو پێکەنینى سڵاو لەشار ئەکاتەوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
50-- خۆزگە
خۆزگە کاتێ هاتى بۆ لام دەرگاى دڵم داخستایە
بەدوا نیگاو خۆشەویستیت پێکەنینم بهاتایە
من نەمزانى وەک باڵندە تۆ گەرمیان و کوێستان ئەکەى
بەچوار وەرزم هۆگر نابى هەر ڕۆژێ بێ لەباڵ ئەدەى
بڕوام نەکرد ئەم عەشقەى تۆ ڕووبارێکى کۆچ لەبەر بێ
بەهارێکى بێ وەنەوشەو هاوینێکى بێ سەمەر بێ
خۆمن عاشقى پڕ شەونوێژى سەر بینایى چاوانت بووم
لەبەر ماڵى تەنیایدا دەستەو دۆعاى شەوانت بووم
سەردەمى زێڕ ئەوە نەبوو کە بەهەشتى ئەم دنیا بێ
تا سەرابى بیابانیش لەبەر چاوت وەک دەریا بێ
کە تۆ ڕۆشتى خونچەیەکت بەجێنەهێشت بۆ یادگارى
گوڵم بۆچى وەک با بردت بۆنى عەترى وەفادارى
---------- ----------- ----------- ------- ---------
51-- چاوەڕوانى
بۆ نەهاتى خۆ من عومرى چاوەڕوانیم هەر بۆتۆیە
بێ تۆ دڵم ئۆقرە ناگرێ و مناڵێکى سەرەڕۆیە
وامئەزانى کە ئەمڕۆ دێى ئەم حەزەمان تێکەڵ ئەکەین
ناسۆرى ئەم ماوەیەشمان بەدیدارێک لەناو ئەبەین
تاریک داهات منیش ئێستا بۆ یادێکت پەنا ئەبەم
لەگەرووما پیاڵەى خەمم بەهەنسکێک لەدڵ ئەدەم
هەر ئەڕۆم و ئەم مەغریبە لەتۆ دوورم ئەخاتەوە
هەستم کۆترێکى نازدارە لەشەقەى باڵ ئەداتەوە
هانا بەرم بۆ هەر گوڵێک یادێکى تۆ نیگابانە
پەنجەش بەرم بۆ هەر شیعرێ ئاودامانى خەم و ژانە
وشەکانیش بەبێدەنگى بۆ مەبەستم دێنە خوارێ
لەگەرووما قەتیسماون تەنیا بۆ تۆ دێنە زارێ
ئێستا ئەسرین ئەبارێنم دڵى ماتم لە تۆ زیزە
بەهارێکى بێ نێرگز و زریانێکى دەم پاییزە
هەرچەن سۆراغى تۆ ئەکەم من دڵنیام بێ سەمەرە
ڕوو ئەکەمە هەر جێگەیەک بۆ ئەم دڵە هەر کەسەرە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
52-- هەوارێ لە ئاگر
کەى بارانێک بۆ ئاگرى ئەم هەوارەى من دائەکا
مۆمى وڵات هەمووى سووتا کێ چراى هیوا هەڵئەکا
ئەستێرەیەک خامۆش کراو لە ڕەشماڵى شەویان ئاڵان
تفەنگ هات و خەوى زڕان شیرین خەوى برد بەتاڵان
ئاوازەکان وائەگرین و قەڵەمەکان دیل کراون
هەڵبەستەکان لەترسانا هەمووى بەقوڕ سواغ دراون
پەپوولەکان لە گوڵزاران کەچى گوڵیان لێ وەریوە
ئەمە خەمێکى زۆر سەختە کێ لە خەما خۆشى دیوە
کوڕان ئەڕۆن دایکى وڵات بەبێکەسى بەجێدێڵن
کچۆڵەکان بەسادەیى بۆ ڕێى غوربەت خەو دەبینن
دایکیش بەرەو قاپى ئاسمان دەستەو دۆعا ڕاوەستاوە
لە دوورەوە ڕەنگى دیارە لەتیشکى خۆر دابڕاوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
53-- سیحرى بەهار
ئێوارەیە و تاراى بەهار نەورۆز هەڵى ئەداتەوە
بۆ پێشوازى ساڵێکى نوێ دڵم ئاگر ئەکاتەوە
دواسەفەرى چرپەى بەفرە ئەتوێتەوە بەرەو ڕووبار
ئێوارەى سارد سەرى هەڵگرت لەتاو سیحرى نیگاى بەهار
سلێمانیش مەستى ڕەنگە کوچەو شەقام گشت چراخان
نێرگز بەدەستى گوڵەوە دێت و دەچێ بەرەو جێژوان
خۆ تۆ باخى پڕ ئاوێنەى خۆشەویستى ئەم دنیامى
لە کوآى گوڵم وا شەو داهات هەر تۆ چراى بێ نەوامى
ڕەنگ ئەبارێ بەسەر خاکى شەقامێکى سەر بەرەو ژوور
سیماى عەشق ئەفسانەیە لەڕووى مەستى خۆرى پڕ نور
دەریاى چاوم لە دووریتا وەکو ئاگر داگیرساوە
واهەستەکەم گڕى نەورۆز بۆ سووتانم داخراوە
ڕێگا وەکو ڕێى میحرابى سەر ئارامگاى عەشق وایە
چاوەڕوانم بۆ نەهاتى دەرگاى دڵم ئاوەڵایە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
54-- دڵى بەفر
تۆ ڕووبارى و منیش باران لەهەر کوێ بم لێت ون نابم
چاوەڕوانى ڕێت ئەکێشم وەک سێبەرى بن ساباتم
کاتێ لەگوڵ وردئەبمەوە جوانى لەتۆ وەرگرتووە
وەک نێرگزى پێش بەهارێ دڵى بەفرى سڕ کردووە
بەر لە چرپە گۆڕینەوە نیگا عەشقى گۆڕییەوە
هەر کە سەیرى یەکترمان کرد ناوى خەممان سڕییەوە
ڕەنگە دڵمان دوو کۆتر بن بۆ یەک ئاسمان لەباڵ بدەن
یا لێوانى پەپووولە بن کاتێ لێوى گوڵ ماچ ئەکەن
گەرچى دڵم وەک گژوگیاى سەربانى گڵ وشکەڵاتوو
نەک خەم نەما فرمێسکیشم بەیەکجارى بەساڵاچوو
ئاوێنەى ناو ژووورەکەشم وێنەى ڕووى تۆم نیشان ئەدا
هەرچى ڕەنگى دنیا هەیە لەڕەنگى تۆ سەردائەخا
---------- ----------- ----------- ------- ---------
55-- دەروازەى عەشق
کە دەرگاکەت ئەکردەوە، دەروازە بوو بۆ عەشقى من
منیش بەبەر چاوى تۆدا تێئەپەڕیم وەک باى شەرمن
لەجێى نامە گۆڕینەوە ڕازى دڵمان گۆڕییەوە
بەسەرنجى خۆشەویستیت غەریبیمت سڕییەوە
من لە شارێکى غوربەتا بەچاوى تۆ دنیام ئەدى
حەیفە گوڵم ماڵى دڵم ئێوارانێ تۆى تیا نەبى
گوڵم بۆچى ئەڵێى با کەس پێ نەزانێ بە ئەوینمان
ئەى نازانى گەڵاکانیش بوونە پەرژین لە مابەینمان
شەقامەکان باڵیان ڕاخست تا من و تۆ لێوەى ڕەت بین
تا لەم شارە جوانەى تۆدا تا دوا نەفەس بۆ یەک بژین
بەرگى سادەى نارنجى تۆ مانگەشەوى تەنیایمە
زەردەخەنەى سەر لێوى تۆ دڵنەوایى غەریبیمە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
56-- کەى دێیتەوە
کەى دێیتەوە هەتا خەمى دڵى ماتم هەڵوەرێنم
لەدەروازەى گەڕانەوەت پۆلێ چرا داگیرسێنم
ئێستاش یادى مناڵیمان لەم کۆڵانە چاوەڕوانە
وەک بەلەمى چارۆکەدار ئەستێرەیەک ناونیشانە
لە سەر هەموو شەقامێکا شوێن پێ کانت ئەناسمەوە
لە دەفتەرى یادگاریما هەر ناوى تۆ ئەنوسمەوە
ژوورم وەکو دەشتى سەحرا دەنگى کەسى لێوە نایە
تۆ ڕۆشتیت و من لێرەوە غەریبى وا لە دڵمایە
کەى دێیتەوە تا ئەمجارە وەک دووگەڵاى سەرپەل بژین
لە پاییزیش لەگەڵ یەکا بۆ ئەودنیا عەشق بەرین
چاوەڕوانیت بۆتە چرکەى کاتژمێرى ترپەى دڵم
هەر بە وەرزى گەڕانەوەت چرۆ ئەکا باخى گوڵم
---------- ----------- ----------- ------- ---------
57-- سەحراى دڵ
تۆ دیمەنى عەشقێکى نوێت لەسەر خاکى چاوما کێشا
ڕووبارێکى بەختەوەریت بۆ سەحراى دڵم ڕاکێشا
گەرچى منیش وەک درەختى بێسەمەرو بێ چرۆ بووم
لەنێو دەریا نەداریدا شەپۆلى تۆش ئەیدا لە ڕووم
خۆم ئەمزانى وەک فرمێسکم لەناو چاوما ئۆقرە ناگرى
کاتێ هەنسک میوانم بێت تۆش ئەڕۆیت و لێم دائەبڕى
کە تۆ ڕۆشتى خواستى دڵت وێنەو سیماى ڕووخسارم بوو
پاییزى من دادت نادا کە بەهارم لەگەڵ تۆ چوو
لەسەر ڕێگەى گەڕانەوەت ڕەنگ و شێوەم بوو بەباران
تۆ بڕوانە لە جێگەى خۆم هەورێ دەستى کردە گریان
ئیتر ڕەنگى خۆشەویستیم لە دیمەنى دڵت دەرکە
گوڵى یادت هەڵوەرێنە چونکە ژێرى هەمووى دڕکە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
58-- پەشیمانى
ئەو ڕۆژەى دێ پەشیمانى لەچاوى تۆ ڕەنگباتەوە
گێژەڵووکەى یادەکانم لەسەر ڕێتا هەڵکاتەوە
خۆشەویستى بەفرى سپیم ڕێگەى خەمى تۆى داپۆشى
هەر شەماڵى عەشقى من بوو تۆى ئەخستە لەرەى خۆشى
چۆن یادگاریم ئەسڕیتەوە کە ڕۆژ بەڕۆژ دەنگباتەوە
چۆن لەچاوتا ونم ئەکەیت کەلەناختا ڕەنگباتەوە
با پەنجەرەى ژوورەکەشت خۆرەتاوت بۆ ڕاکێشێ
من دڵنیام شەوانێکى بێ تروسکەت وا لە پێشێ
هەورى ڕێگەى گەڕانەوەت بۆ کوێستانم با ئەیهێنێ
ئەگەر پەڕى گوڵ نەبوایە شەونم لە کوێ خۆى بنوێنێ
ڕۆژێ دادێ لە جێى چرا یادەکانم هەڵکەیتەوە
بەسەر خاکى گەڕانەوەم وەکو باران داکەیتەوە
چۆن دەتوانیت لە بیرم کەیت یاد و شێوەم بسڕیتەوە
وەک خۆرنشین لەدواى کۆچم ڕووى سپێدەم هەڵدێتەوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
59-- دڵى تار
وەرە جارێ هاوڕێى گیانى ڕێگەى تارى خەماویم بە
تۆ سەرنجى پڕ فرمێسکى دەریاى چاوى تەماویم بە
من ئاسمانم بێ ساماڵەو هەورى سەرم بەگریانە
عومرم بەرەو ئاوابوونە لە ئێوارەى ئەم ژیانە
دڵم خامۆش کش و ماتە وەک خامۆشى ژوورێکى تار
لەم هەوارەى کەمن هەمە میوان نابێ وەرزى بەهار
نەگەڵایەک سێبەرێکى پڕ ئومێدم پێ ئەبەخشێ
نەڕەنگێکى ئەرخەوانى بەیەکجارى دامئەپۆشێ
ژینم وەکو لێوانێکە بادەى تاڵى ئەخۆمەوە
لەخەمیشا لام شیرینە دووبارە بۆى ئەڕۆمەوە
ئەو بارانەى کە ڕووى کێلى هەزارانى شۆردۆتەوە
ئێستا منى لە چاوى تۆ بەیەکجارى شاردۆتەوە
---------- ----------- ----------- ------- ---------
60-- پرسەى گەڵاکان
پرسە دانێن بۆ گەڵاکان جەستەیان خاک نەیشاردەوە
کزەى پاییز نازى کێشان بەدواهەناسەى ساردەوە
سەفەر بەرەو ئەو گەردوونەى تەنیا گەڵا ئەباتەوە
تا ئاوابوون خەمبارییەک باڵى ڕێگا ئەکاتەوە
سروودى عەشقى گەڵاکان ڕەشەبایەک ئاوازیەتى
تەمتومانى ئەم پاییزە هەڵوەرینێ گوڵنازیەتى
هەر تابوتى گەڵاکانەو لەسەر شانى ڕەشەبایە
دوا چیرۆکى هەڵوەرینیان لەنێو هەگبەى سەفەردایە
لەژێر تریفەى مانگەشەو پۆلێ گەڵا ئێشک ئەگرن
لە پێشوازى مەرگا پشکۆن بەڵام بۆ ژین ساردوسڕن
سەیرى بەهار لەوەدایە لەگەڵ خۆیا چرۆ دێنێ
لەجێى گەڵاى سەفەر کردوو با گەڵاى تر ئەشەکێنێ
---------- ----------- ----------- ------- ---------